كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرهەم ساڵح و كازمی چاویان لەسەر دەنگەكانی یەكێتییە

”بەرهەم ساڵح لە پێناو گەیشتنەوە بە پۆستی سەركۆمار دەیەوێ زیان بە كورد بگەیەنێت“

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كە بەرهەم ساڵح، سەركۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران كە لە ئێستاوە كار لەسەر دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكەن، زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنن و چاویشیان لەسەر دەنگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی دەیانەوێت لە ڕێگەی لیستێكی هاوبەشەوە كە لەوە دەچێت كازمی سەرۆكایەتی بكات و وەك عەبدوڵا عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی دەڵێ، ”بەرهەم ساڵح كاندیدێكی لیستەكە دەبێت“، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بكەن.

لەمبارەیەوە دکتۆر سابیر ئیسماعیل، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کازمی و ساڵح، بەنیازن بە لیستێکی ھاوبەش بەشداریی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەڵام ھەر لیستێک ئەگەر دەنگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ خۆی ببات، زەرەر بە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لیستە هاوبەشەكە ژمارەیەكی كەمی دەنگی خەڵكی كوردستان بۆ خۆی دەبات، چونكە ”خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ عەرەب هەیە و پێشتریش عەبادی لەم ڕووەوە خۆی تاقی كردۆتەوە“.

ئەو سەركردەیەی پێشووی گۆڕان پێیوایە، بەرهەم ساڵح دەیەوێ لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی كازمییەوە، بۆ خولی داهاتوو لە پۆستە باڵاكاندا خۆی ببینێتەوە، بەڵام ”ئەو كارە هەڵەیەكی گەورەیە و بەرژەوەندییەكی كاتییە كە زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت“.

لە لایەكی دیكەوە بەهرۆز جەعفەر، چاودێری سیاسی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ماوەیەكی زۆرە بەرهەم ساڵح لە ئاستی ئیقلیمی و ناوخۆییەوە ”هەوڵی تێكدانی هەرێمی كوردستان دەدات و كار لەسەر بنكۆڵكردنی كیانی كوردستان دەكات، هەروەك بینیمان پەرلەمانتارێكی سەر بە ئەو پڕۆژەیەكی پێشكەش كرد كە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدرێت“.

ئەو چاودێرە پێیوایە كە ”بەرهەم ساڵح تێگەیشتووە لە هەرێمی كوردستان و لەنێو كورددا هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێت، بۆیە لە ڕێگەی میدیادا خەریكی لۆبیكردنە بۆ كازمی“.

لە لایەكی دیكەوە مەشخەڵ كەوڵۆسی، چاودێری سیاسی لە پێگەی خۆی بڵاوی كردۆتەوە: لەبەر ئەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەنێو ئەزمووندا قووڵ نەبوونەتەوە، مەترسیی كازمی لەسەر ئەو حزبە، زۆر زیاترە لە پارتی و حزبەكانی دیكە.

تا ماوەیەكیش دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە لە كۆتایی ٢٠١٩ ئەنجام درا، باسی ئەوە دەكرا كە بەرهەم ساڵح دەكرێتە سەرۆكی یەكێتی، بەڵام لە پڕ ناوی لە هیچ باسێكدا نەما و حزبەكە دوو كەسی وەك هاوسەرۆك دەستنیشان كرد، بۆیە چاودێران وای دەبینن كە بەرهەم ساڵح جگە لە هەوڵدانی بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی، بیەوێت لە ڕێگەی بردنی دەنگەكانی یەكێتییەوە، تۆڵەی خۆی لە سەركردایەتیی تازەی حزبەكە بكاتەوە.

پێشتریش عەبدوڵا عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو كە بەرهەم ساڵحیان بۆ نێو یەكێتی گەڕاندەوە و هاوپەیمانییان پێ هەڵوەشاندەوە، ”ئەمە فێڵكردنە لە یەكتری“.