زیندان و كۆمەڵگە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

زیندان، جێی جیاكردنەوەی كەسێكە لە كۆمەڵگە، جێی دابڕینیەتی لە خێزان و گرووپ. زیندان هەمیشە بە تاوانێكەوە بەستراوەتەوە. خەتا و گوناهێك ڕێگای زیندان دەخەنە بەردەم كەسەكان.


بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی، كورتەیەك لە مێژووی زیندان دەنووسمەوە، بۆ ئەوەش پشت بەو زانیارییانە دەبەستم، كە لێكۆلەر (میرهان فوئاد) خستوویەتییە بەردەستمان.


خاتوو میرهان دەنووسێ:
- زیندان، بەندیخانە، چاكسازی، دەزگای چاكسازی، یەكێكە لە كۆنترین داهێنراوەكانی مرۆڤ، هەركاتێكیش شۆڕشێك هەڵگیرسێ، یەكەم شوێن، كە خەڵك دەچن بیڕووخێنن، زیندانەكانن. زیندانەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران و سەركوتكردنی دژبەرانی دەوڵەت لە شەڕ و ململانێكاندا بەكار دێن. هێشتا فكرەی زیندانیكردن وەك سەرەتاكەی ماوەتەوە، ئەویش جیاكردنەوەی خەڵكە بە دیوار و شوورە لە دنیای دەرەوە، (گۆڕانەكە تەنیا لە نەخشە و شێوەی شوورە و دیوارەكاندایە، لەگەڵ بەكارهێنانی لێزەر و پەنجەمۆر).


هەر خاتوو میرهان دەپرسێ:
- پێش زیندان، شێوازی سزادان چۆن بووە؟


هەر بۆ خۆی دەڵیت:
- پێش دامەزراندنی زیندان، ئەو سزایانەی دەسەپێنران، هەمیشە جەستەیی بوون و بریتی بوون لە كاركردنی قورس، نەفیكردن بەبێ دادگا، سزای جەستەییش بە شێوەیەكی ئاشكرابوو لە مەیدانە گشتییەكان، بە ئامانجی چاوترساندنی كۆمەڵگە.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، لە سەرەتاوە زیندانەكان بە مەبەستی سزادان دروست نەكران، تەنیا جێگایەك بوون بۆ ڕاگرتنی تاوانبار، بۆ ماوەیەك، هەتا سزایەكەی بە كرداری بەسەردا دەسەپینرێ، كە ئەوەیش سزایەكی جەستەیی بە ئازار بووە، وەكوو قامچیكاری.
ئێستا لە هەموو جیهاندا (١٠) ملیۆن و نیو، زیندانی هەن، دوو ملیۆن و دووسەد هەزاری تەنیا لە ئەمەریكان، لەدوای ساڵی دوو هەزارەوە ژمارەی زیندانییەكان لە سەدا بیست زیادی كردووە، ڕێژەی ژنان لە سەدا پەنجا بەرز بووەتەوە، ڕێژەی زیندانییانی پیاویش لە سەدا هەژدە زیادی كردووە.


بەپێی زانیارییەكانی (خاتوو میهران فوئاد):
- كۆنترین سیستەمی بەندیخانە، كە لە مێژوودا تۆمار كرابێ، لە هەزارەی پێش میلاددا بووە، ئەویش لە وڵاتی ڕافیدەین و میسڕدا بووە. لەو كاتانەدا بەندیخانە بریتی بووە، لە ژوورێك لەژێر زەویدا، چارەنووسی زیندانییەكان یان هەڵواسین بووە، یان كردوویانن بە كۆیلە.
یۆنانییەكان هەندێ گۆڕانیان تێدا كرد، ئەویش بەوەی زیندانە تاریكەكەیان گۆڕی بە ژووری تەختە، كە زیندانییەكە پێی زنجیر كرابوو، ڕێگاشیان دەدا خزمانی سەردانی بكەن.
ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانیی كۆن ڕێگای زۆر دڵڕەقانەیان لەگەڵ زیندانییەكان بەكار دەهێنا. هەموو بەندیخانەكان لەژێر زەویدا بوون، تەسك بوون، ڕاڕەو و ڕێگای كلاسترۆفۆبییە (دەبووە هۆی تۆقاندن و تەنگەنەفەسی)، زیندانییەكان بۆ ماوەیەك، یان بەدرێژایی ژیانیان بە زنجیری ئاسن و پۆڵا دەبەسترانەوە. لەبەر ئەوەی ئەو كاتە رژێمی كۆیلایەتی مابوو، ئەو كۆیلانەی ئازاد دەبوون، دەكرانە زۆرانباز.


زیندانی نوێ:
گوزەرانی بەندیخانەكان بەو قورسییەوە مایەوە، هەتا سەرەتای پاشایەتیی بەریتانی، كە سیستەمێكی زیاتر دادپەروەرانەی جێبەجێ دەكرد. لە ساڵی ١١٦٦ پادشای بەریتانی، هێنری دووەم، یەكەم بەندیخانەی بنیات نا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ چاكسازیی لە یاساكەدا كرد.
لە ساڵی ١٢١٥ پادشای بەریتانیا جۆن، یەكێك لە گرنگترین یاساكانی مێژووی مۆر كرد، كە بە ماگنا كارتا ناسرابوو، لەڕاستیدا ناچار كرا، كە ئەو ئیمزایە بكات. لە بەڵگەنامەكەدا ئەوەی تێدابوو، كە
”كەس بەبێ دادگاییكردن زیندانی ناكرێت“.
لە سەدەی پازدەدا، كە دەرەبەگایەتی لەسەر لەناوچوون بوو، شارەكان فراوان بوون، ئاڵۆزی و سەرلێشێوانی ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕوویان دا، خەڵكێكی زۆر بێ نەوا بوون. دزی و لەشفرۆشی زیادی كرد، دەسەڵات بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو بارە تازەدا، دروستكردنی (ماڵی كار)یان داهێنا، بەناوبانگترینیان (بریدویل) بوو، لەوێدا دز و سێكسفرۆش و بێ نەوایان دەخرانە (ژوور)، نەك زیندانەوە. ئەودەم زیندانییەكان كەلوپەلی جۆراوجۆریان بەرهەم دەهێنا. لەبەر ئەوەی دیدی دەوڵەتانی ئەوكاتەوە (كاری قورس و تاقەتپڕووكێن) دووبارە ئامادەكردنەوەی زیندانی بوو، بۆ ژیانی ناو كۆمەڵگە، بەڵام هەموو وڵاتە ئەوروپییەكان ئەو بۆچوونەیان پەیڕەو نەكرد.
(هەموو ئەو زانیارییانەم لە خاتوون میرهان فوئاد) وەرگرتووە، كە بابەتەكەی ئەو زۆر دەوڵەمەندتر و درێژترە.


كورد و زیندان!


زۆر قورسە هەروا ئاسان بنووسی كورد و زیندان! زیندان تاكە كایەیە، كە كورد تێیدا دەوڵەمەندە، مێژوویەكی فراوان و بێسنووری هەیە، هەرچەندە ئەویشی نەنووسیوەتەوە و دۆكیومێنتی نەكردووە. دەكرێ زیندانی كورد بكەیەنە دوو بەش:
- كورد، كە زیندانی دەكرێت.
- كورد، كە بەندیخانەی هەیە.
لە یەكەمیاندا ئەو سەردەمە نەبڕاوەیەیە، كە كورد بە هەر بیانوویەكەوە بێ، زیندانیی كراوە و دەكرێ، ئەوەیان بابەتی ئەو وتارەم نییە و ناچمە وردەكارییەكانییەوە.
دووەمیان، ئەو سەردەمەی كورد بەندیخانەی هەبووە. ئەویش دوو جۆرە، من چاو لەو سەردەمە دەنووقێنم، كە حزبە كوردییەكان لە شاخ و هەر كەسە و بۆ خۆی بەندیخانەی هەبووە، ئەوە یەكەمیان. مەبەستی من دووەمیانە، تەنیا ئەو سەردەمەی، كە كورد حكوومەتی هەیە و بەندیخانەشی هەیە. ئەو بەندیخانانەی پێیان دەڵێن چاكسازی. تایبەتن بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان.
- یەكەم نیشانەی ئیرادەی نەتەوەپەروەری و ئینساندۆستیی گەلێك ئەو كاتە دەردەكەوێ، كە ڕێز لە زیندانییەكانی بگرێت.
- هەر گەلێك ڕێز لە حوكمدراوان بگرێت، بێ شك حورمەتی هاونیشتمانیانی دەرەوەی زیندانی تێدا پارێزراوە، بەپێچەوانەشەوە.
- بەندیخانەكان چەند ڕووناك بن، ویژدانی دەسەڵات ئەوەندە ئاسوودە و جێی متمانەیە.
دوای ئەوە دەتوانم باسی رۆمانی پێنجەمین كتێب و زیندانییان بكەم.