ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 12-3-1921 كۆنگرەی قاهیرە بە ئامادەبوونی نوێنەری 40 وڵات دەستی بەكارەكانی كرد و تێیدا بڕیار درا كە ژمارەی سەربازانی عێراق لە 15 هەزار كەس زیاتر نەبن . ئامانج لەو كۆنگرەیە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی هەر سێ‌ ویلایەتی مووسڵ و بەسرە و بەغدا بوو، كاربەدەستانی بەریتانیا لەو بارەوە دوو بیروڕای جیاوازیان هەبوو، لەلایەك (سێر پێرسی كۆكس) و(میس بیڵ) و (بێڵ گۆرتۆ)،  پێیان باش بوو كوردستان بخرێتە سەر عێراق، (ونستۆن چەرچڵ)ی وەزیری ئەوسای كۆلۆنیاڵ كراوەكانی بەریتانیا داوای دەكرد كوردستان بكرێتە قەوارەیەكی سەربەخۆ تا لە نێوان عێراق و توركیای ئەوسادا ببێتە ناوبڕێك.

 

- لە 12-3-1971 لە توركیا كوودەتایەكی سەربازی لەدژی حكوومەتی سلێمان دێمرل كرا و "نوی نیهاد" بوو بە سەرۆك وەزیران و لە گوتەیەكدا رایگەیاند كە نابێت لە توركیا جگە لە نەتەوەی تورك هیچ نەتەوەیەكی دیكە هەبێت.

 

- لە 12-3-1985 هێزەكانی ئێران هێرشیان كردە سەر هۆڕ (زونگاو)ی حەوێزە لە باشووری عێراق و تا 18ی هەمان مانگ شەر بەردەوام بوو و لە ئەنجامدا هێزەكانی ئێران تووشی شكست هاتن و عێراق شەرەكەی بە تاجی شەرەكان ناوبرد

 

- لە 12-3-1991 خەڵكی ئاكرێ‌ ڕاپەڕین و جەماوەری ئەو شارە رەنگینە بە پشتیوانیی پێشمەرگەكانی بەرەی كوردستانی توانییان دەست بەسەر تەواوی دامودەزگا سەركوتكەرەكانی رژیمی لەناوچووی بەعسدا بگرن و خۆیان و شارەكەیان لە دەیان ساڵ ژێردەستەیی و چەوسانەوە و داپڵۆساندن رزگار بكەن ، هاوكات لە گەڵ ئازادبونی ئاكرێ‌دا ناحیەی  بەردەرەش و ناوچەیەكی بەرفراوانی دەوروبەری ئاكرێ‌ و مەخموور و قەراج و پردێ ئازاد كران و كەوتنە ژێر دەسەڵاتی خەڵکەوە.

 

- لە 12-3-1993 هێزەكانی سوپا دڕندەكەی رژیمی بەعسی لەناوچوو هێرشێكی نامرۆییانەیان كردە سەر گوندی عەوێنە و "شێخ شەروانی" دامێنی هەولێر، ئەو هێرشە زاڵمانەیە شەهیدكردنی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی سڤیل و بێتاوانی ئەو دوو گوندەی لێ‌ كەوتەوە كە زۆربەیان منداڵ و ژن و پیاوی بێ‌ چەك  بوون، ئەوەش یەكێكی‌تر بوو لەو هێرشە دوانەهاتووانەی كە رژیمی بەعس بە درێژایی دەیان ساڵ بوو دەیكردە سەر گوندە ئارامەكانی كوردستان و هەموو جارێك بە دەیان و سەدان هاووڵاتیی بێ‌تاوانیان شەهید كردووە بەبێ‌ ئەوەی هیچ گوناهێكیان هەبووبێت.

 

- لە 12-3-2004 لە شاری قامیشڵووی كوردستانی سوریادا هێرش كرایە سەر هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە رۆژێكی وەكوو ئەمڕۆی ئەو ساڵەدا و لە یەكەم رۆژی رووداوەكانی شاری قامیشڵوودا بە فەرمانی راستەوخۆی بەرپرسانی پارێزگای حەسەكە شەش هاەڵاتیی كورد شەهید بوون، سەرەتای ئەو رووداوانەش بەوەوە دەستی پێكرد كە جەماوەری دوو تیمی تۆپی پێی شارەكانی سووریا لەناو گۆڕەپانی شاری قامیشڵوو پێكیان دادا و هێزەكانی پۆلیسیش بوونە لایەنگرانی جەماوەری تیمی "فتوە" كەلە دێرەلزورەوە هاتبوون، رۆژێك دوای ئەو رووداوە و لەكاتی بەخاكسپاردنی تەرمی شەهیدانی قامیشڵوود لە گۆڕستانی "قودوربەگ" هێزەكانی ئەمن و پۆلیسی حکوومەتی سوریا كاروانی جەماوەریان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی‌تریش شەهید بوون و سەدانی تریش بریندار بوون، بەهۆی رووداوەكانی قامیشڵووەو بەمەبەستی پشتگیریكردن لە جەماوەری راپەریوی قامیشڵوو كوردەكان لە هەموو شارەكانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان بە خۆنیشاندانی ئاشتیانە كرد و دانیشتوانی دیریك و عەفرین و كوبانی رژانە شەقامەكان.

 

- لە 12-3-2015 لە سنووری كەركووك كۆمەڵگەی نەهرەوان و چەند گوندێكی دیكە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كران. كۆمەڵگەی نەهرەوان و ئەو گوندانەی كە ئازاد كران دەكەونە سەر رێگەی نێوان كەركووك و شارەدێی ڕەشاد.