كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 25-2-1906 نووسەر و شاعیری كورد مەلا محەمەد مەلا عوسمان ناسراو بە (مەحوی) لە شاری سلێمانی لەدایك بوو.

 

- لە 25-2-1920 دێڤد لۆید جۆرج سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم ئەنجومەنی گشتی رایگەیاند كە گەلی كورد مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و لە مانگی ئاداری هەمان ساڵیشدا ئەمین عالی بەدرخان و ژمارەیەك كەسایەتی كورد سوپاسنامەیەكیان ئاراستەی حكوومەتی ئەوكاتی بەریتانیا كرد.

 

- لە 25-2-1949 میرێللا گەلێتی، نووسەر و دۆستی گەلی كورد كە چەندین پەرتوكی لەسەر دۆزی كورد نووسیوە، لە شاری پۆلۆنیای ئیتالیا لەدای كبوو، گەلێتی لە رۆژی 4ی ئەیلولی 2012 لە شاری رۆما كۆچی دوایی كرد.

 

- لە 25-2-1959 حكوومەتی عێراق لە چوارچێوەی بەخشین و نرخدان بە هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەی لە سەردەمی شۆڕشی بارزاندا شەهید ببوون، بڕیاری دا سەروەری بدرێتەوە بەو چوار ئەفسەرە نیشتیمانپەروەرەی كورد كەلە 19ی حوزەیرانی 1947دا بە نهێنی لەلایەن حکوومەتی ئەوکاتی عێراقەوە لە زینداندا لەسێدارە درابوون، ئەو چوار ئەفسەرە نیشتیمان پەروەرە شەهیدانی لە بیرنەچووی كوردستان "عیزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، خەیروڵا عەبدولكەریم و محەمەد مەحموود قودسی" بوون کە بەشداریی کۆماری کوردستانیان کرد.

 

- لە 25-2-1964 پاڵەوانی بۆكسی جیهانی (مست لێدان) كاسیۆس كلای كە پاشان بە مەحەمەد عەلی كلای ناسرا، لە میامی ئەمریكا و لە یارییەكدا توانی (چارڵزلیستۆن)، پاڵەوانی بەهێزی مست لێدان شكست بدات، سەرەڕای ئەو سەركەوتنە، بەڵام هەتا ئەوكاتەی كە محەمەد عەلی كلای لە رۆژی 6ی شوباتی 1967 لە پاڵەوانی مست لێدانی ئەمریكایی بە ناوی (ئەرتی ترڵ) نەبردەوە وەك پاڵەوانێكی جیهانی بۆكسین نەناسرا، لەو رۆژەوە ئیتر مەحەمەد عەلی كلای توانی وەك پاڵەوانێكی جیهانی رۆژ لە دوای رۆژ سەركەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنێت.

 

- لە 25-2-1984 لە کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران چەند ناوچەیەكی ئاكرێ، شێلادزێ و دێرەلوكیان بۆردومان كرد.

 

- لە 25-2-1991 عێراق بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە كوێت دەركرد.

 

- لە 25-2-2003 پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی داوای لە ئەمریكا كرد كە ڕێگە نەدات توركیا هێزەكانی بێنێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە.

 

لە 25-2-2015 هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆبانێ بە هاوەن و چەكی قورس بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشیان بۆردومان كرد و لەو چوارچێوەیەشدا كە لەو كاتەدا بەشێكی زۆری ناوچەكانی كۆبانێ لە دەستی داعش رزگار كرابوون، هاووڵاتییانی ناوچەكە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. پاش ئەو قۆناغەش هێزەكانی پێشمەرگە قۆناغ بە قۆناغ گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان.

 

 -لە 25-2-1543 و ئەمڕۆ میرشەرەفخانی بەدلیسی مێژونووسی ناوداری كورد و دانەری شەرەفنامە هاتووەتە ژیانەوە، شەرەفخانی بەدلیسی لە گوندی (گریهوودی) نزیك شاری قومی ئێران هاتووەتە ژیانەوە كاتێكیش میر شەمسەدینی باوكی كۆچی دوایی كردووە، شەرەفخان جێی باوكی گرتووەتەوە و لە تەمەنی سی ساڵیدا كراوەتە میری كوردان لە ئێران، دواتر كراوەتە والی ویلایەتی گیلان و ساڵی 1576یش شا ئیسماعیلی دووەم، شەرەفخانی كردووەتە یەكێك لە ئەندامانی ماڵباتەكەی خۆی و كردوویەتە والی ویلایەتی نەخجەوان لە ناوچەی قەوقاز، شەرەفخان ئەو كارەی بە دوورخستنەوەی خۆی زانیوە لە پایتەختی ئێرانەوە و لە دەرباری پادشای سەفەوییەوە. میر شەرەفخانی بەدلیسی لە ساڵی 1603 یان 1604 كۆچی دوای كردووە.