ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 8-3-1228 میرنشینی ئەردەڵان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن بابا ئەردەلانەوە دامەزرا و كەركووكیشی لەخۆ گرت و تا رۆژی 27-5-1865 بەردەوام بوو. پایتەختی ئەو میرنشینە دوای شارەزوور، شاری سنە بووە.

 

- لە 8-3-1908 ئافرەتە كرێكارەكانی شاری شیكاگۆی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەمەبەستی پاراستنی مافە رەواكانی خۆیان، زنجیرەیەك خۆپیشاندان و مانگرتنیان دەست پێ‌ كرد كە دەسەڵاتدارانی شارەكە زۆر بە توندی دژیان وەستانەوە و بۆ كپكردنەوەیان زەبروزەنگیان لەدژی ئافرتە سڤیلەكان بەكار هێنا و لە ئەنجامدا چەندین ئافرەتی كرێكاری بێ‌تاوان بوونە قووربانی، ساڵی 1910ش بڕیار درا ئەو رۆژە بكرێتە رۆژێكی جیهانی بۆ ئافرەتان و لە رۆژی 8-3-1977 كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 8ی ئاداری بە رۆژی جیهانیی ئافرەتان دەستنیشان كرد.

 

- لە 8-3-1921 كوردانی هەرێمی "قۆجگیری"ی سەر بە پارێزگای "سێواس" لە باکووری کوردستان، پەیوەندییان بە شۆڕشی كوردەوە كرد و بە هاوكاریی شەڕڤانانی دێرسم و عەشیرەتی "ئۆڤاچیك توانیان هێزەكانی توركیا لە ناوچەكە وەردەر بنێن"

 

- لە 8-3-1923 رۆژنامەی (بانگی حەق) لە ئەشكەوتی جاسەنە لە دەڤەری سوورداش لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن "شێخ مەحموود"ەوە دەرچوو و تەنیا سێ ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە كە ژمارەی كۆتایی لە رۆژی 12ی نیسانی هەمان ساڵ لە پارێزگای سلێمانی بڵاو كرایەوە.

 

- لە 8-3-1959 عەبدولكەریم قاسم، یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق، كوودەتای عەقید عەبدولوەهاب شەواف كە بە بزووتنەوەی "شەواف" ناسرابوو، لە شاری سلێمانی سەركوت كرد و بزووتنەوەكەش تەنیا 24 كاتژمێر بەردەوام بوو.

 

- لە 8-3-1974 ئیدریس بارزانی، یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی بەغدای كرد و سەر لە ئێوارەی هەمان رۆژ بۆ ماوەی دوو كاتژمێر لەگەڵ سەدام حوسێن كۆبووەوە و باسیان لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئادار كرد، بەڵام سەدام حوسێن رایگەیاند كە رۆژی 9ی هەمان مانگ كۆنگرەی بەعسییەكان دەبەسترێت و بە تەواوی وەڵامی داواكارییەكانی كورد دەدەنەوە.

 

- لە 8-3-1975 رژێمی ڕووخای بەعس هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کوردستان، بانگەشەی ئەوەی بڵاو كردەوە كە شۆڕشی کورد هەرەسی هێناوە و ویستی لەو رێگەیەوە ورەی خەڵكی برووخێنێت.

 

- لە 8-3-1991 لە چوارچێوەی بەرخودانی ئاداری ئەو ساڵەدا و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا جەماوەری شاری هەڵەبجەی شەهید و شارۆچكەی عەربەت و چەمچەماڵ و ناوچەی زەڕایەن لەدژی  دەسەڵات و دامودەزگا سەربازییەكانی ئەوكاتی حكوومەتی ناوەندی راپەڕین و پاش ساڵانێكی زۆر لە چەوسانەوە و داپڵۆسین و ژێردەستەیی ئازاد و سەرفراز بوون ئەو ناوچانە دەكەونە خۆرهەڵات و باشووری شاری سلێمانی و رزگاركردنی ئەو ناوچانە كە بە ناوچەی شارەزوور ناسراوە، گوڕوتینێكی زۆری بەراپەڕین دا.

 

لە 8-3-2004 دەستووری كاتیی عێراق دوای دانوستانێكی زۆر، لەلایەن 25 ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی عێراقەوە ئیمزا كرا كە توركیا زۆر بە توندی رەخنەی لێگرت و نیگەرانیی خۆی نیشان دا و لە كەركووكیش خۆپیشاندان كرا و بەو هۆیەوە ئافرەتێكی عەرەب و دوو توركمان كوژران.

 

لە 8-3-2016 بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ناوچە ئازادكراوەكان لە دەستی داعش، كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەل كونسوڵان و دیبلۆماتكاران و نوینەرانی وڵاتانی بیانی و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە. ئامانج لە كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە خستنەڕووی بارودۆخی ئەوكاتی شنگال و پێداویستییە هەنووكەیی و درێژخایەنەكانی ئەو شارە و گەیاندنی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەشداریكردنی وڵاتان لە پرۆسەی بونیادنانەوە و گێڕانەوەی ژیان بۆ شنگال و ناوچە تازە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی داعش.