كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی پارتی: سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كه‌ركووك هێزى چه‌كداریان هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌ ته‌نیا كورد نه‌بێ

به‌رپرسى لقى سێى پارتى له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كه‌ركووك به‌ سوننه‌ و شیعه‌ و توركمان هێزى چه‌كدارییان هه‌یه‌ و بۆ پارێزگاریكردن لێیان، ته‌نیا كورد بێ پشت و په‌نا ماونه‌ته‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌.


د.محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسى لقى سێى پارتى له‌ كه‌ركووك به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند: " به ‌درێژایى مێژوو حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراق هۆزه‌ عه‌شایه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كانى سنوورى كه‌ركووكیان پڕ چه‌ك كردووه‌ له‌ژێر ناوى جیاجیا، به‌ بیانووى پاراستنى ناوچه‌كه‌، هه‌ر له‌ حه‌ره‌س قه‌ومییه‌وه‌ له‌ شه‌سته‌كان، تا هێزه‌كانى سه‌حوه‌ كه‌ له‌دواى 2003 له‌ عێراق دامه‌زران".

راشیگه‌یاند: "ئێستاش سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كه‌ركووك به‌ سوننه‌ و شیعه‌ و توركمانه‌وه‌، چه‌ندین جۆر هێزى چه‌كداریان بۆ دروستكراوه‌، ته‌نیا كورد نه‌بێ كه‌ هیچ هێزێك نییه‌ به‌رگرییان لێبكات و بێ پشت و په‌نا ماونه‌ته‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌".

ئاماژه‌ى به ‌ئه‌وه‌ش كرد" حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ‌ڕێگه‌ى شاندى دانوستانكارى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌، له‌ گفتوگۆى به‌رده‌وامدان بۆ ئاساییكردنه‌وى دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، چونكه‌ تا پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك، ئارامى بۆ شاره‌كه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌".