كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئاریسا ئاوژەن: نابێت ناوبانگ رابردووت لەبیر بباتەوە


ئاریسا ئاوژەن، خانمە شانۆکاری بواری کۆمێدییا و دیزاینەری جلوبەرگ، لە دیدارێکیدا بۆ (باسنیوز) باس لە ئەزموونی خۆی لە کاری هونەریدا دەکات و دەڵێ ئەگەر شانۆکار نەبوومایە گرنگیم بە کاری دیزاین دەدا.


ئاریسا بۆ (باسنیوز) گوتی: "سەرەتا لە هونەری دیزاینکردنی جل و بەرگەوە دەستم بە کاری هونەری کرد، دواتر کە هاتینە باشووری کوردستان ئەو دەرفەتەم بۆ هاتە پێش کە لە بەرنامەی بەزمی بەزم بتوانم کار بکەم نواندم کرد و خۆشبەختانە توانیم سەرکەوتوو ببم، زۆر دڵخۆشیشم کە تا ئێستە لەم کارەم بەردەوامم و توانیومە ببمە مایەی دڵخۆش بوونی بینەری کورد".

گوتیشی: "پێشتر لە درامای خەج و سیامەند رۆڵی ژنێکم بینیوە کە لە شەڕدا هاوسەرەکەی لە دەست دابوو و خاوەنی دوو منداڵ بوو، زۆریش کاری رێکلامم کردبوو سەرەتا، بەڵام دواتر بەهۆی بەزمی بەزمەوە زیاتر دەرکەوتم و خەڵک ناسیمی".


زیاتر گوتی: "ناوبانگ دەکرێت لە دوو رووەوە سەیری بکرێت یەکەم ئەوەی کە ئازادی تاکت تا رادەیەک سنووردار دەکات بەهۆی ئەوەی تۆ موڵکی خۆت نامێنی، دووەمیش ئەوەیە کە ناوبانگ خۆشەویستی خەڵکت پێ دەبەخشێت، بەڵام هونەرمەند پێویستە شانازی بە بوونی خۆیەوە بکات و هەمیشە کاری نوێ ئەنجام بدات و خۆی نوێ بکاتەوە، هەروەها شانازی بە رابردوویانەوە بکەن و بەناوبانگ بوون هەوادارەکانی رابردوویان لەبیر نەباتەوە، من بە شانازییەوە وێنەی دە ساڵ پێش ئێستام بڵاو دەکەمەوە تا بینەر بیبینێت".


ڕاشیگەیاند: "ئەگەر هونەری شانۆم نەکردبا حەزم دەکرد دیزاینەری جل و بەرگ بووبام و دڵنیاشم دەبووم بە دیزاینەرێکی زۆر باش، چونکە خولیای منداڵیمە و توانایەکی باشیشم لەم کارەدا هەیە و خانەوادەکەم و هاوسەرەکەم زۆر هاوکاری کارەکانمن بەتایبەت دایکم کە هەمیشە لە ژیاندمدا پێشەنگی کارەکانم بووە، هونەریش پێم وایە پیشەیە و خولیاشە، چونکە خۆشە هەر کارێک دەکەیت بەرهەمێکی هەبێت و لە منداڵیشەوە پێم وابووە کە من گەورەبم بەراستی دەبمە کەسێکی بە توانا و شایانی ئەوە دەبم خەڵک متمانەی خۆیانم پێ بدەن، هەر شتێکیش هەوڵمدا بێت بۆی پیی گەیشتووم، بەهیوام ئافرەتانیش پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و لە کایە هونەریەکاندا بێنە پێش، چونکە خانمانی کوردیش هیچییان لە خانمانی جیهان کەمتر نییە".


دەشڵێ" لە هەرێمی کوردستان بەداخەوە سینەما زۆر پێشکەوتوو نییە، بەڵام شانۆ هونەرێکی پیرۆزە لای من لەبەر ئەوەی پیویستی بە هونەرمەندی سەرکەوتوو هەیە، بەتایبەت کاتێک بەشێوەیەکی راستەوخۆ رۆڵ دەبینی لەبەرچاوی بینەر و زۆر جار لە کاتی بەرنامەدا کە شتێکی نوێمان بینیوە خۆمم بۆ کۆنترۆڵ نەکراوە و پێکەنیووم، بەڵام لەبەرئەوەی خودی بەرنامەکە پێکەنین ئامێزە ئەتوانن هەڵەکان بە پێکەنین چارەسەر بکەین، هەروەها بەزمی بەزم بەرنامەیەکە کە توانیویەتی بۆ ماوەی چەند ساڵیک بە شێوەیەکی بەردەوام ماوەتەوە لە ناو بینەردا و وەکو براندێکی لێهاتووە و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە یەکێکم لە ئەندامانی ئەو بەرنامەیە".