شۆخان ئەبوبەکر: ھەموو دونیا ناگۆڕمەوە بە کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شۆخان ئەبوبەکر: ھەموو دونیا ناگۆڕمەوە بە کوردستان

ھونەرمەند و راگەیاندنکار، شۆخان ئەبوبەکر، کە زیاتر بە رۆڵی بەھار لە زنجیرە درامای (مەمی ئالان) ناسرا، ھەورەھا ماوەیەک لەگەڵ ھاوسەرەکەی بەرنامەی (کامێرای شاراوەی) لە کەناڵی کوردستان تی ڤی پێشکەش دەکرد، ئێستە لەگەڵ ھاوسەرەکەی دانیشتووی کەنەدایە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ ھەفتەنامەی (باس) ھۆکاری چوونی بۆ کەنەدا ئاشکرا دەکات و باسی کاری نوێی دەکات:

(باس): لە دوای درامای مەمی ئالان، بەشداریت لە ھیچ درامایەکی تردا نەکرد؟ شۆخان ئەبوبەکر: پاش درامای مەمی ئالان، بەشداریم لە چەند کارێکی ھونەریدا کرد لەوانەی ( کامێرای شاراوە، کورتە فیلم)ـدا کرد، ھەروەھا چەند بەرنامەیەکی خێرخوازیم پێشکەش کرد، چەندین کاری تریش ھەبوو، بەڵام بەھۆی سەفەرم بۆ کەنەدا نەمتوانی ئەنجامیان بدەم.

(باس): بۆچی بە یەکجاری کوردستانت جێ ھێشت؟ شۆخان ئەبوبەکر: ئەم سەفەرەم بۆ ھەتا ھەتایی نییە، بەردەوام دڵم لای کوردستانە و ھەموو دنیا ناگۆڕمەوە بە کوردستان، ئەو کاتەی ئێمە سەفەرمان کرد کوردستان لەوپەڕی خۆشی و ئارامیدا بوو، ئەوکات زۆر کەس پێیان دەگوتم بۆچی کوردستان جێ دەھێڵن، بۆ چەند ئامانجێک سەفەری کەنەدام کرد لەوانە تەواوکردنی خوێندن و فێربوونی زمان و پەرەدان بە کارەکەم (ئارایشت).

(باس): کەی دەگەڕێیتەوە بۆ کوردستان؟ شۆخان ئەبوبەکر: بەڕاستی گەڕانەوەم بەدەست خۆم نییە، چونکە ئێستا کار و بەرنامەی ژیانم داڕشتووە و لە ئارایشگە بۆ ماوەی چەند ساڵێک گرێبەستم واژۆ کردووە، بۆیە ناتوانم بگەڕێمەوە کوردستان، ھەورەھا سەرقاڵی خوێندنم لە بواری مکیاژ و لێرەش چەند ساڵێک کۆڕسی زمانەوانیم خوێندووە.

(باس): بۆ ئێوە ژیان لەوێ ئەستەم نییە؟ شۆخان ئەبوبەکر: دەبێ لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکەیت، خۆشی و ناخۆشیشی دەوەستێتە سەر کەسەکە خۆی، ئایا دەتوانێ رووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە، چونکە بەڕاستی زانینی زمانی ئینگلیزی زۆر گرنگە، دوای فێربوونی زمانی ئینگلیزی توانیمان لەگەڵ کولتووری کەنەدا خۆمان بگونجێنین، لێرە ژیان خۆشە، بەڵام زۆر غەریبیی کەسوکارم دەکەم.

(باس): لە کەنەدا ھیچ پڕۆژەیەکی ھونەریت ئەنجام داوە؟ شۆخان ئەبوبەکر: ماوەیەک لە تەلەفزۆنی (رۆجەرس) بووم، کە تەلەفیزۆنێکی لۆکاڵیی کەنەدییە، چەند بەرنامەیەکی ھونەریمان ئامادە و پێشکەش کرد، کاری راگەیاندن لە کەنەدا وەک کوردستان ئاسان نییە، ھیوادارم بتوانم پێوەندیی راگەیاندن لە نێوان کەنەدا و کوردستان دروست بکەم و خزمەتی بینەری کوردی بکەم.

(باس): وازت لە کاری راگەیاندن ھیناوە؟ شۆخان ئەبوبەکر: بە یەکجاری وازم نەھێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستە دەرفەتێکی وەھا نەبووە دەست پێ بکەمەوە، لێرە دەبێت بڕوانامەی راگەیاندنت ھەبێت و کەسێکی پڕۆفیشناڵ بیت و زمان بزانی، ئینجا دەتوانی لە راگەیاندن کار بکەی. بەڵام کە گەڕامەوە کوردستان بە ناوەڕۆک و ستایلێکی تازەوە دەست بە کاری راگەیاندن دەکەمەوە.

(باس): خانمە راگەیەندارێکاری ناسراو دەڵێ: "راگەیاندنی کوردی کەسانێکی کردە ئەستێرە، کە خۆیان شەوقی گڵۆپێکی سفریان نەبوو"، تۆ چی دەڵێی؟ شۆخان ئەبوبەکر: قسەکەی زۆر راستە، چونکە بەڕاستی ھەندێک دەزگای راگەیاندن ھێندەی بیری لە جوانیی رووخساری بێژەرەکە دەکەنەوە، نیو ھێندە بیر لە ئاستی رۆشنبیری و زیرەکیی ناکەنەوە، بۆیە ھاوڕام لەگەڵ بۆچوونەکەی.

(باس): کەمتر لە بواری فیلم و درامادا دەردەکەویت، بۆچی خۆت دوورەپەرێز گرتووە؟ شۆخان ئەبوبەکر: ئەو کاتەی لە کوردستان بووم، حەزم نەدەکرد بەشداری لە ھەموو فیلمێکدا بکەم، چونکە حەزم لە زۆری و بۆری نییە، ھەروەھا بەشداریم لە ھەر فیلمێکدا کردبێت، پێشتر سیناریۆکەم خوێندۆتەوە بۆ ئەوەی بزانم ئایا کارەکتەری فیلمەکە لەگەل کەسایەتیی من دەگونجێت.