لە ستایشی دایکانی زەبووندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

(٢٤)


ئەگەرچی خودی ژنان لە سۆنگەی ئەوەدا سەنگ و پێگەی بڵندیان بۆ فەراهەم بووە، کە سکوزا دەکەن و بوونەوەرێکی دیکە لەناو گیانی ئەودا دێت و دواتر ئاوەدانی لەگەڵ خۆی دێنێت، چ مێ و چ نێر، بەتایبەتی لەو سەردەمانەی کە ژیانێکی سادە و سەرەتایی و کێوییان هەبووە، بگرە وەک پەرجوویەکی بان سروشت مایەی سەرسامیی هەمووان بووە، بەتایبەتی پیاوان، کە لە رووی فسیۆلۆژییەوە بۆیان نەڕەخساوە ئەو موعجیزەیە بنوێنن، بەڵام لە خوڵقاندنی منداڵەکە گرنگتر ئەوە بووە، کە لەو رۆژگارەدا، کە کەمترین کەرەستە و پێویستیی هەبووە، لەپاڵ ژینگەیەکی دژوار و دڵڕەقی خودی سروشت، کەچی دایکان هەوڵیان داوە، ئەگەری مانەوە و ژیان بۆ کۆرپەلەکانیان فەراهەم بکەن، هەڵبەتە بە کەم و زۆریی یارمەتیی پیاوەکانیشەوە، بەڵام کار و ئەرکە قورسەکە کەوتووەتە سەر شانی خودی دایکەکان، خودی سینە و مەمک خوانی یەکەمی مانەوە بووە، کە نێرینە لێی بەهرەمەند نییە.

بە گەڕانەوە بۆ بیر و بۆچوونی (رۆبێرت بریفۆلت: ١٨٧٤-١٩٤٨) سەبارەت بە دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی نێوان ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگا و کۆمیونیتی پریمتیڤ و سەرەتاییەکاندا، کە خودی ئەم دابەشکارییە دەباتەوە سەر شێواز و چۆنیەتیی گەشەکردنی ڕاووشکاری، کە دواتر دەبێت بە خولیا و حەز و هەم پیشەیەکی نێرینەیی و بەس، کە دیارە تا هەنووکەش جەنگ و ڕاوکردن پتر بووەتە حەز و پیشەیەکی نێرینە، نەک هی مێیینە. ئەم دەروونناسە چەندەها بەڵگە و گەواهی دێنێتەوە، کە هەر هەموویان هی سەردەمێکی کۆنینەی مرۆڤی کێوی بوون، کە بەرلەوەی فێری نووسین و تۆمار بووبێت، بە مانا هەرە سادەکەی، کە تیایدا ژنان وەک پیاوان لە هونەری راوکردندا کارامە و لێهاتوو بوون، بەڵام لە کۆتاییدا وا شکایەوە، کە راوکردن وەک چالاکییەکی مرۆیی لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ بکرێت، گەرچی ئەوەیان هیچ پەیوەندیی بە جیاوازیی فیزیکی و سێکسوالێتی و جێندەرییەوە نەبووە، هیچ پەیوەندییەکی بەهێز و لێوەشاوەیی پیاوانەوە نەبووە، یان بیانووی ئەوەیان هەبووبێت، کە خانمان لە رووی فیزیکی و جەستەییەوە لاوازتر و ناسکترن، بەڵکوو پەیوەندیی بە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتی هەر یەکە لە ژنان و پیاوانەوە هەبووە، وەک پێویستییەکی مانەوە و ژیانی نەوەی نوێ، کە خرایە ئەستۆی ژنانەوە، کەواتە دەبوو دایکان کۆرپەلەکانیان بەخێو بکردایە، سەرباری پەروەردەکردنی کچەکان و کوڕەکانیان، لەتەک قورسیی قۆناغی ئاوسبوون و دووگیانی، کە کاری راووشکاری بۆ ژنان قورستر دەکرد.

هۆکارێکی سەرەکی لەپشت ئەم دابەشکردنی کار و ئەرکە، پەیوەست بوو بە گرفتێکی گەورەوە، کە لەوەدا چڕ بووەتەوە، کە تەمەنی قۆناغی ساوایەتی و کۆرپەلەیی فەرزەندەکان چەندین ساڵ دەخایەنێت، کە لەنێو دونیای پەلەوەرەکان و زیندەوەرەکان و گیانداران کورتترە و بێچووەکانیان زوو لە خەم دەڕەخسێن، بیانووی سەرەکی بۆ خۆ تەرخانکردنی دایکان و ژنان بۆ پێگەیاندنی منداڵەکان و وازهێنان لە راووشکاری دەگەڕایەوە بۆ مانەوەی ژنان و راکەڕاکەیان بەدوای نێچیرەکاندا، کە کاتێکی درێژخایەنی لێ دەویستن.

هەر هەموو ئەو هۆکار و بیانووانە وایان کرد ژنان بسرەون و لەتەک کۆرپەلە و منداڵەکانیاندا بمێننەوە، ئەوەشیان پتر وای کرد ژنان لە زۆر بواری دیکەدا لە پیاوەکان وریاتر بن، هەوڵدان بۆ پەیداکردنی پەناگا و شوێنی گونجاو و پارێزراوتر بۆ مانەوە و ژیان، جا ئەگەر خۆشکردنی فەزای ئەشکەوت بێت یان دەوارنشینی، خۆ خەریک کردن بە کشتوکاڵ، کەوی و ماڵیکردنی گیاندار و پەلەوەرە کێوییەکان، دۆزینەوەی داوودەرمان لە گژوگیا و رووەکەکان، بنیاتنانی کۆمیونتی لە رێگەی تۆکمەکردنی پردی پەیوەندی و ڕایەڵی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوازە هەرە سادە و سەرەتاییەکان، بگرە ژنان زاڵتر بوون لە دۆزینەوەی زمانێک بۆ گوزارشتکردن لەو زیندەگی و ژیانەی، کە تازە دەهاتە کایەوە.

کەواتە ئەرک و ئیشی داکەوتوو بەسەر ژناندا تا دەهات زۆرتر دەبوون، کە پتر بە خوایشتی خۆیان بوون نەک سەپێندراو، ناچار دەبوون بە تیم و گرووپ هاوکاریی یەکتری بکەن، کە لە هەمووی ترسناکتر بەخێوکردنی کۆرپەلە ساواکان بووە، سەرباری سووکە راوی نزیک ئەشکەوت و دەوار و کوختەکان، میوەچنین، کێڵانی زەوی، دۆزینەوەی داوودەرمان، تۆوکردن، دروێنە، خاوێنکردنەوەی خاک و بژارکردن و داڕنین، کەویکردنی گیاندارە کێوییەکان، هەڵگرتن و داگرتنی شتگەلێکی قورس، بەگشتی خستنەگەڕ و کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکان.

ناکرێت بایەخی کار و ئیشە دەستییەکان بە هەند هەڵنەگرین، کە تیایدا ژنان ناچار بوون پتر دەست بەکار بێنن بۆ راپەڕاندانی ئەو هەموو ئیش و ئەرکانەی بووبووە بەش و ژیانی ئەوان، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە پەرەسەندن و گەشەسەندنی تواناکانی مرۆڤ لە رووی عەقڵییەوە، هەم پەڕینەوە لە قۆناغی جەنگەڵنشینی بۆ جێگیربوونی لەناو کۆمیونیتییەک، کە پتر کەڵک لە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان ببینێت، سەلمێندراوە، کە شێوەی دەست و پەنجەکانی مرۆڤ پتر یارمەتیی داوە پەرە بە توانا عەقڵییەکان بدات و ئاوەزێکی تۆکمە و داهێنەرتری هەبێت، بە بەروارد لەتەک گیاندارەکانی دیکە، کە چنگیان بواری نەداون لە هەمان ئەو کار و پیشە و ئیشانە بەهرەمەند بن.

نموونەی پێوانەیی زۆرن لەنێو هەر هەموو کولتوورە جیاوازەکاندا، لە کۆنەوە تاوەکوو ئێستاکێ، کە تیایدا دابەشبوونی کار و ئیش لەسەر بنەمای سێکسواڵی و جێندەری، پەیوەستە بەو هەقیقەتەی لە ئارادایە، کە مادامەکێ پیاوان نە سکوزا دەکەن و نە دەتوانن کۆرپەلەکان بەخێو بکەن، هەر لەبەر ئەوە ژنانی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان، کە هێشتا نەگەیشتبوون بە قۆناغی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی، بەو قۆناغەشەوە کە کشتوکاڵ و میوەچنین خولیا و خەمی ژنان و پیاوان بووە، ئەوسا ناچاری بووە، کە ژنان بە گرووپ و تیم پێکەوە سەرگەرمی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی بێچووەکان بن، کە لە کۆمیونتییە سەرەتاییەکاندا هەر منداڵێک وایزانیوە دەیان دایکی هەیە، کە من لە ژیانی ناو (حەسار)ەکانی، یان (حەوشی گەورە)ی رواندز و هەولێر-دا لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا بینیومن، کە دەیان ماڵی هەژار ناچار بوون پێکەوە بژین.

لەڕاستیدا زۆرینەی شارەزایانی مێژووی کۆن و نوێ و مرۆڤناس و ئارکیۆلۆژیست جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە کۆمەڵگا و گرووپ و خێڵە سەرەتاییەکان دەنێو کۆمیونیتییەکی ساغڵەم و یەکسان و پڕ لە رۆحی هەرەوەزیدا بوون، لەپێناو زیندەگی و مانەوە، بەتایبەتی قۆناغی بەر لە سیستمی زاڵی پاتریارکی، واتا (حەسار) و کۆمیونتی ئەو سەردەمە دێرینە گەلێک جوانتر بووە لە (حەسار)ەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، کە خانەوادەکەی ئێمە یەکێک بووە لەو دەیان خانەوادەی دیکە، کە دەتوانم بڵێم سیخناخ بوو بە خۆشەویستی و خەمخۆری و هەم ستەم و چەوساندنەوە، بەڵام بە مەزەندی من ستەمەکەی کوشندەتر بوو، کە ئەویشیان پەیوەست بوو بە هەژاری و هەم کاڵفامی و خۆنەناسین و جەهلێکی وێرانکەر و دوور لە ژیاندۆستی و روو لە مەرگدۆستی!

نۆڤلێتی (حەسار و سەگەکانی باوکم) کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا بڵاوم کردەوە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێنەران بە زادەی خەیاڵ و فانتازیای دەزانن، کە بۆ من بەرجەستەکردنی رۆحی ستەمکارانەی پاتریارکی کوردانە و ڕۆژهەڵاتی بوو، بێجگە لە ژیانی راستەقینەی خانەوادەکانی ناو (حەسار)ەکانی ئەو رۆژگارەی ئێمە.. هیچی دیکە نەبووە، بەڵام سیحری ئەدەب لەوەدایە، کە وا دەکات لەپێناو تۆخکردنەوەی تراژیدیا و ژیانی درامی و کوشندەی مەردمگەل، پەنا بۆ فانتازیا بەرین.