كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
حەمەسەعید حەسەن 08/08/2020

دڵم زەنگی مەترسی لێ دەدات


ئەڤین ئەو وەختە دەگاتە لوتكە كە ئەڤینداران لە یەكدی دوور دەكەونەوە، نەك ئەوكاتانەی پێكەوە دەبن، گوتەیەك هەیە دەڵێت: (ئەوەی لەبەر چاوانە، لەبەر دڵانە،) كە دەكاتە ئەوەی، (ئەوەی لە چاوەوە دووربێت، لە دڵیشەوە دوور دەبێت.) ئەوە بۆچوونێكی تەواو هەڵەیە، ئەدی ئەوە نییە، ئینسان لە تاراوگەوە، نیشتمانی خۆی زێتر خۆش دەوێت و جوانترین ئەدەبێك كە بۆ خۆشویستنی نیشتمان نووسرابێت، لە مەنفاوە نووسراوە. ئەدی ئەوە نییە كە لە خۆشەویستەكەمان دوور دەكەوینەوە، هەر كەسێكی جوان ببینین، ئەومان وەبیر دێتەوە؟ بۆیە ئەو گوتەیە دروستە كە دەڵێت: (ئەوی چاو نایبینێت، دڵ دەیبینێت.) نەك دووری، هەرچی هێزی دونیا هەیە، ناتوانێت بەر بە خۆشەویستی بگرێت، بەڵام هێزی ئەڤین، دەتوانێت لە چاوترووكاندنێكدا چی دەخوازێت، بیكات.

(یازدە خولەك،) وێڕای ئەوەی ڕۆمانێكی جوانی دیكەی (پاوڵۆ كۆیلۆ)یە، سەبارەت بە سێكسیش زۆر زانیاریی ورد و پێویستی تێدایە، لە ناخی هەموو كەسێكدا دڕندەیەك هەیە، تكایە بۆ ئەوەی لەو دڕندەیەی لە ناختدا هەیە ڕزگارت ببێت، بچۆ ڕۆمانەكانی پاڵۆ كۆیلۆ بخوێنەوە! هەرچەندە بابەتی یازدە خولەك، دیاردەی سێكسفرۆشییە، كەچی كۆیلۆ لەبری ئاوێزانبوونی دوو جەستە، زێتر باس لەوە دەكات كە چۆن دوو ڕۆح دەست لە ملی یەكدی دەكەن. لە یازدە خولەكدا هەست دەكەین، كارەسات ئەوە نییە ئینسان پاكیزەیی جەستەی لە كیس بچێت، ئەوە كارەساتە كە پاكیزەیی ڕۆح لە دەست بدات. ترسناكترین شتێك كە دووچاری سێكسفرۆش دەبێت ئەوەیە، هەست بەوە دەكات لە خۆی نامۆ بووە.

یازدە خولەك پێمان دەڵێت: هەموو ڕۆژێك وەها بژی، وەك ئەو ڕۆژە، یەكەمین و دوا ڕۆژی ژیانت بێت. مادام توانای بە تەنیا ڕۆیشتنت هەیە، بۆ كوێ دەچیت، بچۆ! بكەوە دوای دۆزینەوەی گەنجینەكەی خۆت! گەش بیر بكەوە، یان هیچ نەبێت گرامشی گوته‌نی: (ئه‌گه‌ر وه‌ک بیر گه‌شبین نیت، وه‌ک ویست گه‌شبین به‌!) سه‌رچڵ بیت باشتره‌ له‌وه‌ی ترسنۆک بیت، چش با دووچاری نسكۆ ببیت، گرنگ ئەوەیە هەڵبسیتەوە، بە بەشی خۆت قایل مەبە! هەمیشە خەو بە شتی جوانترەوە ببینە! گەنجینە شتێك نییە لە دەرەوەی ئینسان، لە ناخی ئینساندا خۆی حەشار داوە، گەنجینە ئەو ئاواتەیە كە كەسێك دەیەوێت پێی بگات، ئەگەر هەوڵی بۆ جێەجێكردنی دا، ئەوا دەیدۆزیتەوە.

ئەوە ڕاست نییە ئەگەر پێمان وابێت، ژیان هەموو دەرگەكانی بە ڕووی هەموو سێكسفرۆشاندا داخستووە و لە ناچارییەوە، هانایان بۆ ئەو ئیشە بردووە. نابێت لێ گەڕێین قەدەر شێوازی ژیانمان بۆ دیاری بكات، دەبێت بڕیاری دیاریكردنی چارەنووسی خۆمان بە ویستی خۆمان بێت. چونكە لە ناخی هەموو سێكسفرۆشێكدا ژنێكی دیكە هەیە، خەون بە ماڵ و منداڵەوە دەبینێت، بۆیە وەك چۆن ئەوانەی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن، هەمیشە دەڵێن، لە كاتی پێویستدا دەستبەرداری ئەو خووە دەبین، سێكسفرۆشانیش هەر هەمان شت دەڵێن، وەلێ چ ئالوودەبووان و چ سێكسفرۆشان، مەگەر تاكوتەرایان ئەو بڕیارەیان بۆ جێبەجێ بكرێت.

(ئینسان لە سەرەتادا، وەك هەنووكە نەبوو، هەر یەك ئینسان، دوو جەستەی پێكەوە لكاو بوو، هەم نێریش بوو، هەم مێ. ڕۆژێك بە زەبری بروسكەیەك، هەموو ئەو ئینسانانە دوولەت بوون و یەكێكیان بوو بە دووان، بە نێرێك و بە مێیەك، ئیدی لەوساوە، هەر لەتە و بۆ لەتە بزربووەكەی خۆی دەگەڕێت، تا توند توند باوەشی پێدا بكات و پێكەوە بە گژ مەترسییەكاندا بچنەوە، ئەم لە دووی لەت گەڕانەیە كە پێی دەڵێین سێكس.) پاوڵۆ كۆیلۆ بۆ ئەڤین هانمان دەدات، نەك بۆ سێكسكڕین یان فرۆشتن، ئەوەتا دەڵێت: (نە سێكسكڕ هەست بە شادی دەكات، نە سێكسفرۆش، ئاخر سێكسكڕ شتێك بە پارە دەكڕێت كە دەبوو بە خۆڕایی دەستی بكەوێت، سێكسفرۆشیش شتێك بە پارە دەدات كە دەبوو بە ئارەزووی خۆی، بێ بەرانبەر بیبەخشێت.)

(ئەوانەی بە ڕۆحم ئاشنا بوون، نەیانتوانی جەستەم بێدار بكەنەوە، ئەوانەشی جەستەیان ورووژاندم، نەیانتوانی بگەنە قووڵایی ڕۆحم، ئەوە تەنیا تۆی بە نهێنی، دز ئاسا دێیتە ناخمەوە، كە دەڕۆیت، هیچ لەگەڵ خۆت نابەیت، بۆنێكی خۆش جێ دەهێڵێت.) پاوڵۆ كۆیلۆ ئەو شتانە دەڵێت كە خۆی پێیانەوە سەرقاڵە، نەك ئەو شتانەی كە خەڵكی پێیان خۆشە گوێیان لێی بێت. نووسەر هەیە كارێك دەكات، واقیعمان وەبیر بێتەوە، هەیە بۆ خەونبینین هانمان دەدات، لایەنی هەرە گرنگی ڕۆمانی پاوڵۆ كۆیلۆ ڕەنگە ئەوە بێت كە خوێنەر بۆ بینینی خەون هان دەدات، ئەگەر كۆمەڵگە لە هەڵەكانمان ببوورێت، بەوە ناچارمان دەكات، ئێمەیش لەبری قین، ئه‌ڤین ببەخشینەوە. دەشێت ئەوە یەكێك بێت لەو پەیامانەی ڕۆمانی (یازدە خولەك) دەینێرێت.

هەرچەندە یازدە خولەك، ڕۆمانێكە بە هەموو مانای وشەكە، هونەری، وەلێ گەلێك زانیاریی وردیشی سەبارەت بە سێكس تێدایە، لەوانە: ئەو(گۆپكە)یەی كە لە قاتی سەرەوەی بەر دەرگای (زێ)دایە و نالی پێی دەگوت: (چووزەرە ڕێواس،) لە ساڵی ١٥٥٩دا پزیشكێكی ئیتاڵیایی كە ناوی ڕۆناڵدۆ كۆڵۆمبۆ بوو، دۆزییەوە و دوو ساڵ دواتر بە فەرمی ددان بە هەبوونیدا نرا، ئەو گۆپكەیە جێیەكی زێدە هەستناكی ئافرەتە، شوێنێكیش كە دەكەوێتە بناری گۆپكەكەوە و بە خاڵی G ناسراوە، هەستناكترین شوێنی چووزەرە ڕێواسەكەیە و هێندە زۆر نییە، ئەو خاڵە دۆزراوەتەوە، گۆپكەیش وەك ئەندامی نێرینە، ڕەپ دەبێت و بە دەستدان لە دەوروبەری، مێ چێژی پێ دەگات، وەلێ دەستدان لە سەری گۆپكەكە، ئازاربەخشە، تا سەدەی نۆزدەیەم لە ئەورووپایشدا، مێینە خەتەنە دەكرا، ئاخر پێیان وابوو، بە هۆی ئەو گۆپكەیەوە، ژن تووشی هێستریا و نەزۆكی دەبێت و تەنانەت ناپاكییش لە مێردی دەكات. (فرۆید)ی دامەزرێنەری زانستی دەروونشیكاری، پێی وابوو، چێژی سێكسی لە ڕێی ئەو گۆپكەیەوە، بەرەو زێ شۆڕ دەبێتەوە.

سێكسفرۆشتن كە وەك دەڵێن دێرینترین پیشەیە، لە هیچ پێشەیەكی دیكە ناچێت، ئاخر ئەوی تازەكی دەستی پێ كردووە، دەستكەوتی زێترە لەوانەی ئەزموونێكی درێژیان لەو بوارەدا هەیە، سێكسفرۆش سێ جۆرە، هەیە كۆیلەی دەڵاڵێكە، هەیە لەسەر شەقامێك چاوەڕێی كڕیارە و هەیە هاوڕێ و هاوسەفەری خاوەنكارانە.

سێكسفرۆشی سەركەوتوو، ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو دەكات:

* ناكەوێتە داوی ئەڤینی سێكسكڕانەوە.
* پێشەكی هەقی خۆی وەردەگرێت.
* بوار نادات كڕیار بێ کۆندۆم توخنی بكەوێت.
* سەروەختی ئیش مەی ناخواتەوە.
* پێبەندی كاتی ژووان دەبێت.
* هەرگیز هانا بۆ ماددەی هۆشبەر نابات.
* ڕێز لە پێوندیی ژنومێردایەتیی سێكسكڕ دەگرێت و گوێ بۆ قسەكانی ڕادەدێرێت.
* سڵاو لە پۆلیس دەكات.
* هیچ كڕیارێك ڕانامووسێت، چونكە ڕامووسان پیرۆزیی خۆی هەیە و شتێكە تایبەت بەو كەسەی كە خۆشی دەوێت.
* بەو مەبەستەی ڕۆحی خاوێن ڕابگرێت، دوای هەر سێكسفرۆشتنێك خۆی پاك پاك دەشوات.
* ڕۆژانە لە پێستی خۆی دێتە دەرەوە و لە دوورەوە بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە، سەرنجی خۆی دەدات!

پیاویش سەیرە، چەند بوێریش بێت، هێشتا ده‌شێت لە ژنێك بترسێت و بۆی بە چۆكدا بێت، لەوەیش سەیرتر ئەوەیە، پیاوی سێكسكڕ هەمیشە دەترسێت و هەست بە شەرمەزارییش دەكات، كە دەبوو سێكسفرۆش زێتر بترسێت و زێتر هەستی شەرمەزاری دایبگرێت. ترسی هەرە گەورەی پیاو، ئەوەیە كە سێكسی پێ جێبەجێ نەکرێت. ڕەنگە بەشێك لەو هەست بە شەرمەزاریكردنەی پیاوی سێكسكڕ، زادەی ئەوە بێت كە هەست دەكات، سێكسفرۆش دەشێت لە ناچارییەوە، ئەو كارە بكات، وەلێ ئەمی سێكسكڕ ناچار نییە، هانا بۆ ئەو ڕێگەیە ببات. پێم وایە سێكسكڕ و سێكسفرۆشیش هەموو كەڕەتێك ویژدانیان كەم یان زۆر ئازاریان دەدات. زێتر ئەوە تەنیایییە، پیاوان بۆ كڕینی سێكس هان دەدات، ئاخر ئینسان، بێجگە لە تەنیایی، بەرگەی هەموو شتێك ده‌گرێت.

چێژ لە سێكسدا نییە، لەو پەرۆشییەدایە كە سێكسی پێ دەكرێت، پەرۆشییەك كە لە ناخی ئینسانەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو چێژە بریتی نییە لەو ماوەی (یازدە خولەك)ی كە گوایە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی سێكس پێویستە، بەڵكوو ئەو چێژە بەردەوامیی هەیە و نەك چەندان سەعات، بەڵكوو ڕەنگە چەندان ڕۆژیش بخاێنێت. مووچڕكەی خۆشی كە ئۆرگازمە، تەواو وەك ئەوە وایە، ئینسان بەهۆی چەترێكی گەورەوە، بە هێمنی لە ئاسمانەوە بەر ببێتەوە.

سێكس بایەخێكی وەهای هەیە، یەكێك لە دروشمەكانی شۆڕشی مایۆی ١٩٦٨ی فەرەنسا، داواكردنی ئازادیی سێكس بوو. ئوگەستینی پیرۆز دەیگوت: ( ئێمە دەتوانین بەردەوام خۆشەویستی بكەین، وەلێ بە ژنهێنان پیاو ئاوەزی لەكار دەكەوێت.) (ماریا)ی قارەمانی یازدە خولەك، كە بۆ پارە بەشداری لە كردەی سێكسدا دەكات، ناگاتە لوتكەی چێژ، بۆیە بۆ گەیشتن بەو خۆشییە، هانا بۆ دەست و قامكی دەبات، ئەوە قسەیەكی شای فەیلەسووفان، (كارڵ ماركس)مان وەبیر دێنێتەوە كە دەیگوت: (جیاوازیی نێوان فەلسەفە و واقیع، وەك جیاوازیی نێوان دەستپەڕ و جووتبوون وایە.)

پیاو كە سێكس دەكڕێت، تەنیا لەبەر ئەوە نییە، مووچڕكەیەكی خۆشی بە جەستەیدا تێپەڕ ببێت، بەڵكوو ئەوە گەڕانە بە دوای بەختیاریدا، لەو دەرگەیەی پێ دەدات. سێكسكڕینیش وەك هەر ماددەیەكی هۆشبەر، بۆ هەڵاتنە لە واقیع و لە بیربردنەوەی كێشەكان. سێكسكڕینیش تەواو وەك ماددەی هۆشبەر زیانبەخشە و وێرانكەر. هەیە تا ئازاری ئەوی دی نەدات، چێژی پێ ناگات، هەیە تا ئازار نەدرێت، چێژ وەرناگرێت، ئەمیان سادیستە و ئەویان مازۆشیست. سوارچاكانی ئەدەبی ڕۆمانتیك پێیان وایە، ئینسان بێ ئەڤین، هەرگیز بە لوتكەی چێژ ناگات، زۆرن ئەوانەی وای بۆ دەچن، پیاوان تەنیا بۆ ئەو یازدە خولەكە دەژین، كە سێكسی تێدا دەكرێت.

سانتی کە ئافرەت سەروەختی خوێن لەبەر ڕۆیشتنی مانگانە هانای بۆ دەبات، پاوڵۆ كۆیلۆ پێی دەڵێت: سەرینی بووكەشووشە. لە كن وی، واقیع و ئەفسوون بە جۆرێك یەكتریان لە ئامێز گرتووە، هەست بە سنووری نێوانیان ناكرێت. ئەو داوامان لێ دەكات، لەگەڵ خودی خۆماندا ڕاستگۆ بین و هەرگیز خۆمان زیرەكتر لەوەی هەین، پیشان نەدەین. لایەنێكی بۆ خوێنەری كورد گرنگی ڕۆمانی یازدە خولەك ئەوەیە، چەند جارێك باسی كورد، وەك میللەتێكی وڵات داگیركراوی بێ دەوڵەت، دەكات كە لە ژنێڤ، كاتێك پلەی گەرما لە سفرەوە نزیكە، بۆ داكۆكیكردن لە كێشە ڕەواكەیان، خەریكی خۆپیشاندانن.

*

Paulo Coelho, Elva minuter, översättning: Orjan Sjögren, Bazar Förlag AB, Fjärde tryckning 2006 Finland.