ژنێکی ئیماراتی بەهۆی ”زەبروزەنگ“ی خێزانەکەی، وڵاتەکەی بەجێ دەهێڵێت و داوای یارمەتی دەکات.
هیند بەلوکی، ژنێکی خەڵکی دوبەیە لە ئیمارات و وەک خۆی دەڵێ، دایکی چوار منداڵە و تووشی کێشە بووە لەگەڵ هاوسەرەکەی و هەوڵی جیابوونەوەی داوە.
هیند بەلوکی لەدوای ئەوەی ئیمارات و خێزانکەی بەجێ هێشت و رووی لە مەکدۆنیا کرد، گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمار کردووە و تێیدا داوای هاوکاریی و حەواندنەوە دەکات.
ئەو ژنە باس لەوە دەکات، کە ویستوویەتی لە هاوسەرەکەی جیابێتەوە، بەڵام باوک و براگەورەکەی رێگرییان لێ کردووە و توندوتیژییان بەرامبەر بەکار هێناوە.
عەفرا بەستی، بەڕێوەبەری دەزگای دوبەی بۆ چاودێریی ژنان و منداڵان رایگەیاندووە، کە دەسەڵاتدارانی ئیمارەتی دوبەی هەموو مافێکیان بۆ ژنان دابین کردووە و گوتویەتی، ”پارێزەرم بۆ کەیسی هیند بەلوکی دابین کردووە، بە مەبەستی شادکردنەوەی بە منداڵەکانی“.
پێشتریش کچێکی سعودی بە ناوی رەهەف ئەلقەنون لە 7-1-2019، بە گەشتێک لە کوێتەوە رووی کردە تایلاند و لەوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاند، بەهۆی زەبروزەنگی خێزانەکەی، نایەوێ بگەڕێتەوە و دەیەوێ وەک پەنابەرێک روو بکاتە ئوستڕالیا، بەلام کەنەدا مافی مانەوەی پێ بەخشی و چووە ئەو وڵاتە.