كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
شێرزاد حەسەن 06/08/2020

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

٢٥

راستە جەستەی خانمان وا هەڵکەوتووە، کە سکوزاکردن و هەم بەخشینی ژیان و زیندوومانەوەی کۆرپەلەکان و گەورەکردنیان لە سەردەمانێکی زوودا، سیحر و ئەفسوونێکی بە ژنان بەخشیبوو، کە گەیشتبووە ئاستی موعجیزە و پەرجوو نواندن، دیارە ئەوەشیان بووبووە گۆڕەپانێک، کە دایکان پێگە و سەنگ و بگرە هێز و هەژموونێکیان بەسەر خودی خانەوادەکانەوە هەبێت، لە هەمان کاتدا، لە داڕشتنی کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و هەم رەنگڕێژیی کولتوور و کەلەپووردا بە مانا گشتییەکەی، سەردەستە و بڕیاردەر بێت، بگرە رۆڵی هەبووە لە بواری ئابووریی خودی کۆمیونتی، لە دۆخە هەرە سەرەتایی و پریمتیڤییەکەی، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی توانستی پیشەسازی و دواتریش پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیا، پیاوان توانییان زاڵ بن بەسەر خودی دەستنیشانکردن و پەرەپێدان بە زانستی نوژداری و پزیشکەوانی و کۆی پرۆسەی سکوزاکردن و هەم سنووردانان بۆ زاوزێکردن، دیارە هەر هەموو لقەکانی زانست توانییان بەشدار بن لەوەی، سەرچاوەکانی نەخۆشیی کاڵ و کەم بکەنەوە، لە سەرەتادا خودی پرۆسەی منداڵبوون و لەبارچوون و مەرگی دایکان بکەونە ژێر دەستی پیاوان، کە دیارە بوار و کایەی نوژداری گۆڕەپانی چالاکیی نێرینە بوون، نەک مێینە، هەڵبەتە لە قۆناغی دەرەبەگی و هەم نەشونمای کۆمەڵگای بۆرژوازی و سەرمایەداری، وەک جووڵە و هێزی بەرهەمهێنان قۆرغکراوی پیاوان بووە، نەک هی ژنان، بە ئێستاکەشەوە، ئیدی وای لێ هات، کە پیاوان نازی ئەوە بکەن، کە سەرچاوەی ژیان و گوزەران و مانەوە وا لە چنگی ئەواندایە. بەتایبەتی لە جیهانی سێیەمدا، سەردەستەیی پیاوان بەتەواوی لەناو هەموو کایەکاندا ئاشکرایە، کە لەئاکامدا خودی سکوزاکردن و پەرجووی منداڵبوون و بەخێوکردن و پەروەردەکردنیان کەوتووەتە سەر بەخشندەیی باوکەکان و پیاوان بەگشتی. 

نووسەری ئەمەریکی (سوزان ئارمز: ١٩٤٥-؟\) کە پسپۆرە لە مێژووی سکوزا و هەم هەرچییەک، کە  پەیوەندیی بە  پەورەردە و بەخێوکردنی منداڵەوە هەیە لە قۆناغی کۆرپەلەیی، ئەم خانمە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە پیاوان بەدرێژایی سەردەمەکان، بەتایبەتی دوای شۆڕشی پیشەسازی و گەشەکردنی تێکنۆلۆژیا، بۆ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کە پرۆسەی منداڵبوون بە هەموو قۆناغەکانییەوە لە ژنانی بستێننەوە و وەک هەر هەموو شتەکانی دیکە زەوتی بکەن بۆ خۆیان، کە لە لایەن ئەوانەوە قۆرغ کراوە، یان دەکرێت بڕوا بەوە بێنین، کە ڕەوڕەوەی مێژوو وای خواستبێت، بەڵام ئەو راستییەش دیارە، کە سیستمی زاڵی پاتریارکی لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەم مەزهەبگەرایی خاوەندارێتیی هەموو کایەکان و چالاکییەکان دەکات، زانستە سروشتی و هەم مرۆیی و کۆی تواناکانی تێکنۆلۆژیاش بە ئەندازە و رێژەیەکی پتر و بەرچاو وا دەنێو چنگی پیاواندایە، لە دەرمانسازییەوە تاوەکوو پەرەپێدان بە بەگەڕخستنی هێزی ئەتۆمی، بە دیوە ئەرێنی و نەرینییەکەیدا.

ترس و تۆقین و بێزکردنەوە لە خوێنی (سووڕی مانگانە)ی خانمان، کە بەدرێژایی مێژوو لەئارادا بووە، کە گەلێک بەڵگە هەیە، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستێشدا ئەو ترس و تۆقینە هەبووە، بەتایبەتی لەو سەردەمانەی، کە پزیشکەوانی و دەرمانسازی و نوژداری چارەسەری دەرد و نەخۆشییەکان لەناو خودی سروشتەوە پەیدا دەکران، خودی ئەو خوێنپژانەی مانگانە بە ئەندازەیەکی کوشندەتر وەک هەر شتێکی پیس و دەردهێن و بگرە ژەهراوکردنی ئاو و خۆراک چاوی لێ کراوە، تا هەنووکەش و بگرە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا شەرم و تابوویەک ماوە، کە بەئاشکرا باسی لێوە بکرێت، واتا کۆمەڵگا و کۆمیونتی وا ماون، کە هێشتا سەبارەت بە دیاردە سروشتییە شەرمنن، وەک چۆن باسکردن لە پیسایی و پاشەڕۆکی مرۆڤ مایەی شوورەیی و نەنگییە، بە هەمان ئەندازە باسوخواسی (سووڕی مانگانە)ش ناپەسندە؛ هەستی گڵاوبوون وای کردووە، کە ژنان لە ماوەی هەفتەی خوێنپژانەکە جیا بکرێنەوە و دوورەپەرێز بوەستن ساغڵەمترە، هەمان ترس و شەرم سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان دایکان و باوکان گرفتێکی راستەقینەیە و ماوە، بەتایبەتی لای خۆمان، کچەکان و کوڕەکانمان وەک کەسانی بێ سێکس دەمانبینن، زۆر درەنگ دەیزانین، کە ئەوان زادەی جووتبوونی ئێمەن، تا هەنووکە شەرم و ترسی ئەوە ماوە، کە بابەتی لەشناسی و ئەندامی زاوزێ و سێکسواڵێتی بخرێتە پرۆگرامی خوێندن و پەروەردەی مۆدێرنەوە.. چ کارەساتێکە!

هەمان ترس و شەرم و تابوو لە مزگەوتەکانیش بەرکەماڵە، بەدرێژایی دە ساڵی تەمەنی مێردمنداڵی و لاویەتیی خۆم؛ کەم مزگەوت هەبوو لە (هەولێر) نوێژم تێدا نەکردبێت، بۆ یەکجاریش نەمبیست مەلایەک ئاوڕ لە خەتەنەکردن بداتەوە، کە منی نۆبەرە حەوت خوشکی خۆم بینی (خەتەنە/ سوننەت) کران، کە تا هەنووکە بەردەوامە، خوێنەران با سەردانی ماڵپەڕی رێکخراوی (وادی)ی ئەلمانی بکەن دەزانن، کە هەمان قەسابخانە هەنووکە و هەر لێروکانە بەردەوامە!

ئەوەی سەرنجی منی رادەکێشا، کە نە مەلاکان و نە پزیشکەکانی سەردەمانی زوو، بگرە تا هەنووکە، رێنماییش نادەن بەو ژنانەی خۆ بە پسپۆری پیشەی (خەتەنە و سوننەتکردن) دەزانن، کە هیچ نەبێت باس لەوە بکەن، کە خودای تەبارەک وەتەعالا فەرموویەتی (و لَقَدْ خَلَقْنَا الإنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ: سورەتی ' تین'- ئایەتی- ٤) بە واتا مرۆڤی بە دروستی و بێ کەموکوڕی خوڵقاندووە، خۆ عەقڵ و مەنتق پێمان دەسەلمێنێت، کە یەزدان بیزانیایە (میتکە) بۆ مێینە پێویست نییە و بە تەنیا (زیادە گۆشتە) و هیچی دیکە؛ ئەوسا هەر لە دایکە (حەوا)وە پێوەی پەرچ نەدەکرد، خۆ ناکرێت لەو رۆژگارە (حەوا) کە فریشتەیەکی جوان و گەنج بووە، خەتەنە و سوننەت کرابێت!

من دڵنیام، کە بە سەدان هەن، کە ئەم پەرەگرافەی سەرەوە بە سنووربەزاندن و عەعە خواردن دەزانن، منیش بۆ خۆم بە کارەساتێکی گەورە و نامرۆیی و سەقەتکردنی کچەکان و ژنانی دەزانم. گەرچی سەبارەت بەم دیاردەیە (فوقەها) بیر و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەم ئەرێنی و هەم نەرێنی، ئیدی لای ئەو مەزهەب و ئایینزایە تۆخە و لای ئەویدیکەیان کاڵترە، بێ مەلامەت نییە، کە (سووڕی مانگانە) بە (بێ نوێژی) لە قەڵەم دەدرێت، خودی غەمگینبوونی کچان و ژنان و داهێزرانیان بە تەنیا جەستەیی نییە، هەرگیز، بەڵکوو پتر سایکۆلۆژی و دەروونییە، کە هەموومان دەزانین خودی ژنان و کچان بە گشتی لە بنەڕەتدا سەد و یەک هۆکاری دیکەیان هەیە لەناو ئەم فەزا زیندان ئاسایە، کە دوچاری میلانخۆلیا و دەردەدڵ و داوەشین بێت.

هەڵبەتە وەک کولتوور و نەریتی باو لە پەیوەندیی نێوان ژنان و مێردەکانیان، ئەوەی بووەتە یاسا و رێسا، ژنان وا فێر کراون، کە بۆ هەمیشە بۆ تێرکردنی هەوەسی پیاوەکانیان ساز و ئامادە بن، بۆ سەلماندنی ئەو مافەی مێردەکانیان، ئەدەبیاتێکی مەزهەبگەرایی زۆر و زەبەند هەن، کە تیایدا خودا و رەزامەندیی بەرامبەر ژنان لەو رەزامەندییەوە دێت، کە بێ مەیلیی لەتەک مێردەکانیاندا نەکەن، من وای دەبینم، رەنگە ژنان ئەو هەفتەی خوێنپژانەی (سووڕی مانگانە) بە ئاهەنگ و جەژن تێبگەن، کە هیچ نەبێت هەفتەیەک پشوو بدەن و بەدرێژایی مانگێک ئەتک نەکرێن، بەتایبەتی ئەگەر نێرینەکان گەنج و خورت بن.

بە گەڕانەوە بۆ لای پزیشک و کۆمەڵناس و ئانترۆپۆلۆژیستێکی بەریتانیی وەک (رۆبێرت بریفۆلت: ١٨٧٤-١٩٤٨) بڕوای وایە، کە ژنانی سەردەمانی زوو توانیویانە خاوەنی ئەو دەستەڵاتە بن، کە ئەو پشووە نەک بۆ ماوەی یەک هەفتەی (سووڕی مانگانە)، بەڵکوو هەموو کاتێک جووتبوون بە خوایشتی خۆیان بووە، پیاوان بۆیان نەبووە ئەتکیان بکەن، دیارە ئەم قسەیە بەر لە قۆناغی  سەردەستەیی  رۆحی زاڵی پاتریارکی نێرینە پیادە کراوە، بەڵگەش ئەوەیە، کە لەنێوان گیاندارانیش هەمان هارمۆنیا و رەزامەندی و کۆدەکانی بەرکەماڵە، جا گیانداری ئاوی بن یان وشکانی، یان پەلەوەری فڕندە و ئاسمانی، یان سرەوت لەسەر زەمین، بە واتا ئەوە خودی سروشت و غەریزەی خۆڕسک وای کردووە چەشنێک لە رێکخستنی جووتبوون جێ بگرێت، هەر بۆ نموونە، زۆرینەی گیانداران بەگوێرەی وەرزەکانی ساڵ جووت دەبن و زاووزێ دەکەن، کە لەوەشدا کەمترین ستەم و زۆرەملێیی لەو جووتبوونەدا روو دەدات، هیچ گیاندارێک نییە لەسەر زەوی و ناو ئاو و ئاسمان بەقەد مەردمگەل، بەتایبەتی نێرگەل، تەماعگیریی ئەتککردن و لاقەکردن بێت، بۆ راستی و رەوانیی ئەم ئەتکردنە، گەلەکۆمەکیی مێژووی جەنگەکان بخوێنەوە، کە لەژێر پیرۆزیی ئایدیۆلۆژیای سەرزەمینی و هەم ئاسمانیدا کراون!