كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هەدەپە: ئەو كادیرەمان كە لە سلێمانی بێسەروشوێنە هاوسەرۆكی هەدەپەیە لە سێرت

 

نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەو كەسەی پێشتر گوتوویانە كادیری حزبەكەیانە و لە سلێمانی بێسەروشوێنە، هاوسەرۆكی هەدەپەیە لە سێرت.

ڕۆژی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٠، (باسنیوز) ئاشكرای كرد كە كادیرێكی هەدەپە بە ناوی عەلی ئەحمەد قایار كە خەڵكی باكووری كوردستانە و لە سلێمانی كار دەكات و كادیری هەدەپەیە، لە ڕۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٠ەوە بێسەروشوێنە.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٠ عابید ئیكه‌، نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، عەلی قایار هاوسه‌رۆكی (هه‌ده‌په‌)یە له ‌شاری سێرت، له سلێمانی دیار نه‌ماوه و هێشتا روونكردنه‌وه‌ له‌مباره‌وه‌ به ‌ئێمه‌ نه‌دراوه.

ڕوونیشی كردەوە كە لە ١٥ی ئەم مانگەوە دیار نەماوە و لەمبارەیەشەوە سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئاسایشی یەكێتییان لە سلێمانی كردووە، بەڵام ”ئەوان گوتیان ئاگادار نین، ئێمەش گوتمان مادام هاوسه‌رۆكی سێرت له ‌ژێر ده‌ستی ئێوە بووه‌، ده‌بێت زانیاریتان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئاسایش خۆی گرتوویه‌تی، با روونكردنه‌وه‌مان پێبدات“.

بەرپرسەكەی هەدەپە ئاشكرای كرد كە هاوسەرۆكی سێرتی حزبەكەی لە سلێمانی كاری كۆمپانیای كردووە و دواتر لە كاتژمێر ٧ی بەیانیدا ون بووە. گوتیشی: ”داوامان لە یەكێتی كردووە زانیاریمان بداتێ، لەگەڵ پەیوەندییەكانی یه‌كێتی قسه‌مان كردووه‌، گوتمان كاكه‌ له‌ هه‌ر كۆڵانێك كامێرا هه‌یه‌، كامێراكان سه‌یر بكه‌ن و ئاگادارمان بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ بەرپرسیارێتیی ئه‌وان ده‌بێت، چونكە ئەگەر لە هەولێریش بوایە دەمانگوت بەرپرسیارێتیی پارتییە“.

هۆشداریشی دا كە تا ئەنجامی لێكۆڵینەوە و چارەنووسی بەرپرسەكەیان نەزانن، وازناهێنن و دەپرسێت ئاخۆ ئەم كەسە چی بەسەر هاتووە و بۆچی دیار نەماوە؟

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە گومان دەكرێت لە لایەن هەواڵگریی توركیاوە لە سلێمانی دەستگیر كرابێت، گوتی: ”نازانم میتی توركی رفاندویه‌تی یان نا، سه‌د له‌ سه‌د دڵنیا نین له‌ رفاندنی، بەڵام پێمانوایە كە به‌رپرسیاریه‌تیی گیانی عەلی قایار لە ئه‌ستۆی یه‌كێتییه‌".