ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

لە 24-2-1923 دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە لە رادیۆی بەغداوە بڵاو كرایەوە، هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی كوردیی شێخ مەحمودی حەفیدیان ڕاگەیاند بە بیانووی ئەوەی كە شێخ لەدژی ئەو بەڵێنانە كاری كردووە كە بە بەریتانیای داوە، هەروەها داوایان لە شێخ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران كرا كە بچنە بەغدا بۆ خۆ رادەستكردن.

 

. لە 24-2-1924 مێجەرسۆن ئەفسەری ناسراوی بەریتانی كۆچی دوایی كرد، مێجەرسۆن یەكێك بوو لە ئەفسەرەكانی بەریتانیا كە بەمەبەستی لە نزیكەوە ناسینی كۆمەڵگەی كوردی لە مێژوییەكی زووەوە و بەرلە جەنگی یەكەمی جیهانی، بە نهێنی لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا داندرابوو، ئەو ئەفسەرە ماوەیەكی زۆر خۆی ناو نابووە (میرزا شیرازی) و دواتر كوردییەكی رەوان و پەتی فێر ببوو بە جۆرێك پاش ئەوەی ئینگلیزەكان عێراقیان گرت لە ساڵی 1918 یەكێك بووە لە نووسەرە سەرەكییەكانی رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی كە لەو ساڵەوە و بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ بەریتانیا لە شاری بەغدا بە زمانی كوردی دەرچووە.

 

24-2-1925 هێزەكانی شێخ سەعیدی پیران، شاری ئەلازیكیان لەژێر دەستی هێزەكانی كەمالیست رزگار كرد و هەر لەو رۆژەدا حكوومەتی توركیا حوكمی عورفی (یاسای نەنووسراو) لە كوردستان راگەیاند.

 

لە 24-2-1926 لە شاری سلێمانی كۆمەڵەی زانستیی كوردان دامەزرا، لە ئامانجە دیارەكانی ئەو كۆمەڵەیە پێشخستنی ئاستی خۆێندەواری و ڕۆشنبیریی كۆمەڵگەی كوردستان و نەهێشتنی نەخوێندەواری بووە، هەرلەو پێناوەدا كۆمەڵەكە قوتابخانەی زانستیی ئێوارانی كردووەتەوەوە و زەمینەی خۆش كردوە بۆ ئەو كەسانەی كە پێشتر نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانەوە. كۆمەڵەكە تا ساڵی 1938 لە خزمەتكردن بەردەوام بووە.

 

لە 24-2-1963 سەلام عادل سكرتێری پارتیی كۆمۆنیستی عێراق لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە لەسێدارە درا.

 

لە 24-2-1991، 30 وڵاتی جیهان پەلاماری زەمینییان بۆ سەر هێزەكانی عێراق لە كوەیت دەست پێ‌كرد، پاش ئەوەی لە 2ی ئابی 1990 عێراق كوەیتی گرت، ئەمریكا سەركردایەتیی هێزێكی نێودەوڵەتی كرد بۆ ئەوەی كوەیت رزگار بكات و و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بپارێزێت.

 

لە 24-2-1994 حكوومەتی سوریا بە فەرمی ناوی گوند و ئاواییەكانی رۆژئاوای كوردستانی گۆڕی بۆ ناوی عەرەبی و ئەوكات سوبحی حەربی پارێزگاری حەسەكە رایگەیاند كە تۆماركردنی ناوی دووكان و كارگەكان بەناوی كوردی پێچەوانەی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوەخۆی سووریایە.

 

لە 24-2-1920 ئەدۆلف هیتلەر حزبی نەتەوەیی سۆسیالیستی دامەزراند.

 

لە 24-2-1945 ئەحمەد ماهیر سەرۆكوەزیرانی میسر لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە تیرۆر كرا.