بۆچی بەردەوام بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزیت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی بەردەوام بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزیت؟

١ دۆلار لە ٧ لیرە نزیك بووەتەوە

ماوەیەكی زۆر بوو، توركیا توانیبووی بەهای لیرەی توركی لە ئاستێك رابگرێت، كە ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە ٦٨٤ لیرە بوو، بەڵام لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا لیرەی توركی دیسان دابەزینی بەرامبەر بە دۆلار تۆمار كرد و یەك دۆلار لە ٧ لیرە نزیك بووەوە.

هەر لە سەرەتای ساڵی٢٠٢٠ بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی تۆمار كرد، حكوومەتی توركیاش بۆ ئەوەی لیرەی توركی زیاتر بەها لەدەست نەدات و هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا تەشەنە نەكات، لە مانگی یەكەوە تاكوو ٧ی ئەمساڵ ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریكیی خستە بازاڕەوە.

بە گوتەی شارەزایانی بواری ئابووری، ئەگەر ئەو١٠٠ ملیار دۆلارە نەخرایەتە بازاڕەوە، ئێستا ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی ٨٠٠ لیرەی تێپەڕاندبوو.

نووسەرێكی دیاری توركیا لە بواری ئابووری، باس لە چەند فاكتەرێك دەكات كە بووەتە هۆكاری ئەوەی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزین تۆمار بكات.

بارش سۆیدان نووسەری بواری ئابووری لە ماڵپەڕی (T24)ی توركی، باس لە بڕوانەبوون بە وەبەرهێنەران لە توركیا دەکات، بەوەی لە ئایندە بەهای لیرە بەرەو بەرزبوونەوە ناچێت، بۆیە وەبەرهێن لەبری ئەوەی دۆلار بە لیرە بگۆڕێتەوە، دەچێت لیرە بە دۆلار دەگۆڕێتەوە، چونكە ترسی هەیە لیرە بەهاكەی زیاتر دابەزێت، ئەمەش وا دەكات لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار زیاتر داببەزێت.

نووسەر باس لە لاوازی ئاساییشی توركیا لە چاو و ڕوانگەی وەبەرهێنەرانەوە دەكات. ئەو پێیوایە ئەگەر وڵاتێك بۆ وەبەرهێنەران جێی ئارامی بێت و لەڕووی ئاساییشەوە جێی بڕوا بێت، وەبەرهێن پارەی خۆی دەهێنێت و دەیكاتە لیرە، بەڵام گەر بە پێچەوانەوە بوو، پارەی ناكاتە لیرە و لە بانكی دانانێت، چونكە دەترسێت لە داهاتوودا پارەكەی نەدەنەوە بە بەهانەی بەرقەرارنەبوونی ئاساییش لە توركیا.

ماوەیەكی زۆر توركیا ئابوورییەكەی هیچ گەشەکردنێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، بۆیە ئەگەر هەر وڵاتێك ئابوورییەكەی بە رێژەی ٥ بۆ ٦ گەشە نەکات، پارەكەشی بەهای نابێت، بۆیە بارش پەرەنەسەندنی ئابووریی توركیا بە هۆكارێكی تری دابەزینی لیرەی توركیا دادەنێت.

هاووڵاتیانی توركیا بارودۆخی ئابوورییان زۆر خراپە، ئەمەش وای كردووە دەزگا راپرسییەكانی توركیا ئاشكرای بكەن بەهۆی خراپیی رەوشی ئابوورییەوە، دەنگەكانی ئاكەپە ١٠٪ كەمی كردووە. هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ لەبیربردنەوەی خراپیی رەوشی ئابووری، بابەتی گۆڕینی (ئایاسۆفیا)ی لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت هێنایە بەرباس و تا ئاستێكی زۆریش سەركەوتوو بوو تێیدا، چونكە هەموو توركیای بەو بابەتەوە سەرقاڵ كرد و رەوشی ئابووریی لەبیر بردنەوە.