وەزارەتی تەندروستی: داوای دامەزراندنی ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیمان کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: داوای دامەزراندنی ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیمان کردووە


بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کەمی پزیشک و کارمەندی سڕکردن و کارمەندی حاڵەتی چاودێری چڕ یەکێکن لە کێشە گەورەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاندان و دەرماڵەی تایبەتمان کردووه بۆ ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن و چاوەڕێی وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین هەروەها داوای دامەزراندی ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیشمان کردووە.


دکتۆر خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "لە کوردستان کێشەی کەمی نەخۆشخانەمان نییە بۆ تووشبووانی کۆڕۆنا، بەڵکو کێشەی کەمی تەختمان هەیە کە ئەوەش تەنیا لە کوردستان نییە لە هەموو ئەو شوێنانەی دونیا کە کۆڕۆنایان تیادا بڵاوبووەتەوە ئەو کێشەیان هەیە، تەنانەت لە ئەمەریکا ئەو کێشەیە هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ڕێژەی تووشبووان بە پەتای کۆڕۆنا لە هەڵکشاندایە، بێگومان ئەم کێشەیەش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازی هەیە و دەگۆڕێت، ئێستا لە دهۆک و سلێمانی کێشەمان نەماوە گەرمیانیش نزیکە بەرەو باش بوون بڕوات، تەنیا کێشەکەمان لە هەولێرە کە ئێستا هەولێر ڕێژەی تووشبووانی زیاد بووە".


گوتیشی: "بۆ ئامێری هەناسەدانیش کێشەمان لە ژمارەی ئامێرەکان نییە، بەڵکو کێشەمان لە بەڕێوەبردن هەیە، ئامێری هەناسەدانی دەستکرد پێویستی بە پزیشکی تایبەتمەند هەیە لە بواری سڕکردندا لەگەڵ کارمەندی تایبەتی تەندروستی، ئێمە ئەو ژمارەیەمان نیە لەو شوێنانەی دابنێین، هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵکێکی زۆر وازیان هێناوە و ڕۆشتوون کەس نەبووە بە گرێبەستیش لە شوێنیان دابنێین، هەروەها ساڵانێکی زۆرە دامەزراندن نییه کە ئەمەش کێشەکەی گەورەتر کردووە بۆ ئێمە، چونکە ئامێر پێویستی بە ئەوە هەیە بە شێوەیەکی بەردەوام کارمەندی شارەزای هەبێت".

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاشیگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داوامان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بە پێی پێویستییەکانمان بۆ ئێستا ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانمان لەو شوێنانە پڕ بکەنەوە کە پێویستن بۆ کۆڕۆنا".


گوتیشی: "کێشەی کەمی پزیشکی سڕکردن و کارمەندی حاڵەتی چاودێری چڕ ئەوەیە کە، خەڵکێکی زۆر کەم لەو بەشە دەخوێنن، چونکە هیچ دەرماڵە و هاندانێکی نیە و بەشێکی مەترسیداریشە، لە عێراق هدانێکی زۆریان پئ دەدرێت، بەڵام تا ئێستا لە کوردستان نیە و ئێمەش داوای ئەو هاندان و دەرماڵەیەمان کردووە و پێمان وایە ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین".