ئەمریکا 14 کەسایەتی و دامەزراوەی سووری سزا دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمریکا 14 کەسایەتی و دامەزراوەی سووری سزا دەدات

یەکیان کوڕی بەشار ئەسەدە

هەردوو وەزارەتی گەنجینە و دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە بەپێی یاسای (سزار) کە پەسەندکراوی کۆنگرێسە، ١٤ کەسایەتی و دامەزراوەی سەر بە حکوومەتی سووریا گەرمارۆیان دەخرێتە سەر کە یەکیان کوڕەکەی بەشار ئەسەد سەرکۆماری ڕژێمی سووریایە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "گەمارۆکانی ئەمجارەی سەر سووریامان ناو ناوەتە (حەما و مەعرە ئەلنەعمان) کە وەبیرهێنەرەوەی کردەوەی دڕندانە و تاوانی ئەو ڕژێمەیە لەو دوو شارە.

حافز ئەسەد، کوڕی بەشار ئەسەد کە بەناوی باپیرییەوە ناو نراوە، تەمەنی ١٨ ساڵە و یەک لەو کەسانەیە کە ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەری و سزای ئابووریی داوە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ئاشکرای کردووە ئەم گەمارۆ نوێیانە بۆ سەر سووریا، درێژەی هەمان پرۆسەی زەخت و گوشاری ئەمریکایە بۆ سەر سووریا هەتا شەڕی بێبەزەییانەی لەدژی خەڵکی سووریا بوەستێنێت و پابەندی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.

گەمارۆ و سزای ئابووریی ئەمریکا بۆ سەر ١٤ کەسایەتی و دامەزراوەی سووریا بەپێی یاسایەک بەناوی (سزار) جێبەجێ کراوە کە سەرەتا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە جەنگییەکانی بەشار ئەسەد لە کۆنگرێسی ئەمریکا پەسەند کراوە و پاشان چەند بەشێکیشی لە پرۆژەیاسای بودجەشدا گونجێندراوە.