كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 18-3-1904 نووسەری كورد شێخ محەمەدی خاڵ خاوەنی فەرهەنگی خاڵ لە شاری سلێمانی لەدایك بوو، ناوبرا لە 15ی ئەیلوولی 1989دا كۆچی دوایی كردووە.

 

- لە 18-3- 1947 لە چوارچێوەی شەڕی بەرگریكردن لە كۆماری کوردستان، داستانێكی تر تۆمار كرا، لەو داستانەدا سوپای کۆماری کوردستان و پێشمەرگە بارزانییەكان و ئەوانەی ببوونە پاڵپشتێكی مەزنی كۆمار لە چەندین نەبەردیدا پێشیان بە هێرش و پەلاماری هێزەكانی ئەرتەشی ئێران گرت، سەرجەم ئەو شەڕانەی كە لە رۆژێكی وەكوو ئەمڕۆی ئەو ساڵەدا قەومان، نەبەردییەكانی نەغەدە و شنۆ ناونراوەو بارزانی نەمر خۆی سەركردایەتیی كردووە. ئەو شەڕانە پاش زنجیرەیەك داستانی مەزن هات بە تایبەتی پاش ئەو زەبرە سەربازییانە هات كە لە شەڕەكانی "نەڵۆس و گۆجاڕ"دا پێشمەرگەكانی كۆمار لە هێزەكانی شای ئێرانیان دابوو.

  

- لە 18—3-1963 بەئامادەبوونی مستەفا بارزانی سەركردەی بزافی رزگاریخوازی كوردستان و بەشداریی نزیكەی دوو هەزار كەس كۆنفرانسی پارتی لە كۆیە ساز كرا، ئەو كۆنفرانسە چوار رۆژی خایاند و لە ڕۆژی 22ی هەمان مانگدا تەواو بوو، نوێنەرانی پارتی و لەشكری شۆڕشگێری كوردستان و ژمارەیەكی زۆرلە رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی كوردستان تێیدا بەشداربوون كەلە كۆتایی دانیشتنەكانیدا یاداشتنامەیەك بە حكوومەتی ناوەندی عێراق درا كە بڕیارەكانی كۆنفرانسی لەخۆ گرتبوو و دواتر شاندێك بە سەرۆكایەتیی جەلال تاڵەبانی رێك خرا و ئەو پرۆژەیەی لەگەڵ خۆیدا بردە بەغدا كەلە كۆنفرانسەكەدا دەنگی لەسەر درابوو و شاندەكە لە 30ی ئاداردا گەیشتە بەغدا لەوێ‌ شاندەكە لەگەڵ شاندێكی فەرمیی حكوومەتدا كەوتە وتوێژەوە، بەڵام كاتێك باس هاتە سەر سنوری ناوچەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی كوردستان ئاڵۆزی كەوتە ناو وتوێژەكان، چونكە رژیمی ئەوكات ئامادە نەبوو كەركووك و خانەقین و سنجار و زومار بخاتە ناوچەی ئۆتۆنۆمیییەوە،    

 

 - لە 18-3-1974 گفتوگۆكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی ئەوكاتی عێراق لەبارەی پرسی كەركوك كۆتایی هاتن و نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك.

 

- لە 18-3-1977 رادیۆی دەنگی ئەمریكا بڵاوی كردەوە كە كوردانی باشووری كوردستان داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردووە كە پاڵپشتییان بكەن و دان بە دۆزی رەوای گەلی كوردستاندا بنێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاندووە كە ئەوە كێشەی ناوەخۆی عێراق و پەیوەندیی بەوانەوە نییە.

 

- لە 18-3-1982 هێزەكانی ئێران لە ناوچەكانی شووش و دێزفول لە پارێزگای خووزستان بەرچەرچی هێزە عێراقییەكانیان دایەوە و ژمارەیەكی زۆری سەربازی عێراقی كوژران و ژمارەیەكی دیكەشیان دەستگیر كرد.

 

- لە 18-3-1993 ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان (پەرلەمانی کوردستان) یاسای وەزارەتی ناوخۆی دەركرد، ئەوەش یەكێك بوو لەو پرۆژە یاساییە گرنگانەی كە ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان دەری كردبوو، چونكە لە پاش ڕاپەڕینەوە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی شارە ئازادكراوەكانی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە چەمكێكی نوێ‌ هەبوو، هەر بۆیە دانانی یاسایەكی نوێ‌ بۆ وەزارەتی ناوخۆ یەكێك لەو ئەركە گرنگانە بوو كە ئەنجومەنی نیشتیمانیی كوردستان ئەنجامی دابوو بە مەبەستی سەرلەنوێ‌ بونیاتنانەوەی سیستەمی یاسای هەرێمی كوردستان بە جۆرێك لەگەڵ ئەو واقعە نوێیەدا بگونجێت كە لە پاش ئازاد بوونی هەرێمی كوردستان هاتبووە ئاراوە، یاساكە ژمارە نۆی ساڵی 1993ی هەڵگرتووە و لە دە ماددە پێك هاتووە.

 

- لە 18-3-1999 قادر دیلان هونەرمەندی ناسراوی کورد كۆچی دوای كرد، قادر دیلان لە مێژووی ئاوازو گۆرانی كوردیدا بە یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی ئاواز و گۆرانیی كوردی دادەنرێت و یەكێكە لەو هونەرمەندە داهێنەرانەی كە توانی شێوازێكی نوێ‌ بۆ دابەشكردن و دانانی ئاواز و گۆرانیی كوردی دابنێت، قادر دیلان ساڵی 1930 لە شاری سلێمانی هاتۆتە ژیانەوە لە ساڵی 1948ەوە تیپێكی مۆسیقای دامەزراندووە كە بۆتە بناغە بۆ تیپێكی تری زیاتر بەناوبانگ وساڵی 1952 ناوی كراوە بە تیپی مۆسیقای مەولەوی، لە نێوان سالانی 1953 و 1954 ئەو كاتەی لە كۆلیژی ئابووری لە بەغدا وەرگیراوە بۆ یەكەمین جار سەردانی بەشی كوردی ئێستگەی بەغدای كردووە و دوتر بۆتە سەرپەرشتیاری تیپەكە و لە ساڵی 1962ەوە چۆتە دەرەوەی وڵات و چوار ساڵ لە پراگی پایتەختی چیكۆسلۆڤاكییای جاران مۆسیقای خوێندووەو هەتا ئەو رۆژەی لە رۆژێكی وەكوو ئەمڕۆ كۆچی دوای كرد.

 

- لە 18-3-2009 لەسەر بانگهێشتێكی فەرمی، لە برۆكسل، خاڤێیر سۆلانا ڕێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرد و تێیدا سەرۆك بارزانی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی روونكردەوە و داوای پالپشتیی یەكێتی ئەوروروپای بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

 

- لە 18-3-2015 لە چوارچێوەی رزگاركردنی خاكی كوردستان لەدەستی تیرۆریستانی داعش، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان گوندەكانی "توێلعا و عەتشانە و عوزەیریە"ی لە ناحیەی داقووق رزگار كرد