كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمریكا دوو ساڵە بەهۆی سیستەمی بەرگریی S400ەوە چەكی بە توركیا نەفرۆشتووە

بەهۆی ئەوەی توركیا مووشەكی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕیوە و ئەمەش ئەمریكای تووڕە كردووە، بۆیە چەند سیناتۆرێكی ئەمریكی ئاشكرای دەكەن، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كڕینی S400 لە رووسیا، ئەمریكا هیچ چەكێكی قورسی بە توركیا نەفرۆشتووە.

پێگەی هەواڵی (دێفێنسە)ی ئەمریكی، لە هەواڵێكدا و لەسەر زاری چەند سیناتۆرێكی ئەمریكییەوە ئاشكرای کردووە، ئەمریكا دوو ساڵە هیچ چەكێكی قورسی بە توركیا نەفرۆشتووە، هۆكارەكەشی كڕینی مووشەكی بەرگریی S400یە كە توركیا بەبێ گوێدان بە هۆشدارییەکانی ئەمریكا و ناتۆ لە رووسیای كڕیوە.

لە هەواڵەكەدا هاتووە، تاكوو ئێستا نازانرێت چەند گرێبەستی كڕینی چەك لە نێوان توركیا و ئەمریكا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دوو گرێبەستی زۆر گەورە راگیراون، ئەویش فڕۆكەی جەنگیی F35، هەروەها گرێبەستی چەند كۆپتەرێكی جەنگییە كە دەبوا بە بڕی یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ئەمریكا بیانفرۆشێتە توركیا.

لە ساڵی ١٩٧٥، كاتێك توركیا بەبێ پرسی ئەمریكا پەلاماری قوبرسیدا و داگیری كرد، ئەمریكا بۆ ماوەی سێ ساڵ ئابڵوقەی فرۆشتنی چەكی  خستە سەر توركیا، بەڵام دوای ئەو سێ ساڵە فرۆشتنی چەك بە توركیا دەستی پێ كردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی هەمان سەرچاوە، چەند بەرپرسێكی ئەمریكی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە خراپیی پەیوەندیی توركیا و ئەمریكا، هەروەها پێشبینی دەكەن لە ٢٠٢١ پەیوەندییەكە زۆر خراپتر ببێت.