ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 3-3-1878 بۆلگاریا سەربەخۆیی خۆی لە ئیمپراتۆریی عوسمانی راگەیاند و لە هەمان كاتدا پەیمانی سان ستیڤانۆ لە نێوان ڕووسیا و دەوڵەتی عوسمانیدا واژۆ كرا و بەمەش شەڕ لە نێوان هەردوولا كۆتایی هات و بڕیار درا كە ریفۆرمێك بە شێوەی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەرمەنەكان ساز بكرێت.

 

- لە 3-3-1923 شێخ مەحمودی حەفید لە شاری سلێمانی بەرەو ئەشكەوتی جاسەنە لە دەڤەری سوورداش کۆچی کرد و قۆناغی دووەمی حكوومەتی شێخ مەحمودیش هەڵوەشایەوە.

 

لە 3-3-1924 خەلافەتی ئیسلامی (ئیمپراتۆریی عوسمانی) لە تورکیا لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتورك دوای 1400 ساڵ بە شێوەیەكی فەرمی كۆتایی پێهات و دوایین خەلیفەی عوسمانی سولتان عەبدولمەجیدی دووەم و بنەماڵەکەی نەفی كرانە دەرەوەی وڵات. هەر لەو رۆژەدا زمانی كوردی قەدەغە كرا و هەموو خوێندنگەكانی كوردی لە باكووری كوردستان داخران.

 

- لە 3-3-1938 بۆ یەكەمین جار نەوت لە سعوودیە دۆزرایەوە.

 

- لە 3-3-1939 مەهاتما گاندی لە مۆمبای لەپێناو سەربەخۆیی هیندستان دەست دەکاتە مانگرتن لە خواردن و بە ڕۆژوو دەبێت و ئەمەش وەك پشتگیری و بەرگرییەك بوو لە یەكێتی سەربەخۆیی هیندستا، هەروەها لەدژی داگیركاریی بەریتانیا.

 

- لە 3-3-1943 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، گۆڤاری رۆژا نوو بڵاو كرایەوە، كە دكتۆر كامەران بەدرخان بەڕێوەبەر و سەرپەرشتی دەرچوونی ئەو گۆڤارەی كردووە، كامەران بەدرخان یەكێكە لەو رۆشنبیرانەی ماڵباتی بەدرخانییەكان، كە لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبییری كوردیدا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، كامەران بەدرخان لە 21ی ئاگوستی 1895 لە باژێڕی ئیستەنبووڵ هاتۆتە ژیانەوە، لە ئەڵمانیا دكتۆرای لە یاسادا بەدەست هێناوە لە نێوان ساڵانی 1941و 1943دا لەگەڵ میر جەلادەتی برایدا، لە شاری دیمەشقدا گۆڤاری هاوار و ڕووناهی دەركردووە.

 

- لە 3-3-1956 نووری ئەلسەعید بوو بە سەرۆكوەزیرانی عێراق.

 

- لە 3-3-1959 شێخ سەلامی شاعیری نیشتمانپەروەری كورد كۆچی دوایی كرد، سەلامی شاعیر یەكێكە لەو شاعیرە بڵندپایانەی كورد كە هەمیشە شیعر و سروودەكانی لە  سەرزاری خەڵک بووە، شیعر لای شێخ سەلامی شاعیر ئامرازێك بووە بۆ دەربڕینی هەستی كوردایەتی و نیشتیمان پەروەری، هەرچەندە ئەو ئەندامی ماڵباتێكی خۆشگوزەران بووە، بەلام لە شیعرەكانیدا گوزارشتی لە ئازارو خەمەكانی چینی هەژاران كردووە، لە سەردەمی دەسەلاتدارێتی شێخ مەحموودی حەفیدا و لە ژیانی سیاسی و دیبلۆماسیەتدا شێخ سەلام رۆڵی هەبووە، شێخ سەلامی شاعیر ساڵی 1892 لە دێی "عازەبان"ی سەر بە دەربەندیخان لەدایک بووە.

 

- لە 3-3-2011 سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا داوای لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بە زووترین كات ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن، هەروەها داواشی لە پەرلەمانی كوردستان كرد كە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ بكات.

 

- لە 3-3-2015 هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی كەسكێ‌ لە رۆژئاوای زوممار هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند و ژمارەیەك تیرۆریستیشیان كوشت. فەرماندەكانی پێشمەرگە رایانگەیاند كە چەكدارانی تیرۆریستی داعش لە دوو قۆڵەوە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری كەسكێ لە رۆژئاوای زوممار و لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بە توندی تێكشكێندران و تووشی زیانی گەورە هاتن و ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستی داعش كوژراون.

 

- لە 3-3-2016 سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پشتیگریی خۆی بۆ بیرۆكەی پێكەوەنانی سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا راگەیاند و داواشی لە لایەنە كوردییەكانی سووریا كرد یەكهەڵوێست بن. لەو بارەیەوە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە سەبارەت بە ئاییندەی سووریا و بۆ بەرقەراربونی سەقامگیری و دروستبوونی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لەنێوان پێكهاتە جیاجیاكانی سووریا، هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە بیرۆكەی پێكەوەنانی سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا دەكات. بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە لایەنە كوردییەكانی سووریا دەكەین كە یەك هەڵوێست بن و بە وتارێكی هاوبەشی سیاسی پێداگری لەسەر داواكاری بۆ سیستەمی فیدڕاڵی لە ئاییندەی سووریادا بكەن.