دیاریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کێشەی یاسایی و سیاسی بۆ دروست دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دیاریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کێشەی یاسایی و سیاسی بۆ دروست دەبێت

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا: دەبوایە پێش دیاریکردنی وادەکەی چارەسەری لەمپەرەکان بکرایە


مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی 6ی حوزەیرانی 2021ی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کرد، بەڵام وادەکەی لەلایەن هەندێ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بە پاساوی جۆراوجۆر قبووڵ نەکرا و لەڕووی یاساییشەوە بەهەڵە زانرا، پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدات، جگە لە کێشە یاساییەکەی کە کازمی دەسەڵاتی دیاریکرکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نییە، لەمپەری زۆری دیکەش هەن کە پێویستە پێش دیاریکردنی وادەکەی، چارەسەر کرابوونایە.

هەر لە دوای دیارکردنی وادەی هەڵبژاردنیش، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق داوای کرد كاتی هەڵبژاردنەكە بخرێتە پێشتر و بەرلەوەش پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.

حەلبووسی پێی وایە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو وادەیەكی دوورە بۆ هەڵبژاردنی گشتی و لەڕێی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (تویتەر) ده‌ڵێت: ”حكوومەتەكانی پێشووی عێراق بەرنامەكانی كابینەكانیان جێبەجێ نەكردووە و لە دێڕی سەر كاغەزەكان زیاتر نەبوون، بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵك بەهۆی كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی بنەماكانی ژیانێكی شایستە، بەردەوام بووە“.

ئاماژەی بەوەش داوه‌، داوای هەڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دەکەن لەو وادەیەی کازمی دیاری کرده‌وە، ئەوەش بە ئەنجامدانی دانیشتنێكی بەپەلەی كراوە و ئاشكرای پەرلەمان بە ئامادەبوونی سێ سەرۆكایەتییەكە و هێزە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بەپێی ڕێوشوێنەكانی ماددەی 64ی دەستووری عیراق، كە تاكە ڕێچكەی دەستوورییە، هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و هەموو لایەكیش بزانێت چ بەرپرسیارێتییەكی لەئەستۆدایە.

لەمبارەیه‌وه‌ محەمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند: “بەگوێرەی ماددەی 64 لە دەستووری عیراق، ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی هەڵدەوەشێنرێتەوە و لە ماوەی 60 ڕۆژی دواتردا دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام درابێت، لەو ماوەیەشدا ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بە دەستلەكاركێشاوە هەژمار دەكرێت و كارەكانی ڕۆژانەی بەڕێوە دەبات”.

گوتیشی: “هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بەچەند ڕێكارێكی یاسایی هەیە کە لە دەستووردا ڕوون کراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی حکوومەتى عێراق تەنیا دەتوانێ پێشنیاز بۆ وادەکەی بکات ڕۆژی هەڵبژاردنیش لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دیاری دەکرێت، نەوەكوو سەرۆك وەزیرانى عێراق پێش هەلبژاردنیش دەبێ پەرلەمان بەدەنگی زۆرینەی ڕەها خۆی هەڵوەشێنێتەوە”.

راشی گەیاند كه‌ ئێستا هەندێ لایەن کە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیاندا بێت لەگەڵیدان و ئەوانەشی لە بەرژەوەندیان نەبێ لە دژین، گوتیشی: “ئەوەی ئێستا لە عێراق هەیە بۆ پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە کێشەی یاسایی و سیاسیشە، کۆمەڵێک لەمپەریش هەبوون دەبوایە پێش ئەوە چارەسەرکرابوونایە، لەوانە، تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەنگدانی كۆتایی لەسەری، چونكە هێشتا دیار نییە دەنگدانەکە چۆنە و ژمارەی دانیشتوانی عێراق ڕوون نییه‌، پاشان هەمواركردنی یاسای دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات، کە نەقسی دادوەرێک هەیە کە پێویستە دوای یاسایی دادگایی فیدراڵی شوێنەکەی پڕ بکرێتەوە، جگە لەوەش لەڕووی داراییەوە عێراق ئامادە نییە، لەلایەک نرخی نەوت دابەزیوە و لەلایەکی دیکە پەتای کۆرۆنا زیانی گەورەی لە ئابووریی عێراق داوە، کە ڕەنگە نەتوانرێ پارەی پێویستی هەڵبژاردن بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دیاری بکرێت، ئەوانە هەمووی لەمپەری بەردەم هەڵبژاردنن، لەگەڵ ئەوەش ئێمە ئامادەی هەڵبژاردنین، بەڵام ئەوانە کێشەی یاسایی و ئیداری و سیاسین”.

لای خۆشیانەوە ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق و ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وتارێکیدا کە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، کە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێش دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردن دەبێت. هه‌روه‌ها نووسیویەتی: “دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەبێت نەک سەرۆک وەزیرانى عێراق، دەبێت سەرۆک کۆمار بەروارەکە دیاری بکات کە 60 ڕۆژ تێ نەپەڕێت بەسەر بەرواری هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، بۆیە بەپێی ئەم دەقە دەستوورییە ڕوونە کە ئەم بڕیارەی مستەفا کازمی بۆ دیاریکردنی بەرورای هەڵبژاردن، لەشەشی حوزه‌یرانی ساڵی 2021دا بڕیارێکی یاسایی نییە و ناتوانین وەک بڕیارێکی یاسایی لێى بڕوانین، چونکە دەسەڵاتی ئەو نییە، بەروار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات”.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، دیاریکردنی ئەو وادەیە لەلایەن کازمی دەکرێت زیاتر بە ڕاگەیاندنی هەڵوێست و بڕیارێکی سیاسی لێی بڕوانین، یان بۆ شانتەکاندنە لە بەرپرسیاریه‌تیی خۆدزینەوە لە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەتایبەت دوای شکستهێنانی دانیشتنی ئه‌م دواییەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و لێژنەی یاسایی ئەنجوومەن کە نوێنەرایەتیی هێز و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت.

دەشڵێت: “ئه‌وەی لەبەردەم بەرپرسیاریه‌تیی ئامادەسازیکردنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بە پلەی یەک پەرلەمانە کە دەبێت پاشکۆی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تەواو بکات، بەجۆرێک لەگەڵ هەڵبژاردنی بازنەی بچووک و لیستی تاکدا بگونجێت هەروەک پێویستە بەخێرایی لەڕێگەی یاسایەکەوە دادگای باڵای فیدراڵی لەو ئیفلیچبوونە ڕزگار بکات، کە ئێستا بەهۆی نەبوونی ڕاژەی یاساییەوە ناتوانێت دادبینی بکات، چونکە سەرەڕای گرنگی ئەو دادگا دەستوورییە، بەپێى دەقی ماددەی دەستووریش بێ پشت ڕاستکردنەوەی ئەو دادگایە بۆ دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کار بەو دەرئەنجامانە ناکرێت، ئەوەش ڕوونە کە دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش یەکێکە لە بابەتە هەرە ئاڵۆز و کێشە لەسەرەکان، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم ڕاگەیاندنە هەرچەند هیچ جێکەوتێکی یاسایی دروست ناکات، بەڵام دەرئەنجامی سیاسیی زۆر کاریگەری لێ دەکەوێتەوە”.