توێژەرێکی بواری ئاینناسی و ئیسلامی سیاسی ڕای دەگەیەنێت، لەبەر سەقامگیریی دۆخەکە و ویستی عەلی باپیر بۆ ”خواردنی کێکی دەسەڵات“، ئێستا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەستبەرداری قسەکانی پێشووی بووە، بەڵام ئەگەر دۆخێکی ئاڵۆز بێتە ئاراوە، ”کۆمەڵی ئیسلامی بەردەبێتە گیانی خەڵک“.
پاش بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی ڤیدیۆیی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کە تێیدا داوا دەکات، دەبێ داوای موسوڵمانبوون لە یەکێتییەکان بکرێت، ئەگەر ڕەتیان کردەوە ئینجا بکوژرێن. هەروەها لە تۆمارێکی دیکەشدا پەرلەمان بە (خانەی کوفر) ناو دەهێنێت. سەروەر پێنجوێنی، توێژەری بواری ئایینناسی و ئیسلامی سیاسی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لە بنەڕەتدا کەسێکی سەلەفیی جیھادییە، ئێستاش ھەمان فکری پێشووی ھەیە، بێگومان ئەگەر دەسەڵاتی ھەبێت، ناتوانێت لە یاساکانی ئیسلام لا بدات. کاتێکیش لە ڕابردوودا فەتوای توندی داوە، یان بە زمانێکی زبر قسەی کردووە؛ ئەوە لەسەر بنەمای شارەزایی لە فیقھی ئیسلامی بووە و لەسەر ئەو بنەمایە قسەی کردووە، ئێستاش کاتێک کە بێدەنگیی لەو بابەتانە ھەڵبژاردووە، فێری سیاسەت و موجامەلە بووە و دەیەوێت لە دەستکەوتەکانی دەسەڵات و "کێکی دەسەڵات"دا بەشدار بێت".
ئەو توێژەرە ڕوونیشی کردەوە، عەلی باپیر، لە نێوان ئێستا و ڕابردوویدا دژیەکی هەیە، چونکە پێشتر کتێبی ھەیە و دەڵێت: ”چوونە ناو پەرلەمان حەرامە“، بەڵام دواتر خودی خۆی بۆ ماوەی چوار ساڵ پەرلەمانتاری عێراق بووە، بۆیە ”ئەوەی پێشتر گوتوویەتی؛ ئێستا نایڵێت".
سەروەر پێنجوێنی، ئاماژەی بەوەش کرد: "کاتێک ئەم کەسایەتی و لایەنە بە بنەڕەت سەلەفی- جیھادییانەی کوردستان، دەبنە مەترسی؛ لە حاڵەتێکدا ھەرێمەکەمان یان عێراق بەگشتی ڕووبەڕووی فەوزا ببێتەوە و سیستەم لە وڵاتدا نەمێنێت، یان وەکوو سووریای لێ بێت؛ ئەو کاتە چاوەڕوانیمان ھەیە کۆمەڵی ئیسلامی، یان بەشێک لە سەرکردە و ئەندامەکانیان، ببنە گرووپێکی ئیسلامی جیھادی کە ئامانجیان پەیڕەوکردن و سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامی بێت. ئەو کاتە ئەگەری زۆرە وەکوو پێشتر بکەن کە باوەڕیان پێی بووە و ھەوڵیان بۆ داوە، بەڵام تاکوو لەم وڵاتەی ئێمەدا سیستەمێک و ئەزموونی دیموکراسی و دەستوور ھەبێت؛ عەلی باپیر ئەگەر دەسەڵاتێکیشی ببێت، ئەوەی پێی ناکرێت و ناتوانێت حوکمێکی ئایینی و ڕەھا پیادە بکات، ھەروەھا ئەو قسانەش دووبارە ناکاتەوە و تەناتەت حاشا لە قسەکانی ڕابردووشی دەکات“.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش دا، کۆمەڵی ئیسلامی لە بنەڕەتدا گرووپێکی ئیسلامیی سەلەفی-جیھادییە و ھێشتاش ئەو بیرکردنەوەیە لە بیری سەرکردەکانیان و ئەندامەکانیاندا زیندووە. نموونەش بە دڵشاد گەرمیانی دێنێتەوە کە لەناو کۆمەڵی ئیسلامی و جەماوەرەکەیدا پێگەیان بەھێزە و ”گۆڕانکارییەک بەسەر فکریدا نەھاتووە“. ئەوەش ئاشکرا دەکات: ”ھێشتا عەلی باپیر بۆ خۆی لە ھێڵە گشتییەکاندا لەسەر ئەو فکرە سەلەفی-جیھادیەیە و تەنھا ڕەنگە لە شێوازی جێبەجێکردن و ھەندێک ھەڵبژاردنی فیقھیدا جیاواز بێت".
سەروەر پێنجوێنی دووپاتی کردەوە: ”ھەر کاتێک بارودۆخێک بڕەخسێت کە بتوانن لە دەرەوەی سیستەم بزاوتی خۆیان بکەن؛ ئەوا ئەگەری ھەیە لەگەڵ گرووپی ئیسلامیتری توندڕەو بە جۆرێک یەکبگرن، یان ئەوەی پێشتر دەریان بڕیوە لە بیری جیھادی بۆ چەسپاندنی شەریعەت بە کردەوە بۆی بگەڕێنەوە. ئەو کاتەش ئەم گرووپانە وەکوو ھەر گرووپێکی تری باکگراوند جیھادی، بەر دەبنە گیانی خەڵک و ئازادییەکانیان و دەبنە مەترسی بۆ سەر ئایندەی مرۆڤ و وڵاتمان. ھەرچەند پێشبینیی کار و کردەوەی داھاتووی مرۆڤ بەگشتی ئاسان نییە، بەڵام بیرکردنەوەی ئایینییان ئەوەی لە توانادا ھەیە".
سەروەر پێنجوێنی، باسی لەوەش کرد: "حزبی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی بەگشتی لە کوردستاندا، ئەوانەشیان کە ڕابردوویەکی جیھادی و چەکدارییان ھەبووە؛ لەم دۆخەی ئێستا لەڕووی ئامانجی جیھاد و توندوتیژییەوە جێی مەترسی نین، بەڵام لەو حاڵەتەدا مەترسی دروست دەکەن، کاتێک دەبنە پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان کار بۆ ئامانجە ئایینی و شەریعەتییەکانیان دەکەن و دەبنە ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستووریش، و لەم ڕێگەیەوە پەستانی خۆیان پیادە دەکەن بۆ گۆڕینی دەستووری وڵاتی ئێمە بۆ دەستوورێکی ئیسلامی و یاسای نوێ بۆ شەریعەتی ئیسلامی".
ئەو توێژەرە ئیسلامییە بابەتی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستانی بە نموونە هێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو کاتەی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەنووسرایەوە، لەنێو لێژنەکەدا ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پارلەمان ھەبووە کە پێی وا بوو دەبێت ئیسلام "تاکە سەرچاوەی یاسادانان" بێت کە ئەمە شتێکە لە سعوودیە و لە ھیچ دەوڵەتێکی ئیسلامیدا ناچێتە سەر“.
لەکۆتاییشدا ئەوەی نەشاردەوە کە مەترسیی حزبێکی ئیسلامی وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی، تەنھا لەڕووی ئیمکانی کاری جیھادییەوە خۆی نابینێتەوە کە ”ئەمە تەنھا ئەگەری مەترسییەکی ئاییندەیە“، بەڵکوو ”مەترسییەکە ئەوەیە کە واقیعێکە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یاساداناندا ھەنگاو دەنێن بۆ گۆڕینی یاسای نوێ بۆ شەریعەت. ئیتر ئەگەر خوانەخواستە ڕۆژێکیش بارودۆخی کوردستان تێک بچێت؛ ئەو کاتە مەترسییەکانی تریش سەرھەڵ دەدەن".