پەرلەمانتارێکی تورک بۆ ئەردۆغان: ئێمە لە مەترسیدان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێکی تورک بۆ ئەردۆغان: ئێمە لە مەترسیدان

 "هۆشدارییت پێ دەدەین لە شەڕی لیبیا"

ئایدن عەدنان سزکین، پەرلەمانتار لە حزبی (خەیر)ی تورکیی ئۆپۆزسیۆن، رۆژی دووشەمە حکوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی تاوانبار کرد، بە راکێشانی وڵاتەکەی بۆ ناو شەڕی ناوخۆیی لیبیا.


سزکین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، کە پەرلەمان رێکی خستبوو، گوتی: “تا دێ مەترسییەکان لە لیبیا زیاد دەکەن، سەرەڕای هۆشدارییەکانمان بۆ حکوومەت، کەچی هەموو هێزی خۆی لەوێ تێکەڵی شەڕ کردووە، ئەمەش تورکیا دووچاری هەڕەشەی ترسناک دەکاتەوە”.


ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە بنکەی ئاسمانیی وەتییە، کە تورکیا رایگەیاند بنکەیەکی ئاسمانیی تێدا دادەمەزرێنێ، دووچاری هێرشێک بووەتەوە و زیانێکی گەورە بەر کەلوپەلەکانی کەوتووە.


پرسیاریشی کرد: “کێ هێرشەکەی ئەنجام دا؟”، گوتیشی: “بۆردومانکردنی وەتییە و ئەو پێشهاتانەی دوای ئەو، دەریانخست، کە هەڵەیەک لە حساباتی حکوومەت و درز و کەلێنی تێدا هەیە”.


گوتیشی: “بۆردومانەکە وایکرد فڕۆکەکانمان لە بنکەکە بڵاو نەکرێنەوە، هەروەها قەبارەی ئەو مەترسییانەشی دەرخست، کە لە لیبیادا رووبەڕووی دەبینەوە”.


جەختیشی کردەوە، پێشکەوتن و باڵادەستیی چەکی ئاسمانیی هاوپەیمانان، کە رووبەڕووی تورکیا و حکوومەتی ویفاق دەبنەوە، سەرچاوەی دڵەڕاوکێیەکی گەورن لە لیبیا.


ماوەیەک لەمەوبەر، خالد مەحجووب، بەڕێوەبەر لە سوپای نیشتمانیی لیبیا، لە دیدارێکیدا لەگەڵ پێگەی (سکای نیوزی عەرەبی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ناوچەکە و جیهان رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینە دەبنەوە، کە خۆی لە رێکخراوی ئیخوان دەبینێتەوە.


مەحجووب دووپاتیشی کردەوە، تورکیا بەکرێگیراوانی بەهۆی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی تورکی و ئامرازی دیکە گواستنەوە بۆ خاکی لیبیا، جەختیشی لەسەر ئامادەیی سوپای نیشتمانی کردەوە، لە رووبەڕووبوونەوەی هەر کردەیەکی مەیدانیی لەلایەن میلیشیاکان و ئەو بەکرێگیراوانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات.


کەوابوو، تورکیا، بە هاوکاریی سەڕاج، کە پشتی کردووتەوە بەرژەوەندیی بالای گەلی لیبیا، بە شێوەیەکی ئاشکرا و لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی لیبیا و جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی دەدا لە ناوچەکەدا.