كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خۆپیشاندەرێک و دوو پۆلیس لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرەکەی بەغدا دەستگیر کران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق یەکێک لە خۆپیشاندەران و دوو پۆلیس لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرەکەی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا، دەستگیر دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-8-2020، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، یەکێک لە خۆپیشاندەرە دەستدرێژیکارەکانی سەر ئەفسەرەکەی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا، دەستگیر کراوە.

هەروەها ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، دوو پۆلیس، کە لە نزیک ئەفسەرەکەی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا بوون و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە، بۆ ماوەی حەوت رۆژ خراونەتە زیندان و لێژنەیەک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات.

پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کرایەوە و تێیدا دەردەکەوت، ئەفسەرێکی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا هەوڵی کردنەوەی رێگا داخراوەکان لە نزیک پردی موعەلەقی بەغدا دەدات و ژمارەیەک خۆپیشاندەریش هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی چەکەکەی دەدەن.

ئەفسەرەکە بەردەوام هەڕەشەی گوللە تەقاندنی دەکرد و خۆپیشاندەرەکان لێی نزیک دەبوونەوە و خستیانە سەر زەوی، بەڵام نەیانتوانی چەکەکەی لێوەربگرن.

دوای بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی کرد ئەو خۆپیشاندەرانەی هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرەکەیان داوە، دەستگیر بکرێن و حەوالەی دادگا بکرێن.

عوسمان غانمی هەروەها فەرمانی کردووە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پۆلیسانەی لەو کاتەدا لە شوێنی رووداوەکە بوون، پێک بهێنرێت، چونکە بەرگرییان لە ئەفسەرەکە نەکردووە.