توێژەرێكی عێراقی: چارەنووسی مستەفا كازمی جیاواز نابێ لە عادل عەبدولمەهدی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

توێژەرێكی عێراقی: چارەنووسی مستەفا كازمی جیاواز نابێ لە عادل عەبدولمەهدی


ئەمڕۆ پێنجشەممە توێژەرێكی سیاسیی عێراقی رایگەیاند ئەگەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەتوانێ داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی جێبەجێ بكات، ئەوا چارەنووسەكەی جیاوازی نابێت لە هی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوە.


ئەحمەد یاسری توێژەری سیاسی و شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە حكوومەتی كازمی بە زوویی شكست دێنێت ئەگەر هەمان سیناریۆكانی حكوومەتی پێشوو لە دەستدرێژی بۆ سەر خۆپیشاندەران دووبارە بكاتەوە.


دووپاتیشی كردووەتەوە كە ئەگەر كازمی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان پشتگوێ بخات، ئەوا هەمان چارەنووسی عەبدولمەهدی دەبێت و ناچار دەكرێت دەست لەكار بكێشێتەوە و حكوومەتەكەی هەڵدەوەشێتەوە.


جێی باسە حكوومەتی پێشووی عێراق جگە لەوەی نەیتوانی داواكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، بە توندییش ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە و لە ئەنجامدا سەدان خۆپیشاندەر لە دوای ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە كوژران و بە هەزارانیش بریندار بوون.


لە ئێستاشەوە كە حكوومەتێكی نوێ پێكهاتووە بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی، دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆكانی حكوومەتی رابردوو دەستی پێكردووە و پێدەچێت ئەو حكوومەتەش شكست بێنێت.