كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

راوێژكارێكی پەرلەمان: فراكسیۆنی نەوەی نوێ سیناریۆیەكی هەرزەكارانە دووبارە دەكەنەوە

”تەنیا بۆ ئەوەیانە لە كەناڵی حزبەكەیانەوە باس بكرێن“

ڕاوێژكارێكی پەرلەمانی كوردستان رەخنەی لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ گرت و ”سیناریۆیەكی هەرزەكارانە“ی ئاشكرا كردن.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی كوردستان، كازم فارووقی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دوای ئەوەی ماوەی یاسایی خۆی پێدرا بۆ قسەكردن، بەبێ هیچ هۆكارێك دەنگە دەنگێكی نایەوە و دواتریش كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) كە كاری بانگەشەكردن بۆ گرووپی نەوەی نوێ و هەوڵدانە بۆ داپۆشینی كارە ناقانوونییەكانی شاسوار عەبدولواحید، بابەتەكەی گەورە كرد گوایە ڕێگەی قسەكردن بە نەوەی نوێ نەدراوە.

لەمبارەیەوە د. مه‌دحه‌د سلێمان، راوێژكاری په‌رله‌مانی كوردستان بە  (باسنیوز)ی راگەیاند، تاقمی نەوەی نوێ نە لە كاری پەرلەمانی دەزانن و نە لە خەمی خەڵكدان، بەڵكوو ”تەنیا خەریكی كاری پۆپۆلیستانەدان، هه‌ست به ‌به‌رپرسیاریه‌تی ناكه‌ن، دەشزانن كە خەڵكێك ئەو بەزمەی پێخۆشە كە ئەوان لە هۆڵی پەرلەمان دەیكەن، ئەوەش سیناریۆیەكی موراهیقانەیە كە بە كاری سیاسییانەوە دیارە“.

ڕوونیشی كردەوە كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێویستە دەرفەتی یەكسان بۆ قسەكردنی پەرلەمانتاران بدرێت و هەر كاتێك پەرلەمانتارێك ماوەی قسەكردنی تەواو بوو، پێویستە كەسێكیتر قسە بكات، بەڵام ئەوان لەپێناو سۆسیال میدیا دەنگەدەنگ دروست دەكەنز

دووپاتیشی كردەوە كە سەرۆكی پەرلەمان و ئەو كەسەی كۆبوونەوەكە بەڕێوە دەبات، مافی خۆیەتی كە قسە بە هەر كەسێك ببڕێت كە لە یاسا دەردەچێت، تەنانەت ئەگەر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ڕابدات و لە ڕێنمایی دەربچێت، سەرۆكی پەرلەمان بۆی هەیە داوای لێبكرێت لە پەرلەمان بچێتە دەرەوە.