كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ عەرەب و سریان بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن پێکدێنن

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد: دەرگای بەرەکەمان بۆ پەیەدە و لایەنەكان کراوەیە لە دژی رژێمی سووریا

کوردی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ عەرەب و سریانی سووریادا بەرەیەکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی بە ناوی بەرەی (ئاشتی و ئازادی) پێکدەهێنن، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیش ئاماژە بەوە دەدات كە دەرگای بەرەکەیان بۆ پەیەدە و هەر لایەنێکی دیکە کراوەیە کە لە دژی رژێم لە سووریا خەبات بکەن.


هەریەک لە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا "ئەنەكەسە"، رێكخراوی ئاسووری دیموكراتی، شەپۆڵی غەدی سووری، ئەنجوومەنی عەرەبیی جەزیرە و فورات)، لە چوارچێوەی بەرە سیاسییەكەی سووریادا خۆیان کۆکردووەتەوە.


لەمبارەیەوە عیماد برهۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد كە بەرە سیاسییەکەیان لە کورد و عەرەب و سریان پێکهاتووە، دەیانەوێ لە ڕێگەی خەباتی سیاسی هاوبەشەوە پێکهاتەکانی سووریا بپارێزن و مافە مەدەنی و یاساییەکانیان بەدەست بهێنن.

گوتیشی “بەرەکە لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆندا خەبات لە دژی رژێمی ئەسەد دەکات و دەرگای بەرەکەش بە ڕووی پەیەدە و هەر لایەنێكدا کراوەیە بێتە ناویەوە، بە هیچ شێوەیەکیش پێکهێنانی ئەو بەرەیە کاریگەری خراپ ناکاتە سەر دانوستانەکانی (ئەنەکەسە و هەسەدە-پەیەدە) لە سووریا، چونکە ئامانجی بەرەکە خەباتی سیاسی و ئاشتیانە بۆ مافی هەموو پێكهاتەكانی سووریا بە كورد و عەرەب و ئاشوورییەوە".


برهۆ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە دیدێکی هاوبەشیان هەیە و دەیانەوێ لەسەر ئاستی جیهان پرسی سیاسیی سووریا بگەیەنن، بۆ ئەوەش پشت بە بڕیاری نێودەوڵەتیی ژمارە ٢٢٥٤ و بەیاننامەی جنێفی یەكەم دەبەستن بۆ چارەكردنی پرسی سووریا و دەیانەوێ زمانی کوردی و عەرەبی و سریانی زمانی فەرمی گەلی سووریابن و کولتوری هەریەکیان پارێزراوبێت.