ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رای گەیاند، لە مەرزەكانی سنووری پارێزگاكەیاندا قاچاخی بەردەوامە و بە گەڵاب كەلوپەل بەبێ پێدانی گومرگ هاوردە دەكرێت.
نزار مه‌حموود، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: "به بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه، گفتوگۆی یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر پۆسته‌كانی سلێمانی دواكه‌وتووه، ره‌نگه دوای جه‌ژن، گفتوگۆ دەست پێ بكاتەوە“.
ڕوونیشی كردەوە كە لە سنووری هەڵەبجە، پشكیان لە پۆستەكانی (بەڕێوەبەری ناحیە، قایمقام و جێگری پارێزگار) هەیە، بەڵام پێیان نەدراوە، بۆ ئەم مەبەستە لە گفتوگۆ دان.
سەركردەكەی گۆڕان باسی لەوە كرد كە ئەوان دەیانەوێت ڕێككەوتنەكانیان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بۆیە گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكێتی ڕاشكاوانە دەبێت. گوتیشی: ”ئەگەر ئێمە لە ئیدارەی خۆجێیی بین، باشتر دەتوانین ئاگامان لە شتەكان هەبێت و رێگری له هه‌ندێك شت دەكەین.
باسی لە داهاتی مەرزەكانیش كرد و ئاشكرای كرد كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر زەروورەتی گەڕانەوەی داهاتی مەرزەكان بۆ خەزێنەی گشتیی حكوومەت كردووە. گوتیشی: ”فشارمان له‌سه‌ر یه‌كێتی كردووه، چونكه یه‌كێتی باڵاده‌سته له‌م ناوچه، داوامان كردووه و له‌سه‌ر ئاستی باڵا قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون، بێدەنگ نه‌بووین تا مه‌رزه‌كان له سلێمانی شه‌فاف بكرێن، به‌داخه‌وه له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانییه‌وه ده‌توانیت پاره بخه‌وێنیت، ئه‌وانیش لۆرییەكانت بۆ ده‌هێننه سلێمانی به‌بێ پێدانی باج و گومرگ، ئه‌مانه هەن و نكۆڵییان لێ ناكرێت و زۆریشن، ئێمەش داوامان كردووه كۆتایی پێ بهێنرێت“.