ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 7-3-1921 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داوای ئینگلیز و بە پاڵپشتیی نامەی گێرترۆد بێل سكرتێری پێرسی كۆكس، داوای لە ئینگلیز كرد كە باشووری كوردستان (ویلایەتی مووسڵ) بە عێراقەوە بلكێندرێت.

 

- لە 7-3-1925 دوو  هەفتە بەرلە كاتی دەستپێكردنی شۆڕش، كە بڕیار بوو رۆژی 21ی ئادار ئەنجام درابا، شۆڕشی كوردی لە توركیا بە سەرۆكایەتیی شێخ سەعیدی پیران سەریهەڵدا و بووە هۆی كوشتنی 50 هەزار سەربازی تورك.

 

- لە 7-3-1942 لە چوارچێوەی شەڕی دووەمی جیهانیدا هێزەكانی بەریتانیا دەستیان بەسەر ئەسیۆبیادا گرت.

 

- لە 7-3-1975 بۆ لەناوبردنی شۆرشی كورد، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بە چڕی ناوچەكانی چۆمان و گەڵاڵە  و ناپردانیان بۆردومان كرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیلی ناوچەكە شەهید بوون. هەرچەندە ئەو ناوچانە جێی بارەگای سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوون، بەڵام ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی كوردستانیش لە هەموو لایەكە و روویان لەو ناوچانە كردبوو، لەو قۆناغەدا كە رۆژێك پاش ئیمزاكردنی رێكکەوتنامەی جەزایر بوو، ستراتیژیی رژیمی بەعس قەتلوعامكردنی گەلی كوردستان و لەناوبردنێكی جەماعی پێشمەرگە بوو، گوشارێكی قورسیش بوو بۆ سەر شۆڕشی كوردستان.

 

- لە 7-3-1986 ئیدریس بارزانی و جەلال تالەبانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوە و ئاشتەوایی گشتییان ئیمزا كرد.

 

- لە 7-3-1991 لە چوارچێوەی بەرخودانی پیرۆزدا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕین و ئاگری رقی چەند ساڵەیان بەسەر ئەو دەزگایانەدا داباران كە چەندین ساڵ بوو بە ئاگرو ئاسن رۆڵە بەجەرگەكانی ئەو شارەیان سەركوت دەكرد، لەو رۆژەدا شاری هەڵمەت و قوربانی راپەڕی و هەر لە بەیانییەكی زووەوە دەستەدەستە جەماوەری خۆڕاگر لە یەكتری نزیك دەبوونەوە و نەخشەیان بۆ هەڵمەت بردنەسەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكان دادەڕشت و هەروەكو هەموو جارانی تر سلێمانی هەر تەنیا چریسكەیەكی بەس بوو ئیتر ڕاپەڕینێك بەرپا بوو كە تۆڵەی دەیان و سەدان ساڵ ژێردەستەیی و چەوساندنەوەی رۆڵەكانی گەلەكەمانی لە رژیمی لە ناوچووی بەعس سەندەوە، تا نیوەڕۆی ئەو رۆژە زۆربەی دەزگا سەربازی و داپڵۆسێنەر و تۆقێنەرەكانی بەعسی لەناوچوو كەوتنە دەستی جەماوەرو تا ئێوارە سلێمانی ئازاد كرا و پاك كرایەوە، تەنیا بینای ئەمنی سلێمانی مایەوە كە رزگاربوونی كەوتە رۆژی دواتر، بەڵام لەو رۆژە پیرۆزانەدا هیچ شتێك لەبەردەم رقی جەماوەردا خۆی نەدەگرت هەرچەندە سەرلە ئێوارە چەند كۆپتەرێك لە سنوری شارەكە نزیك كەوتنەوە، بەڵام لەبەر بەرگریی پێشمەرگە و جەماوەر نەیانتوانی بێنە سەر شارەكە و گەڕانەوە بۆ رۆژی دواتر پێشمەرگەو جەماوەر لە چەند ساتێكی كەمدا دوا قەلای زۆرداری ناو شاری سلێمانیان پاك كردەوە، كە ئەمنە سوورەكە بوو، ئەو ئەمنە سوورەی دواتر بووە نیشانەیەك بۆ زوڵم و فاشێتی رژیمی بەعسی لەناو چوو.

 

- لە 7-3-1996 دادگای توركیا رۆماننووسی بەناوبانگی كوردی توورکینووس یەشار كەمال، بە 20 مانگ زیندانیكردن بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی وتارێك لەژێر ناوی (هەوری رەش) لەدژی دەولەتی توركیا، سزا درا.

 

- لە 7-3-2010 بەمەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ هاووڵاتییانی عێراقی بۆ دووەمین جار لە دوای نەمانی رژێمی سەدام حوسێن روو لە سەندووقەكانی دەنگدان دەكەن.

 

- لە 7-3-2015 لە سنووری شارۆچكەی داقووق هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕووی هێرشێكی بەربڵاوی تیرۆریستانی داعش بوونەوە و ژمارەیەك تیرۆریستیشیان كوشت. فەرماندەكانی پێشمەرگە رایانگەیاند كە لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشی تیرۆریستان، توانیویان گوندی عەدنان كەمال لە دەستی داعش رزگار بكەن.

 

- لە 7-3-2017 لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی پێشوازی لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی و شاندێكی یاوەری كرد و باسیان دوایین پێشڤەچوونە مەیدانییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری مووسڵ كرا و هەردوولا پیرۆزبایی سەركەوتنە سەربازییەكانی دژی داعشیان لە یەكتر كرد و پێزانینیان هەبوو بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراقی و جەختیش لە پتەوتركردنی ئەو هەماهەنگییە كرا لەپێناو مسۆگەركردنی سەقامگیری و ڕووبەڕوو بوونەوەی شێوازەكانی دیكەی تیرۆر لە دوای تێكشكاندنی داعش.