كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: تەنیا ئەوانەی پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانە لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە


بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی پڕبوونی نەخۆشخانەکانی کۆرۆناوە لە شاری هەولێر، تەنیا ئەو کەسانەی حاڵەتی چاودێری چڕن و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان هەیە لە نەخۆشخانەکان هێڵدراونەتەوە.

 دکتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا بەهۆی کەمی تەخت و پڕبوونی نەخۆشخانەکانی کۆرۆناوە لە شاری هەولێر، بەزۆری ئەو کەسانەی حاڵەتی چاودێری چڕن و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان هەیە لە نەخۆشخانەکان هێڵدراونەتەوە، بەردەوامیش ژمارەی تووشبووان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و سەرجەم ئامێرەکانی هەناسەدان لە کاردان بەشێوەیەک هەر شوێنێک چۆڵ ببێت کەسێکی دیکە دێتە شوێنی دەخرێتە ژێر ئامێری هەناسەدانەوە".

گوتیشی: "ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان هەیە و حاڵەتی چاودێری چڕن زۆرتر کەسانی بە تەمەنن، یاخود ئەو کەسانەن کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە".

ڕاشیگەیاند: "لە هەموو دونیا تووشبوون بە پەتای کۆڕۆنا حاڵەتێکی ئاساییە، چونکە دەکرێت خەڵکێکی زۆر تووشی پەتاکە ببن و نیشانەکانیان لەسەر دەرنەکەوێت، بۆ منداڵانیش بەهەمان شێوەیە منداڵێکی زۆر تووشی کۆرۆنا دەبن، بەڵام نیشانەکانیان لەسەر دەرناکەوێت و تووشی حاڵەتی چاودێری چڕ نابن و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان نابێت".