كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
زیرەک کەمال 10/07/2018

بیروەریی بەنگلادیشییەك

شیشیلە لە شان، گەنجێكی بەنگلادیشییە، چەند ساڵێك بەر لە ئێستا خەمی ژیان‌ و ئازاری نەبوونی گەیاندییە كوردستان، كەس نەیدەزانی ئەو گەنجە دەرچووی زانكۆیە‌ و نووسەر‌ و شاعیرێكی بەتواناشە، بۆیە ئەو چەند ساڵەی لە هەرێمی كوردستاندا بوو، وێڕای پەیداكردنی بڕێك پارە، هەروەها بە وێنەی كۆمەڵناسێك‌ و گەنجێكی بەسەلیقە‌ و وردبین، بەشێكی زۆری بیرەوەرییەكانی ئەو چەند ساڵەی وڵاتەكەمانی یاداشت كردووە‌ و وەكوو ستوونێكی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەیەكی وڵاتەكەیدا بڵاوی دەكاتەوە.


(شیشیلە لە شان) نووسیویەتی: خەڵكی كوردستان تا بڵێی بەڕێز‌ و غەریبدۆستن، لەو چەند ساڵەی لەناویاندا بووم، هەستم نەكرد بیانیم، بەڵام كۆمەڵێك ئاكار‌ و هەڵسوكەوت‌ و داب‌ونەریت لە ژیانی كوردەكاندا هەبووە لێی تێنەدەگەیشتم، بۆ نموونە، لە دیوەخانی پیاوێكی دەوڵەمەند چایچی بووم كە چایەكەم دەخستە بەردەمیان لە گەرمیا هەڵمی لێ‌ هەڵنەستابا تووڕە دەبوون، بەڵام چایەكەشیان دادەنا تا سارد نەبووبایەوە نەیاندەخواردەوە. كوردستان پڕە لە مزگەوت، لەنێوان دوو مزگەوت مزگەوتێكی تر هەیە، سەریان بچیت نوێژیان ناچیت، بەڵام هەر ئەو خەڵكە سەریشیان بچێت شەڕیان ناچێت، لەسەر فوول لایتی ئۆتۆمبێل یەكتری دەكوژن، بكوژەكەش وەكوو بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت، یان بە سوڵحی عەشایەری‌ و دانی بڕێك پارە بە باوكی كوژراوەكە، كێشەكە چارەسەر دەكات‌ و دواتر بكوژ دەچێتە حەج یان عەمرە. هەر ئەو خەڵكە سروشتێكی سەیریان هەیە، هەموویان سیاسی و چاودێری سیاسین، هەموویان قسە دەكەن‌ و تاك‌ و تەراشی نەبێت گوێگریان نییە. هەر ئەو خەڵكە چی قووتووی بیبسی ‌و پاشماوەی خواردن هەیە لە جامی ئۆتۆمبێلەكانیان فڕێی دەدەنە سەر شەقام، كە دەوڵەمەند بوون یان كەسێك دەكوژن یان ژنی دووەم دەهێنن‌ و یان مزگەوتێك دروست دەكەن، زۆربەی منداڵەكانیان ناویان عەرەبییە، لە ناوجەرگەی هەولێری پایتەختەكەیان ناوی یەكێك لە مزگەوتە گەورەكانیان بەناوی عەرەبێكی دوژمنی خۆیان كردووە، لە دەروازەی شاری سلێمانیش كە پایتەختی رۆشنبیریی وڵاتەكەیانە تۆپێكیان وەكوو چەكێكی قورس داناوە، هەر لەو وڵاتە گەندەڵی‌ و خیانەت ئاساییە، بەڵام نوێژنەكردن لایان عەیبەیە، لە هەمووی سەیرتر بەشێكی خەڵكی كوردستان بۆ یەكتری ماچكردن دەچنە تاریكی‌ و لە رووناكیش یەكتری دەكوژن.