كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چیرۆکێکی ژنێكی كوردی ئێزدی ناخ دەهەژێنێت

"چەكدارێكی داعش بە دەست و قاچێكی پەڕیویشەوە رۆژانە ئەشكەنجەی دەداین"

کە چوومە ماڵی، لەژێر چادرێرێک بە دەستەکانی هەردوو قاچی لە باوەش گرتبوو، منی بینی، بە زەحمەت توانی لە جێگای خۆی هەستێ. سڵاوم لێ کرد و دەستیم ماچ کرد، گوتی: “باشە هیچ پیاوێکت لەگەڵ خۆت نەهێناوە. شەرم دەکەم لەبەردەم پیاوەکان قسەت بۆ بکەم”.


کاتێک هەندێ قسەمان کرد و حاڵی ئەوم بینی، پەشیمان بوومەوە لەوەی، کە ژیانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ی پێ بگێڕمەوە. پێیم گوت، من تەنیا بۆ سەردان هاتووم، ویستم ئێوە ژنە ئازاکان ببینم، کە بەرگەی دڕندەیی رەفتارەکانی ئەوانتان گرتووە.


بەپێکەنینەوە گوتی: “حاڵم زۆر خراپ دیارە”؟ گوتم: “نا، ئەگەر من بوومایە نەمدەتوانی وەکوو تۆ ئازا بم، بەدڵنیاییەوە، بەڵام نامەوێ ماندووترت بکەم”.


زەینەب گوتی: “لەڕاستیدا من بە گێڕانەوەی دەڕۆمەوە ناو رووداوەکان، ئەگەرچی زۆر زەحمەتە، بەڵام بۆ هەموو کەسی دەگێڕمەوە، تا بزانن چییان بەسەر ئێمە هێناوە”.


زەینەب تەمەنی ٥٥ساڵە. دایکی پێنج منداڵە، ئەو نازانێ منداڵەکانی لە کوێن، چونکە لە کاتی دەستگیرکردنیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، لە یەکتریان دابڕیون. دوای ئەوە ئاگایان لە حاڵی یەکتر نەماوە، بە بێتاقەتییەوە دەڵێت، لەوانەیە


لە ژیانیشدا نەمابن (دوای ماوەیەک بێدەنگبوون)، کاتێک دەکەویە بەردەستی داعش رۆژی سەد جار ئاواتی مەرگ دەخوازی، بەڕاستی مەرگ لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان ئارامترە.


زەینەب خەڵکی شنگالە، لە ٣-٨-٢٠١٤، کاتێک داعش هێرش دەکاتە سەر شنگال، ئەوان دەیانەوێ رابکەن، بەڵام لە رێگا دەستگیر دەکرێن: "کاتێک داعش هێرشی هێنا، ئێمە ویستمان رابکەین، خێزانی من و خەڵكی گەڕەک و هەندێ خزم پێکەوە بووین. لەنزیک (قەبائیل) داعشەکان ئێمەیان دەستگیر کرد".


زەینەب دەڵێت، ئەوەی منی سەرسام و خەفەتبارتر کرد، بینینی عەرەبەکانی هاوسێ و دۆستمان بوون، وەکوو چاوساغی داعش: "کاتێک ئێمەیان دەستگیر کرد، هەندێ پیاوی عەرەبم بینی، کە چەندین ساڵە لەگەڵ ئێمە، لە گەڕەک و کۆڵان و سەرسفرەکانمانن! تووشی سەرسوڕمان بووم. بەڕاستی چۆن ئەوانە دەیانەوێ ئێمە بدەنە دەستی بکوژان و تیرۆریستان؟".


زەینەب لەگەڵ گێڕانەوە زۆر ماندوو دەبوو، جگەرەیەکی دادەگیرساند و تا تەواو دەبوو، وەک کەسێکی سڕ هیچی نەدەگوت، تەنیا ئاو دەخزایە چاوەکانی.


دوو رۆژ دوای دەستگیرکردنیان لە قوتابخانەیەکدا، کاتێک (ئافرەتی گەنج و بەتەمەن، جوان، منداڵدار و بێ منداڵ، سەڵت و خێزاندار) جیا دەکرێنەوە، زەینەب لە کچەکانی دادەبڕێت و تا ئێستا نەیبینیونەتەوە. هەمان رۆژی دەستگیرکردنیشیان، کوڕەکانیشی لەوان جیا دەکرێنەوە.


زەینەب دەڵێت: "کاتێک ئافرەتەکانیان لە یەکتر جیا دەکردینەوە، هەبوو دایک لە منداڵ، کچ لە دایکی، دەتگوت رۆژی حەشرە، قیژەقیژی ژن و منداڵ دارودیواری بەدەنگ دەهێنا، ئەوانەی دەیانبردن بە راکێشان بەدوای خۆیاندا رایاندەکێشان، منداڵ هەبوو دامێنی دایکی دەگرت و لێی جیا نەدەبووەوە، منداڵێک کاتێك دایکیان برد، ئەوەندە گریا تا بێهۆش بوو".


ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش، پێویستیان بە چاودێری پسپۆڕ و رێنماییکاری دەروونییە، تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیان، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و فشارەکانی حکوومەتی ناوەندی، حکوومەتی هەرێم وەکوو پێویست نەیتوانیوە ئەم کارە پێویستانە بکات، لە کەمپێکدا تەنیا بنکەیەکی تەندروستی و دوو دکتۆری دەروونیی لێیە، کە بەراورد بە دۆخی ئەوان زۆر کەمە، هاوکات حکوومەتی عێراق هیچ جۆرە هاوکارییەکی پێشکەشی ئێزدییەکان نەکردووە، لەکاتێکدا لە رووی ئیدارەوە سەر بە حکوومەتی ناوەندین.


زەینەب لەگەڵ ژنانی هاوتەمەنی، ماوەیەک دەبرێنە (قزل قیوە) لەوێ لە خانوویەک جێگیر دەکرێن. بێ ئاو و نان و کارەبا. ئەو دەڵێت، ئەگەر بیانویستایە زۆر ئازاری یەکێک بدەن، بێ خواردنیان دەکرد و کارەبایان لەسەر دەبڕی.


دوای مانگێک لەگەڵ چەند ژنێک دەگوازرێتەوە بۆ سووریا، لەوێ بازرگانێک، کە کڕین و فرۆشتن بە ژنانی ئێزدییەوە دەکات، دەیانکڕێت: "لە سووریا لە باخێکی گەورە رایانگرتین، رۆژانە داعشەکان دەهاتن سەیریان دەکردین، ئەگەر ژنێکیان بە دڵ بوایە دەیانبرد، یەکێك هات بە منی گوت، تۆ ناشیرینی، مەگەر بۆ خزمەتکردنی موجاهیدەکان بەکەڵک بێی، ئینجا رۆیشت. بۆ رۆژی دوایی پیاوێک هات من و چوار ژنی تری کڕی و لەگەڵ خۆی بردمانی".


زەینەب پێی وایە، کە ئەو پیاوە بۆ خزمەت و کاری خۆی دەیانبات، نەیزانیوە بازرگانە: "کاتێک ئێمەی بردە قاعەیەکی گەورە، بینیمان زیاتر لە ٥٠ ژنی لێ بوو، هەمووی ئێزدی بوون و هەندێکمان دەناسین، بەڵام کەس نەیدەوێرا لەگەڵ کەس قسە بکات، پیاوەکە گوتی خۆتان بشۆن، تا بەیانی هەمووتان پاکوخاوێن بن".


گوتیشی، بۆ رۆژی دواتر داعشێک دێت پێیان دەڵێت، کە خۆیان ئارایشت بکەن و خۆیان جوان بکەن: "هەندێ لە ژنە گەنجەکان نەیانکرد، داعشەکەی ئێمەی کڕیبوو، هات بە سۆندە بەربووە گیانی هەموومان و گوتی: “ئەوەی خۆی جوان نەکات و خۆی نەگۆڕێت دەیکوژم، من ئێوەم کڕیوە و دەتوانن هەموو شتێکتان لێ بکەم، بۆیە هەندێ لە ژنەکان لە ترسان هەستان ئارایشتیان کرد و ئەو جلانەیان لەبەر كرد كە داعشەكو بۆی هێنابوون، هەموومانیان بردە حەوشەیەکی گەورە، لەوێ بە ریز وەستاندیانین، کۆمەڵێک داعشی دیکە بۆ کڕینی ئێمە هاتبوون، بە (یا شێخ!) بانگی داعشە بازرگانەکەیان دەکرد".


زەینەب دەڵێت، لە یەکەم رۆژی دەستگیرکردنمانەوە پێم وابوو رۆژانی لەوە ناخۆشتر نابینم، بەڵام: "پیاوێک من و دوو ژنی دیکەی کڕی. ئێمەی بردە قاتی سەرەوەی بارەگایەکی داعش، گوتی: “دەبێ خزمەتی هەموو ئەو موجاهیدانە بکەن و ئێرە پاک بکەنەوە و خواردن دروست بکەن، بەڵام ئەرکی سەرەکیتان خزمەتی ئەبوو ئەحمەدە".


بەپێی قسەی زەینەب، ئەبوو ئەحمەد پیاوێکی کەمئەندامی سەر کورسی بووە و لە شەڕێک قاچ و دەستێكی پەڕیوە. برای ئەو داعشە بووە، کە ئەوان ی کڕیوە: "ئەبوو ئەحمەد گەنج نەبوو، بەڵام وەک هەرزەکار قسەی لەگەڵ ئێمە دەکرد، بیانووی پێ دەگرتین، رۆژێک برنجم لێ نا و بۆم برد، گوتی خۆت بیکە دەممەوە، من بە کەوچک دەمدایە، بەڵام کە تێری خوارد بە تەنیا دەستەکەی هەیبوو، پاشماوەی قاپە برنجەکەی بەسەرمدا کرد، گوتی: “ئەو چێشتە خۆش نەبوو".


رەفتارێکی دیکەی ئەبوو ئەحمەد، کە بۆ زەینەب سەیر بووە ئەوە بووە، کە "زۆرجار بانگی دەکردین و دەیگوت دەبێ هەمووتان لەبەر چاوی من خۆتان رووت بکەنەوە، ئێمە پێمان دەگوت، وەکوو خوشک یان دایکی تۆ واین، میهرەبان بە لەگەڵمان، ئەو دەیگوت ئێوە جاریەی منن، دەتوانم هەرچۆن بمەوێ لێتان بخوازم".


زەینەب، ژیانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی داعش بە جەهەننەمێکی راستی وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەو جەهەننەمەی ئەوان باسی دەکەن، لەسەر زەوی بۆ ئێمەیان دروست کرد، ئەبوو ئەحمەد دەستدریژیی دەكردینە سەر بە دەست و قاچێكەوە لێشی دەداین و خزمەتی دە چەکداریشیان پێ دەکردین، هەروەها بەردەوام سووکایەتییان پێ دەکردین و جنێویان بە ئایین و رەچەڵەکی ئێمە دەدا".


زەینەب، باس لەوە دەکات، کە هەر کاتێك ئەبوو ئەحمەد بێتاقەت دەبوو، داوای دەکرد دەرمانەکانی بۆ ببەم، حەبێکی دەخوارد، پێنج شەش سەعات پێی دەخەوت: "دوای ماوەیەک زانیم ئەو حەبە خەوی لێ دەخات، بۆیە رۆژێک، کە حەبەکەی خوارد مۆبایلەکەیم لێ دزی و تەلەفۆنم بۆ دراوسێیەکمان کرد، دواتر رۆژانە، کە دەخەوت پەیوەندیم لەگەڵ کەسوکارم دەکرد، تا کەسێکیان دۆزییەوە من بە پارە بەرێتەوە".


دوای ئەوە زەینەب حەبەکە بۆ ئەبوو ئەحمەد دەکاتە ناو خواردن و دوای نیوەڕۆیەک دەڵاڵەکە دێت دەیبات، تا دەگاتەوە سنووری پێشمەرگە و رزگاری دەبێت.

 

وێنەكە: وەرگیراوە