ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 6-3-1799 ناپلیۆن بۆناپارت لە هێرشدا توانی شاری یوفا لە فەلەستین كۆنترۆل بكات و دەسەڵاتی خۆی بەسەریدا سەپاند.

 

- لە 6-3-1962 پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە حیزبە سیاسییەكانی عێراق كرد كە بەرەیەكی میللی بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەبدولكەریم قاسم دروست بكەن، بەڵام ئەو داوایە هیچ ئەنجامێكی نەبوو.

 

- لە 6-3-1975 بەمەبەستی دەورەدانی  شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و كۆتاییهێنان بە خەباتی رزگاریخوازی كورد لە كوردستانی باشوور، رژیمی بەعسی لەناوچوو لەگەڵ حكوومەتی حەمەڕەزاشای ئێران بە سەرپەرشتی حكوومەتی جەزاییر رێكکەوتنامەیەكیان ئیمزا كرد، كە دواتر بە رێكکەوتنامەی جەزاییر ناسرا، كە دەورەدانی شۆڕشی كوردستان و سستكردنی بزافە رزگاریخوازەكەی لە خاڵە هەرە سەرەكییەكانی بوو، بە گوێرەی ئەو ڕێكکەوتنامەیە رژیمی بەعس دەستی لە نیوەی شەتولعەرەب هەڵگرت بۆ ئێران، لە بەرانبەردا تاران هاریكاریی تەواوی رژیمی بەعس بكات لە دەورەدان و گەمارۆدانی شۆڕشی كوردستان بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر، هەروەكوو لە دەقی رێكکەوتنامەكەدا دووپات لە گرتنبەری رێوشوێنی ئەمنی كراوەتەوە بۆ ئەو مەبەستە، رێكکەوتنامەی جەزاییر بە یەكێك لە گەلەكۆمەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەژمێردرێت لە دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان.

 

- لە 6-3-1991 لە درێژەی ڕاپەڕینی مەزنی ساڵی 1991ی خەڵکی باشووری کوردستان، جەماوەری شارۆچكەکانی "بازیان، تەیناڵ، باینجان، ئەللایی، گۆپاڵە" و ناوچەكانی دۆڵی بازیان لەدژی دامودەزگاكانی رژێمی بەعسی ڕووخاوی عێراق راپەڕین و جەماوەر و پێشمەرگە شارۆچكەی بازیانیان رزگار كرد. راپەڕین لە ماوەیەكی كەمدا كۆتایی بە دەیان ساڵ لە ژێردەستەیی و چەوسانەوە هێنا و دەسەڵات كەوتە دەستی گەلەوە، رزگاركردنی ناوچەی بازیان پاش ئەوە هات كە رۆژێك پێشتر رانیە و دەوروبەری رزگار كرابوون، بەرزگاركردنی بازیان ئیتر شاری سلێمانی و دەوروبەری لە ناوچەكانی تری ژێر دەسەلاتی رژیمی سەدامی دیكتاتۆر داپچڕا، ئەوەش رێگەی بۆ بەرخودانی شاری سلێمانی خۆش كرد. 

 

- لە 6-3-1991 بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی رژێمی بەعسی عێراقی لە پارێزگای دهۆك لە نووسراوی ژمارە 48دا داوای كرد كە هەر كاتێك ڕاپەڕین كرا لە شارەكەدا، 95%ی بەشداربوان بكوژرێن و تەنیا 5% بەشداربوان بۆ وەرگرتنی زانیاری لێیان بهێڵنەوە.

 

- لە 6-3-1993 بۆ یەكەمین جار لە هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی ئاشووری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرایەوە.

  

لە 6-3-2014 روفاتی 93 ئەنفالكراوی بارزانی لە شاری هەولێرەوە گەیەنرانەوە بۆ بارزان و بە بەشداریی سەرۆك بارزانی و ژمارەیەكی زۆری كەسوكاری ئەنفالكراوان، رێوڕەسمێكی شایشتە بۆ بە خاكسپاردنی روفاتی ئەنفالكراوان بەڕێوە چوو و لە گۆرستانی ئەنفالی بارزانییەكان بە خاك سپێردران. هەر لەو رۆژەدا و لە شاری هەولێر لە كاتی پێشوازیكردنی روفاتی ئەنفالكراوانی بارزانی سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی خەلكی سەماوەی كرد كە هاوكاریی هێنانەوەی ئەو روفاتانەیان كردبوو.

 

لە 6-3-2015  سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا داوای لە كوردستانیانی ناوخۆ و دەرەوە و كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوەكانی خێرخوازی و خێرومەندان كرد كە ئەوەی لە دەستیان دێت بیكەن بۆ هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێ. سەرۆك بارزانی راشیگەیاند كە لە سایەی خۆڕاگری و قارەمانی شەڕڤانان و هێزەكانی پێشتیوانی پێشمەرگە كۆبانێ بە خۆڕاگری مایەوە و نەكەوت و تیرۆریستانی داگیركار تووشی شكستێكی گەورەهاتن وكۆبانێ سەركەوت. لە دوای بانگەوازی سەرۆك بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەك قۆناغی سەرەتایی بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێ تەرخان كرد.

 

لە 6-3-2017 دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە نامەیەكدا بۆ سەرۆک بارزانی، سەرۆكی ئەوکاتی هەرێمی كوردستان، جەختی لەسەر هاوكاری و شەراكەتی نێوان هەردوولا كردەوە و ڕایگەیاندووە كە بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بین. لەو نامەیەدا، سەرۆكی ئەمریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد كە لەكاتی هەڵبژاردنیدا وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نامەی پیرۆزبایی ناردووە و تەئكیدی كردۆتەوە كە ئەگەرچی تەحەدیاتی زۆر لەڕێگاماندا هەن، بەڵام بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بین و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان بپارێزین و ئاشتی و سەقامگیری بەدی بێنین.