كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مەردان خدر: شاسوار عەبدولواحید قەرزەكانی بداتەوە خزمەتگوزاریی تەندروستیی باشتر پێشكەش دەكرێ

”خەڵكی ڕاستییەكان دەبینن و بە موزایەدە ناخەڵەتێن“

ئەندامێكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە شاسوار عەبدولواحید دەكات، لە جێگەی موزایەدەكردن بە ئۆكسجینەوە، قەرزەكانی بداتەوە تاوەكوو بەهۆیەوە خزمەتگوزاریی تەندروستیی باشتر پێشكەش بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

لە كاتێكدا چەندانجارە تەندروستیی هەولێر و نەخۆشخانەی ڕزگاری جەخت لەوە دەكەنەوە كە هیچ كێشەیەكی كەمی یان نەبوونی ئۆكسجین نییە، بەڵام شاسوار عەبدولواحیدی بارزگانی قەرزاری حكوومەت و خەڵك كە هاوكات كەناڵێكی تەلەفزیۆنیی چەواشەكار و گرووپێكی سیاسیی موزایەدەچی هەیە، وەك بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری دەڵێت، دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی بڵاو دەكەنەوە گوایە كێشەی كەمیی ئۆكسجین هەیە، پاشانیش چەند بوتڵێكی ئۆكسجین دەبەنە نەخۆشخانەكە گوایە ئەوانن ئۆكسجین بۆ خەڵكی دابین دەكەن.

لەمبارەیەوە مه‌ردان خدر، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "خه‌ڵك له‌ موزایه‌ده‌ تێر بووه‌، هەر ئه‌وانە بوون له سەرەتای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا، پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ كوردستان، ده‌یانگوت ئامادەین باره‌گاكانی خۆشمان بكه‌ینه‌ نه‌خۆشخانه‌، بەڵام كه‌ پەتاكە تەشەنەی سەند، ده‌یانگوت كۆرۆنا بوونی نییه، ئێستاش ده‌یانه‌وێت موزایه‌ده‌ به ‌ژیانی خه‌ڵك و مه‌ترسییەكانی ئه‌و پەتایەوە بكه‌ن، بەڵام خه‌ڵكی ڕاستییەكان دەبینن و دەزانن ئه‌وانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و چه‌ند ده‌نگێك ئەم كارانە دەكەن".

ڕوونیشی كردەوە كە هەر كەموكورتییەك لە نەخۆشخانەكان هەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەمووان جددیترە بۆ چارەسەركردنی، ئەوەتا بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە پێكهێندرا كە باس لە نەمانی ئۆكسجین چەند ڕۆژێك لەمەوبەر و بۆ ماوەی چەند سەعاتێك لە نەخۆشخانەكە دەكرێت، ”هەر بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتیش ئەگەر كێشەی كەمیی ئۆكسجین هەبێت، چارەسەر دەكرێت، بۆیە پێویست بە موزایەدە ناكات و خەڵكی هەولێریش ناچنە ژێر باری موزایەدە“.

مەردان خدر جەختی كردەوە كە شاسوار عەبدولواحید لە جێگەی ئەو موزایەدانە، با ئەو قەرزەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لایەتی، بگەڕێنێتەوە، ئەوكاتە حكوومەت بە پارەی قەرزەكە و بازرگانە قەرزارەكانی دیكە، دەتوانێت خزمەتگوزارییەكی تەندروستیی باشتر پێشكەش بكات.

دووپاتیشی كردەوە: ”یەكێك لە گرفتە گەورەكانی زیاتر لە ١٠ هەزار خێزان لە سلێمانی، پشكەكانی چاڤیلاندە كە چەندان ساڵە پارەیەكی زۆری ئەو خەڵكەی لایە و دەستی بەسەردا گرتووە و هەقی خۆیان پێنادات، با شاسوار عەبدولواحید مافی ئەو خەڵكە بدات ئینجا موزایەدە بكات و بانگەشەی ئەوە بكات كە دەستی هاوكاری بۆ خەڵكی هەولێر درێژ كردووە“.

پێشتر هێرش مەلا جەوهەر، پارێزەر، بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو كە بەهۆی ئەوەی شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی ئەوەی دەكرد كۆرۆنا بوونی نییە، هۆكارێكی سەرەكیی خۆنەپاراستنی خەڵكە لە پەتاكە و تووشبوونیان، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر ئەو كارەی كە یاسا بە تاوانی لەقەڵەم داوە، سزا بدرێت.

هەر لەمبارەیەوە بەختیار شاخی، رۆژنامەنووس، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”بە ترسەوە بیرمان لەوە دەکردەوە، تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت، هەناسەیشمان نەکەوێتە دەست دز و بازرگانەکان؟ بەداخەوە لەم چەند ڕۆژەدا ئەوەیشمان دیت. ئاخر هەی نامەرد، ئەگەر دەزانی نەخۆشخانە کێشەی ئۆکسجینی هەیە، بۆ دەیکەیە کەرەستەی موزایەدە و سیاسەتی بۆگەنیوی حزبی و شارچێتییە پۆخڵەکەت؟ بۆ هێندە سووک سەرنجی ژیانی مرۆڤ دەدەیت و لەجێی ئەوەی بە بێدەنگی بچی بەهانای نەخۆشخانەوە، دێی لە میدیاکاندا سنگ دەردەپەڕێنی و دەڵێی ئامادەم ئەوەندە (بوتڵ ئۆکسجین) دابین بکەم؟  لە سامانی سەر و ژێری ئەم خاکە تێر نەبووی، دەتەوێ هەواکەیشمان پێ بفرۆشی؟ دە کەمێک مەرد بە، لانیکەم  پیاوەتی بە هەواوە مەکە“.