كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی كارەبا: ئەو كارەبایەی عێراق لە هەرێمی كوردستان دەیكڕێ لە بەشە كارەبای نیشتمانی كەم ناكاتەوە

”كارەباكە لە كەرتی تایبەت دەكڕدرێت“

 

بەرپرسێکی وەزارەتی كارەبای ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەو کارەبایەی كە حكوومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەیكڕێت، لە کەرتی تایبەت دەكڕدرێ و لە بەشە کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە.

پاش ئەوەی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، كەمیی كارەبا لە ڕێگەی كڕینی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی ئیقلیمی پڕ دەكاتەوە، پرسیاری ئەوە لای هاووڵاتییان دروست بوو كە ئاخۆ كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوە یان نا؟

لەمبارەیەوە دیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو 450 مێگاواتەی باسی لێوە دەكرێت، حكوومەتی عێراق لە كەرتی تایبەت دەیکڕێ، ژمارەیەك یەكەی کارەبا هەن وەستاون و كار ناكەن، بەغدا پارە دەدات بۆ سوتەمەنیی ئەو یەکانە و بەكار دەخرێن".

ڕوونیشی كردەوە: "حكوومەتی عێراق لەگەڵ وەبەرھێنەرەكان رێككەوتن دەکات، ئەوان دەبنە خاوەن كارەبا، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان سووتەمەنیی پێویستی بۆ بەكارخستنی ئەو یەكانە لەبەر دەستدا نییە، بۆیە ئەوە بەو شێوەیە نییە كە كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان ببڕدرێت و بدرێتە عێراق“.

بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمهێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان جەختی کردەوە: ”بەرهەمی كارەبای هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە 3 هەزار و 150 مێگاواتە، ئەو کارەبایە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، ئێمە کارەبامان بۆ فرۆشتن نییە".