كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 10-3-1220 هێزەكانی مەغۆل بە سەرۆكایەتیی چەنگیزخان شاری بو خارایان لە ئۆزبەکستان كۆنترۆڵ كرد و دوای كوشتن و دەركردنی خەڵكی، شارەكەیان سووتاند.

 

- لە 10-3-1914 مەلا سەلیمی زازا بەناوی كوردانی راپەڕیو، نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكی ئەرمەنییەكان لە "بەدلیس" كرد و تێیدا هەستی برایەتیی گەلی كوردی بۆ گەلی ئەرمەن نیشان دا.

 

- لە 10-3-1925 ناوچەكانی "سلیڤان، جوولەمێرگ، ئارگاوە" لەلایەن هێزەكانی شێخ سەعیدی پیرانەوە رزگار كران و حكوومەتی توركیاش داوای لە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد كە 10 ملیۆن لیرە بۆ دژایەتیكردنی شۆرڕشی شێخ سەعید تەرخان بكات.

 

- لە 10-3-1990 نیلسۆن ماندێلا، رێبەری كۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا، دوای 27 ساڵ زیندانی ئازاد كرا.

 

- لە 10-3-1991 راپەڕینی جەماوەری ئازادیخوزای باشووری کوردستان، گەیتشە هاوینەهەواری پیرمام و دەشتی كۆیە و شارۆچكەكانی تەقتەق و كفری و دەربەندیخان رزگار كران، تەواوی ئەو ناوچە و شارۆچكە و ئۆردوگایانەی سەر رێگای كۆیە و هەولێر و كۆیە سلێمانی، هەروەها كۆمەڵگەكانی باسرمە و چۆمان و حاجی ئۆمەران و رواندوز و مێرگەسوور و دیانا و خەلیفانیش لە دەزگا تۆقێنەرەكانی رژیمی بەعس پاك كرانەوە.

 

- لە 10-3-1992 فرانسوا میتران سەرۆكی فرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ‌ لە پاریسی پایتەختی ئەو ولاتە پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرد، پرسی رەوای گەلی كوردستانی عێراق و بارودۆخی هەرێمە ئازادەكەی كوردستان و ئەو زوڵمە مێژووییەی لە كورد كراوە و ئاسۆی بەرەوپێشچوونی دۆزی رەوای گەلانی چەوساوە و ئازادیخواز لە باسە سەرەكییەكانی دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و فرانسوا میترانی سەرۆكی فەرەنسا بوو، فرانسوا میتران دیارترین سەركردەی سۆسیالیستەكانی فەرەنسا بوو كە سۆز و رێزێكی زۆری بۆ دۆزی رەوای كورد هەبوو، بە دۆستێكی نزیكی گەلەكەمان لە ئەورووپا دادەنرێت و لە ساتەوختە دژوارەكانی مێژووی گەلەكەماندا هەڵوێستی راستگۆیانەی نواندووە، دانیال میترانی هاوسەریشی بە هەمان شێوە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردە و هەموو كاتێك لە ئازارەكانی گەلی كوردستانەوە نزیك بووە، گەلی كوردستانیش رێزیان لەو سیاسەتمەدارە ناودارەی جیهان داناوە و چوارڕێیانێكی سەرەكی شاری هەولێر بە ناوی فرانسوا میترانەوە ناو نراوە.

 

- لە 10-3-2015 لە درێژەی رزگاركردنی گوندەكانی دەوروبەری شاری كەركووك لە دەست تیرۆریستانی داعش، بە هاوئاهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك سێ‌ گوندی سەر بە شارەدێی مولتەقا رزگار كران. لەو هێرشەدا تیرۆریستان ئۆتومبێلێكی بۆمبرێژكراویان بە هێزەكانی پۆلیسی قەزا و ناحیەكاندا تەقاندەوە، لە ئاكامدا عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوك و هەشت پۆلیس بریندار بوون.