كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەڵعەت تاھیر: دواخستنی فێستیڤاڵی گەلاوێژ زیانی لە ئەدیبان و ڕۆشنبیران داوە

"بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەنجام نەدرا"

 

جێگری سەرۆکی بنکەی روناکبیری گەلاوێژ، ئاماژە بەوە دەدات، کە بەھۆی راگرتنی گەشتە دەرەکییەکانی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان، نەتوانراوە خولی 21ی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەنجام بدرێت.

 

تەڵعەت تاھیر، جێگری سەرۆکی بنەکەی روناکبیری گەلاوێژ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ھەموو ئامادەکارییەک بۆ خولی 21ی فێستیڤاڵی گەلاوێژ کرا بوو، بابەتەکان بەدەستمان گەیشتبوون، تەنانەت ھۆڵ گیرابوو، سپۆنسەر بۆ فێستیڤاڵ پەیدا کرابوو، کاری دیزاینی لۆگۆ و تەواو کرابوو، بەڵام بەھۆی راگرتنی گەشتە دەرەکییەکانی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان نەتوانرا ئەنجام بدرێت".

 

جێگری سەرۆکی بنەکەی روناکبیری گەلاوێژ، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو میوانانەی بڕیار بوو بێن، لە دەرەوەی وڵاتن و ناتوانن بەھۆی راگرتنی گەشتی فڕۆکەخانەکانەوە بێن، بەتایبەتی ئەمساڵ بڕیار بوو دیالۆگی کوردی – رووسی، ئەنجام بدرێت، میوانەکانی رووسیا ناوەکانیشیان و بابەتەکانیشیان بۆ ناردبووین، ئەو شاندەش کە لە وەزارەتی رۆشنبیری رووسیا دەستنیشیان کرابوون پاسپۆرتەکانیشیان ناردبوو، بەڵام ھۆکاری سەرەکی ئەنجام نەدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەگەڕێتەوە بۆ داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان.

 

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر فێستیڤاڵمان لەکاتی خۆیدا بکردایە ئەوکاتە فێستیڤاڵ دەبوویە خۆماڵی، بێگومان ئێمەش بەوە رازی نەبووین، بۆیە بڕیارماندا فێستیڤاڵ دوابخەین بۆ 8ی نیسانی ساڵی داھاتوو، بەڵام ئەگەر تا ئەوکاتە گەشتەکان نەکرێتەوە ھەر ناچارین ئەنجامی نەدەین".


تەڵعەت تاھیر، جێگری سەرۆکی بنەکەی روناکبیری گەلاوێژ، بۆ (باسنیوز) جەختی لەوەش کردەوە: "بەھۆی ئەنجام نەدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە، زیان لە ئەدیبان، نووسەران و ڕۆشنبیران کەتووە و زیانەکەش کلتوری، روناکبیریی و رۆشنبیرییە".