جارێکی دیکە عێراق کەوتەوە کۆتایی ریزبەندییەکی جیهانی و تەنیا لە سووریا و ئەفغانستان باشترە.
ریزبەندییە نوێیەکە لەلایەن پەیمانگای فکری نێودەوڵەتی بۆ ئابووری و ئاشتی (IEP) لەسەر چەند بنەمایەک بۆ ئاشتیخوازیی دەوڵەتەکان بۆ ساڵی 2020، رێک خراوە.
لە کۆی 163 دەوڵەت لەسەر بنەمای ئاشتیخوازی، عێراق کەوتووەتە ریزبەندیی 161ـەمین دەوڵەت و تەنیا بە پێش سووریا و ئەفغانستان کەوتووە.
ئاشتیخواترین دەوڵەت، کە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەی وەرگرتووە، ئایسلەندایە و لە دوای ئەویش، وڵاتانی نیوزیلەندا، پورتوگال و نەمسا یەک بە دوای یەک، هاتوون.
ریزبەندییەکە لەسەر 23 بنەما رێک خراوە، کە لە سێ بابەتی سەرەکی (ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ماوەی ناکۆکییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و ئاستی بە سەربازیکردنی دەوڵەت)، خۆیان دەبیننەوە.
عێراق بەردەوام لە هەموو ئەو ریزبەندییانەی بۆ خۆشگوزەرانی، سەقامگیری، بەهێزی و هتد. دەکرێن، دەکەوێتە کۆتایی و دوایین ریزبەندیش، بریتی بوو لە ریزبەندیی ئازادییە ئابوورییەکان، کە لە کۆی 186 وڵات، عێراق کەوتە 181ـەمین وڵاتی جیهان.