پزیشکێکی سلێمانی: شاسوار عەبدولواحید لە كۆشكەكەی دانیشتووە و بۆ موزایەدە ڕەخنە لە پزیشكان دەگرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پزیشکێکی سلێمانی: شاسوار عەبدولواحید لە كۆشكەكەی دانیشتووە و بۆ موزایەدە ڕەخنە لە پزیشكان دەگرێت

”كوا ئەو نەخۆشخانەی گوایە شاسوار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا دروستی كرد؟“

پزیشكێكی سلێمانی بە توندی گازاندە لە شاسوار عەبدولواحید، بارزگانی قەرزاری حكوومەت و خەڵك و سەرۆكی گرووپی نەوەی نوێ دەكات و رای دەگەیەنێت كە ”لە كۆشكەكەی دانیشتووە و ڕەخنە لەو پزیشكانە دەگرێت كە ژیانی خۆیان بۆ ڕزگاركردنی تووشبوانی كۆرنا خستۆتە مەترسییەوە“.

دکتۆر محمەد عەلی، پسپۆڕ لە پەتای كۆرۆنا كە لە تاقیگەی سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سلێمانی كار دەكات، بە (باسنیوز)ی، ڕاگەیاند: "ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا جیھانی ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە کردەوە و بەھۆی ھەستیاریی ڤایرۆسەکەوە، ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووانی ڤایرۆسەكە لە جیھاندا گیانیان لەدەست دا، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئامادەکارییەکان بۆ بەگژداچوونەوەی كۆرۆنا و جێبەجێ کردنی ڕێکارە تەندروستییەکان، خۆشبەختانە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەچاو وڵاتانی دیكە، کەمتر مەترسی ھەبوو“.

ڕوونیشی كردەوە: ”ئەوانەی سەرەتا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە كۆرۆنا بوونی نییە، تاوانبارن بەرامبەر بە گیان لەدەستدانی ئەو کەسانەی بەھۆی كۆرۆناوە کۆچی دواییان کردوە، بێگومان شاسوار عەبدولواحید، یەکێکە لەو کەسانەی خەڵکی لە خۆپارێزی سارد دەکردەوە و ڤایرۆسی کۆرانای تێكەڵی ئەجێندای سیاسی دەکرد، هەروەها بە کەمبایەخ تەماشای رۆڵی ئەو پزیشکانەی دەکرد کە لەپێناو پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و تووشبوانی كۆرۆنا، خۆیان خستبووە مەترسییەوە و شەڕیان لە دژی پەتاكە دەکرد“.

دووپاتیشی كردەوە: ”شاسوار عەبدولواحید، لەپێناو موزایەدەی سیاسی لە کۆشکەکەی خۆی دانیشتووە و ڕەخنە لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەگرێت، بۆیە پێویستە ئەو بازرگانەی کە ئێستا خۆی کردوە بە کەسێکی سیاسی، فشە فش نەکات، ئەو سەرەتا ڕەتی دەکردەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەبێت، بەڵام بۆ موزایەدەی سیاسی، نەخۆشانەیەکی تایبەت بە کۆرانای دروست کرد، بەبێ ئەوەی یەک نەخۆش وەربگرێت، یان ئەو نەخۆشخانەیە ڕادەستی تەندروستیی سلێمانی بکات، بۆ ئەوەی لەو نەخۆشخانەیەوە چارەسەری تووشبوانی كۆرۆنا بکرێت، بێزەحمەت كوا نەخۆشخانەكە؟".

ئەم قسانەی پزیشكەكەی سلێمانی پاش ئەوە دێت كە  چەندانجارە تەندروستیی هەولێر و نەخۆشخانەی ڕزگاری جەختیان لەوە كردەوە كە هیچ كێشەیەكی كەمی یان نەبوونی ئۆكسجین نییە، بەڵام شاسوار عەبدولواحیدی بارزگانی قەرزاری حكوومەت و خەڵك كە هاوكات كەناڵێكی تەلەفزیۆنیی چەواشەكار و گرووپێكی سیاسیی موزایەدەچی هەیە، وەك بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری دەڵێت، دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی بڵاو دەكەنەوە گوایە كێشەی كەمیی ئۆكسجین هەیە، پاشانیش چەند بوتڵێكی ئۆكسجین دەبەنە نەخۆشخانەكە گوایە ئەوانن ئۆكسجین بۆ خەڵكی دابین دەكەن.

لەمبارەیەشەوە بەختیار شاخی، رۆژنامەنووس، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”بە ترسەوە بیرمان لەوە دەکردەوە، تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت، هەناسەیشمان نەکەوێتە دەست دز و بازرگانەکان؟ بەداخەوە لەم چەند ڕۆژەدا ئەوەیشمان دیت. ئاخر هەی نامەرد، ئەگەر دەزانی نەخۆشخانە کێشەی ئۆکسجینی هەیە، بۆ دەیکەیە کەرەستەی موزایەدە و سیاسەتی بۆگەنیوی حزبی و شارچێتییە پۆخڵەکەت؟ بۆ هێندە سووک سەرنجی ژیانی مرۆڤ دەدەیت و لەجێی ئەوەی بە بێدەنگی بچی بەهانای نەخۆشخانەوە، دێی لە میدیاکاندا سنگ دەردەپەڕێنی و دەڵێی ئامادەم ئەوەندە (بوتڵ ئۆکسجین) دابین بکەم؟  لە سامانی سەر و ژێری ئەم خاکە تێر نەبووی، دەتەوێ هەواکەیشمان پێ بفرۆشی؟ دە کەمێک مەرد بە، لانیکەم  پیاوەتی بە هەواوە مەکە“.