كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چل ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا هێدی شاعیردا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، چلەی کۆچی دوایی خالید ئاغای حیسامی (هێدی) شاعیری ناسک خەیاڵی کوردە.

 

کاتژمێر 3ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2017 -1- 11 بە بۆنەی چل ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا هێدی شاعیر، لەلایەن نووسەران، ئەدیبانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، کۆڕێکی ڕێزلێنانی بۆ ساز کراوە.

 

خالید ئاغای حیسامی ناسراو بە (هێدی) شاعیری ناسک خەیاڵ و ناسراوی کورد، بەهۆی پیری و نەخۆشیی دڵەوە پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە 27/10/2016 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

 

مامۆستا هێدی یەک لە شاعیرە کەلاسیک و غەزەلنووسەکانی کوردە و لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و یەک لەو شاعیرانەیە کە لە ڕێچکەی شاعیرانی قوتابخانەی شیعری موکریانە و پاش هەژار و هێمن بە زمان و دەربڕینی تایبەتی غەزەل کەسێکی ناسراوە و ستایل و ڕێچکەی تایبەت بە خۆی هەیە.

 

هێدی کە لەناو کۆڕ و کۆمەڵی کوردەواریدا زیاتر بە خالید ئاغای حیسامی ناسراوە، لە ساڵی 1306ی هەتاوی (1927ی زایینی) لە گوندی شێخاڵی کە لە ناوچەی موکریان و لە نێوان بۆکان و مەهاباد هەڵکەوتووە، لەدایک بووە و هەر لەو گوندەشدا کە مڵکی حاجی محەمە دئاغای باوکی بووە نراوەتە بەر خوێندن.

 

 دوای تێپەڕکردنی دەورەی خوێندن و گەیشتن بە سەردەمی لاوێتی کە هاوکات بووە لەگەڵ چالاکیی کۆمەڵەی (ژ. ک) و پاشان دامەزرانی کۆماری کوردستان (1946)، وردە وردە هەستی کوردایەتی تێدا گەشەی کردووە سەرەڕای ئەوەی کە وەک پێشمەرگەیەکی چالاک لە ڕووداوەکاندا بەشداریی کردووە، وەک شاعیرێکی لاویش بە نازناوی (شێواو) لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا شێعری بڵاو کراوەتەوە.

 

پاشان ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و تێکەڵ بە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بووە و کەسێکی نزیک و خۆشەویستی مەلا مستەفای بارزانی بووە و شانەبەشانی نووسەرانی دیکەی وەک هەژار بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ڕادیۆی  دەنگی کوردستان خزمەتی شۆڕش و زمان و ئەدەبی کوردییان کردووە.

 

بەشێک لە شیعرەکانی مامۆستا هێدی بەناوی "کاروانی خەیاڵ" چاپ و بڵاو کراونەتەوە و ژیان و سەربوردەی خۆشی نووسیوەتەوە بە دەیان شیعری جوانی نیشتمانی و دڵداریی لەلایەن هونەرمەندانی کوردەوە کراونەتە گۆرانی.