كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 13-3-1947 لە سەردەمی كۆماری کوردستان پێشمەرگە بارزانییەكان كە بەشێكی گرنگی سوپای كۆماریان پێك هێنابوو، داستانی شەڕی گۆجاڕیان لە مێژوی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا تۆمار كرد، لەو داستانەدا پێشمەرگەكان زەبرێكی باشیان بەو هێزە هێرشبەرەی ئەرتەشی شای ئێران گەیاند كە دەیانویست هێرش بكەنە سەر ناوچە ئازادكراوەكانی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد.

 

- لە 13-3-1949 مستەفا بارزانی نەمر بە فەرمانی ستالین سەركردەی یەكێتیی سۆڤییەتی جاران لەگەڵ دوو هەڤاڵی‌ دیکەی لە شاری تاشقەندەوە بۆ شاری چەمبال لەسەر دەریاچەی ئۆراڵ دوور خرانەوە و لەوێ‌ دەستبەسەر كران، ئەوەش بۆخۆی دورخستنەوە و بە زۆر نیشتەجێكردنی ناچاری بوو، لەوەو دوا زۆربەی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر دەستەدەستە بۆ شوێنی جیاجیا دوور خرانەوە و خرانە ژێر چاودێریی توندەوە و لەناو ئەو كێڵگە كۆمەڵییانەدا خرانە كارەوە كە پێی دەوترا كۆڵخۆزەكان، لەوێش مامەڵەی زینداییان لەگەڵدا كراوە و نەیانهێڵاوە یەكتری ببینن و پەیوەندیی بە یەكترەوە بكەن و هەواڵی هەڤڵانی تریان بزانن و مامەڵەیەكی هەتا بڵێی دڕندانەیان لەگەڵدا كراوە، شیاوی باسە پاش زیاتر لە یانزە ساڵ ئاوارەی لە پاش شۆڕشی چواردەی تەمووزی 1958 بارزانیی نەمر و هەڤڵانی لەناو پێشوازییەكی گەرمی جەماوەردا بۆ عێراق گەڕانەوە.

  

- لە 13-3-1989  شاعیری كورد (دلشاد مەریوانی) دەستگیر كرا و لە رۆژی 31ی ئادار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراقی شەهید کرا. دلشاد مەریوانی، شاعیر و نووسەرێکی بوێری و شۆڕشگێڕ بوو و بەوە تۆمەتبار كرابوو كە قوتابیانی فێری پیتی لاتینی كردووە.

 

- لە 13-3-1991 لە چوارچێوەی ڕاپەڕینە مەزنەكەی ئاداری 1991 جەماوەری شاری زاخۆ و شێخان لە دەستی هێزەكانی رژێمی بەعسی رووخاوی عێراق ئازاد كران، زاخۆ راپەڕی و شارەكەیان لە دەیان ساڵ ژێردەستەیی و زۆرداری رزگار كرد، رزگاربوونی زاخۆ دیسان بۆ خۆی كەڵكێكی زۆری هەبوو, چونكە زاخۆ بە یەكێک لە دەروازە گرنگەكانی كوردستانی باشوور دادەنرێت بەڕووی جیهانی دەرەوەدا و ئەوەش بۆ خۆی سەركەوتنێكی تازەی جەماوەر و پێشمەرگە بوو، زاخۆ هەمیشە بە یەكێك لە مەڵبەندەكانی كوردایەتی و شۆڕش  و بەرخودانەكانی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دادەنرێت.

 

- لە 13-3-1994 پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) پێشنیاری ئاگربەستی بە توركیا كرد بە، مەرجێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێریی ئاگربەستەكە بكات.

 

- لە 13-3-2004 هێزە ئەمنییەكانی سووریا لە شاری قامیشلوو لە رۆژئاوای كوردستان و لە کاتی بە خاکپسپاردنی کەۆمەڵێک شەهیددا 14 كوردیان شەهید کرد و ژمارەیەكی دیكەشیان بریندار كرد، بەهۆی هێرش و نائارامییەكانی سووریا ژمارەیەكی یەكجار زۆری كوردانی رۆژئاوای كوردستان بەرەو باشووری كوردستان ئاوارە بوون. لە هەمان رۆژدا هێزەكانی سووریا گەڕەكە كوردنشینەكانی شاری دیمەشقیان گەمارۆ دا بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپیشاندانیان بكرێت كە لە خۆسازداندا بوون بۆ پشتگیری لە كوردانی قامیشلوو و ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای کوردستان.

 

- لە 13-3-2007 بە بانگهێشتی فەرمی سەرۆك بارزانی گەیشتە سعوودیە و لەگەڵ مەلیک عەبدوڵا شای ئەوکاتەی سعوودیە و بەرپرسانی دیكە كۆ بووەوە.

 

- لە 13-3-2014  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی شاری هەلەبجە كرد و دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بە پارێزگاربوونی شاری هەلەبجەی خوێندنەوە و دواتریش ئیمزای كرد بەوەش هەڵەبجە بوو بە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان.

 

- لە 13-3-2015 هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوك هێرشێكی بەربڵاویان بۆ رزگاركردنی ژمارەیەك گوندی سنووری كەركووك لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئەنجام دا. لە هێرشەكەدا پێشمەرگە توانی ژمارەیەك گوند لە نزیك شارەدێی تازەی خورماتوو و گوندی بەشیر رزگار بكەن.

 

- لە 13-3-2016 رۆژنامەی وۆردڤیو دیمانەیەكی سەرۆك بارزانیی بڵاو كردەوە و تێیدا سەرۆك بارزانی نامەیەكی راشكاوانەی ئاراستەی هەموو سەكردەكانی جیهان كرد و پێیانی راگەیاند كە كە سنوورە كۆنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست تەنها لەسەر كاغەز بوونیان ماوە و لەسەر ئەرزی واقیع هەقیقەتێكی دیكە هەیە و دەبێت ئەو هەقیقەتە لەبەرچاو بگێرێت، رۆژنامەكە سووربوونی سەرۆك بارزانی لەسەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان خستە ڕوو. سەرۆك بارزانی رایگەیاندبوو كە بەهۆی ئاژاوە و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەلافەتی ئیسلامی داعش لە ڕووبەرێكی بەرفراوانی سوریا و عێراقدا بوونی هەیە، ئێستا كاتێكی باشە كە دووبارە چاو بە سنووری ناوچەكەدا بگێڕێتەوە، بەڵام نەك وەك سەد ساڵ پێش ئێستا كاتێك بەریتانیا و فەرەنسا ئەم ناوچەیەیان دابەش كرد و پرسیان بە كەس نەكرد، دەبێت ئەمجارە سەركردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشێك بن لەم پرۆژەیە.