ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 28-2-1923 دوای هەڕەشەكانی بەریتانیا، سمكۆی شكاك ڕێبەری نەتەوەیی بزووینەوەی كورد كۆتایی بە گەیشتەكەی بۆ شاری سلێمانی هێنا و گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

 

- لە 28-2-1925 شۆڕشگێڕانی كورد لە باكووری كوردستان ناوچەكانی "لجێ و خانێ"یان رزگار كرد و هێزەكانی ساڵح بەگ، حاجی حەسەن عومەر، هۆزەكانی "مستیان و بۆتان" لە باشووری "چاپاقچۆر" و ژمارەیەك سەربازی شێخ شەمسەدین لە دەورووبەری ئامەد پەیوەندییان بە ریزەكانی شۆڕشەوە كرد و ژمارەی شەڕڤانانی كورد گەیشتە 20 هەزار كەس.

 

- لە 28-2-1952 مزاحم ماهر بوو بە پارێزگاری سلێمانی.

 

- لە 28-2-1854 پارتی دیموكراتی ئەمریكا دامەزرا.

 

- لە 28-2-1958 یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی پێشكەوتن بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی لە شاری بەغدا بڵاو كرایەوە.

 

- لە 28-2-1964 بارزانیی نەمر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە قەڵادزێ دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی ناوەندیی عێراق مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی كوردستان دەستەبەر بكات. بارزانیی نەمر ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە ئەگەر دەسەڵاتدارانی حكوومەتی بەغدا ئامادە نەبن دان بە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی کورددا بنێن، ئەوا ئیمكانی ئەوە هەیە سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنێت. ئەو لێدوانەی بارزانیی نەمر لەناو گەرمەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بوو چەند هەفتەیەكیش پاش روودانی كوودەتای هەشتی شوباتی بەغدا بووە، كە ئەوكات لە نێوان شۆڕشی كوردستان و دەسەڵاتدارانی نوێی بەغدادا ئاگربەست هەبووە.

 

- لە 28-2-1975 سامی عەبدولڕەحمان بە نوێنەرانی بارزانیی نەمر لە قاهیرە لەگەڵ ئەنوەر سادات كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ئەنوەر سادات سامی عەبدولڕەحمانی ئاگادار كردەوە كە ڕێككەوتنێك لەدژی دۆزی كورد لە نێوان بەغدا و تاران لە جەزائیر ئیمزا دەكرێت.

 

- لە 28-2-1991 هێزەكانی هاوپەیمانان كوێتیان لە دەستی سوپای عێراق رزگار كرد و ڕێككەوتنامەی (سەفوان) لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراق ئیمزا كرا و بەوەش شەڕی دووەمی كەنداو كۆتایی هات.

 

لە 28-2-2008 ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی عێراق ڕیاری لەسێدارەدانی تاوانبار عەلی كیمیایی (عەلی حەسەن مەجید) كە تۆمەتبار كرابوو بە كوشتن و قڕكردن و ئەنفالكردنی گەلی كوردستان، پەسەند كرد.

 

لە 28-2-2011 دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.

 

- لە 28-2-2015 تیرۆریستانی داعش لە شنگال لە چوار میحوەرەوە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و داعش تووشی شكستێكی گەورە بوو. لە ئەنجامی تێكشكانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە؛ زیاتر لە 35 تیرۆریستی داعش كوژران كە لە نێویاندا دوو گەورە تیرۆریست بە پلەی ئەمیر هەبوو.