هونەرمەند یەدوڵا خادمی، کە هونەرمەنێکی دارتاش و پیشەی دەستە لە شاری سنە، بە ئیشکردن لەسەر دار (ناسککاری) بەرهەمی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێشی خولقاندووە.
هونەرمەند یەدوڵا خادمی، لە گوندی (كەژیكەران)ی سەر بە شاری سنە هاتووەتە دونیاوە و ئیستا لە شاری سنە سەرقاڵی كاری هونەری جوانکاری و پیشەی دەستە لەسەر دار و لەوێ دەژیت.
وەك هونەرمەند خۆی ئاماژەی بۆ كرد لە ساڵی ١٩٨١ەوە كە ئەوكات تەمەنی ٩ ساڵان بووە، دەستی بەم كارە هونەرییە كردووە و لە ماوەی ئەو چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەییەكی زۆر لە كچ و كوڕانی كوردی لە شاری سنەی فێری ئەم كارە هونەرییە كردووە و ئیستا بژیویان لەسەر ئەم كارە هونەرییەیە.
هونەرمەند یەدوڵا خادمی لە چەندین شاری جیاجیای ئێران و لە ساڵی ١٩٩٥ لە باشووری كوردستان پێشانگەی بۆ کارە هونەرییەکانی كردووەتەوە.
شاری سنە لە ئاستی ئێراندا بە یەکێک لە ناوەند و سەنتەرەکانی پیشەی دەستی و هەڵکۆڵینی دار (ناسککاری) دادەنرێت و بە دەیان هونەرمەندی ناودار لەو شارە هەڵکەوتوون کە نەتەنیا لە کوردستان و ئێران، بەڵکوو لە ئاستی ئێراندا ناسراون، کەسانێکی وەک: عەلیئەکبەر بێهزادیان، نێعمەتیان، تەوفێق مەحموودی، سابیر و عەلیڕەزا مەحموودی و دەیان کەسی دیکە لەم بوارەدا کاریان کردووە و بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی هونەریی ئەو شارە.