بەوێنە.. وێنەیەکی دەگمەنی هونەرمەندی میللی تەحسین تەها بڵاو دەبێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. وێنەیەکی دەگمەنی هونەرمەندی میللی تەحسین تەها بڵاو دەبێتەوە

وێنەیەکی دەگمەنی هونەرمەندی میللی تەحسین تەها لەگەڵ هونەرمەند وەلی دۆسکی بڵاو دەبێتەوە و بەپێی ڕێکەوتەکە ئەم وێنەیە بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە شاری سۆران گیراوە.

 

هونەرمەند وەلی دۆسکی لە ئەرشیفی خۆی، وێنەیەکی دەگمەنی لەگەڵ هونەرمەندی میللی تەحسین تەها، بڵاو کردۆتەوەو نووسیویەتی: ئەم وێنەیەمان لە بەهاری ساڵی 1991 لە بەردەم قوتابخانەی ئامادەیی گوڵی زەرد، لە ناحیەی دیانای، سەر بە شاری سۆران گرتووە.

 

هاوکات ئەگەر بەپێی ڕێکەوتەکە بێت، دەبێت ئەم وێنەیەی هونەرمەندان تەحسین تەها و وەلی دۆسکی لەکاتی ڕاپەڕینی خەلکی کوردستان، دژبە دەمو دەزگاکانی حیزبی بەعس گیرابێت.

 

سترانبێژی لێهاتووی کورد تەحسین تەها ئامێدی لە 25ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1941 دا لەدایک بووە.

 

خوێندنی لە ناوچەی مانگیش و باتووفە و شاری دهۆک تەواو کردووە و دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی، چووەتە بەغداد و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەرگیراوە و خۆی فێری ئامێری عوودژەنین کردووە و پڕۆڤەشی لەسەر سترانبێژی کردووە و هاتوچۆی ئێستگەی رادیۆی کوردی کردووە لە بەغدا و سترانی بەسۆزی لەو ئێستگەیەدا پێشکەش بە گوێگران کردووه.

 

تەحسین تەها لە ساڵی 1968 دا دەگوێزێتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی یەکەمی نموونەیی هەولێر دەکرێت بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، گیانی هونەریی لەنێو قوتابییەکانیدا پەروەردە دەکات و لە دەرەوەی قوتابخانەشدا لەگەڵ دەستەیەک لە مۆسیقازان و هونەرمەندی ئەم شارە تیپی هونەری هەولێر دادەمەزرێنێ و خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی دەکەن.

 

تەحسین تەهای هونەرمەند لەو سەردەمەی باری کوردستان سەخت بوو چووە وڵاتی هۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تاکوو لە 1995-05-08 دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە 1995-06-04 گەیشتەوە کوردستان و لە ئامێدی شاری باب و باپیرانی بە خاک سپێردرا.

{YouTube}https://www.youtube.com/watch?v=-cwGyHKtkqc{/YouTube}