كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

راپۆرتی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەران

 

لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، هەرێمی کوردستان لە رووی دارایی و ئابووری بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ، بەشێوەیەک تەنانەت پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیری تێکەوتووە. دروستبوونی ئەم دۆخە ناڵەبارە لە کەرتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ سێ فاکتەر دەگەڕێتەوە:

یەکەم: جیهانییە و بەدەرە لە توانای دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. وەک (هاتنی پەتای کۆرۆنا- دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان).

دووەم: پەیوەندی بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی عێراقە.

سێیەم: پەیوەندی بە رێکنەخستن و هەبوونی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە هەندێ لە سێکتەرەکانی خەرجی و داهاتە لە هەرێمی کوردستان.

 

ئەمەش دەقی راپۆرتەكەیە:

 

ناونیشانی راپۆرت

دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان

 

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری - پەرلەمانی کوردستان

 

مێژووی ئامادەکردنی راپۆرت: تەمووزی 2020

 

پێشەکی

 

لەسەر راسپەردەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ژمارە (5)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی دارایی و کارۆباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەم راپۆرتەی ئامادەکردووە.

 

لیژنەی دارایی ماوەی 10 کاژێری کارکردن لەسەر ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، کەچەند سەردانێکی مەیدانی و راوێژکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی راوێژکارەکانی لیژنە ئەم راپۆرتەی ئامادەکردووە.

هەرێمی کوردستان لە رووی دارایی و ئابووری بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ بەشێوەیەک، تەنانەت پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیری تێکەوتووە. دروستبوونی ئەم دۆخە ناڵەبارە لە کەرتی دارای و ئابووری هەرێمی کوردستان بو سێ فاکتەر دەگەڕێتەوە:

یەکەم: جیهانییە و بەدەرە لە توانای دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. وەک (هاتنی پەتای کۆرۆنا- دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان).

دووەم: پەیوەندی بە دانۆستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕالی عێراقە. سێیەم: پەیوەندی بەرێک نەخستن و هەبوونی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە هەندێ لە سێکتەرەکانی خەرجی و داهاتە لە هەرێمی کوردستان.

 

ئەم راپۆرتە باسی دۆخی ئابووری و کێشەی ئابووری و هۆکارەکانی ئەو کێشانە دەکات، کە لەبەردەم پێشڤەبردنی دۆخی ئابوورین لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پێشنیار و چارەسەری بەشێکی ئەو کێشانە لەم راپۆرتەدا دەخەینەڕوو.

 

ئابووری هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، یاسایی و سیاسییە  لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕال. پرسیار ئەوەیە لە رووی داراییەوە لە دەوڵەتی فیدڕالی عێراقدا سەربەخۆی دارایی هەریمەکان لە کۆیێ یاسا و زیهنی ئابووری و دارایی عێراقدایە؟

ئایا بۆچی کێشەکانی لەگەڵ سەربەخۆی دارایی هەرێم وەک بە شێک لە سەربەخۆی زاتیی هەرێمی کوردستان هەیە؟ بەچ میکانزمێک پارەی یەدەگی عێراق، هەرێمی کوردستانی لێ بێبەشکراوە؟ ئەی قەرزەکان کە عێراق وەریدەگرێ و هەرێم پشکی نییە و لە دانەوەی قەرزیش لەسەر هەرێمی کوردستان هەژماردەکرێ؟

کاتێ هاوسەنگی دارایی تێکدەچێت، لەرووی ئاسۆییەوە داهاتی حکومەتی فیدڕال زیاد دەبێ، بەڵام داهاتی هەرێمی کوردستان بەشی پێداویستییەکان ناکات، ئەوکات ئەرکی حکومەتی فیدڕالییە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئەم هاوسەنگییە راست بکاتەوە. بەتایببەت نەبوونی (مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە عێراق ئەم مووچەخۆرانە وەک بەشێک لە مووچەخۆرانی دەوڵەتی فیدڕال سەیرناکات).

هەرێمی کوردستان لە رووی دەستووریەوە؟

بەگوێرەی ماددەی یەکی دەستووری عێراق،  یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی فیدرالی سەربەخۆی زاتییە، لە هەموو رویکەوە، بەڵام  ئەوەی تێبینی دەکرێت، حکومەتی ئیتیحادی بەو شێوەیە مامەڵە ناکات کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕالی، بەڵکۆ وەک دەوڵەتێکی سیستەمی مەرکەزی مامەڵە دەکات.

پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی سیادی بەتایبەت بو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی نیشتیمانی کە خراوەتەوە نێو دەستووری عێراق، وەک لە بڕگەی چوار لە ماددەی (121) رێگە بە هەرێمەکان دراوە هێزی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم رێکبخەن، وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم، بەڵام لەوەتەی عێراقی نوێ دروست بووە، هیچ بودجەیەک بو هێزی پێشمەرگەی کوردستان خەرجنەکراوە.

لە ساڵی 2014ەوە حکومەتی ئیتیحادی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی  بڕیوە کە ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی دەستوورە کاریگەرییەکی نەرێنی بەهێزی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان جێهێشتووە.

 

هۆکارەکانی خراب بوونی دۆخی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان

 

دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی ناسەقامگیر و دژواردا تێدەپەڕێت کە هۆکارەکانی بریتییە لە:

یەکەم: لە رووی ئابوویەوە بەشێکین لە دەوڵەتی عێراق ، عێراق و هەرێمی کوردستان 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری راستەوخۆ و بەپەلە دەکاتە سەر جۆمگەکانی دیکەی ئابووری و دارایی وڵات.

دووەم: بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، کایگەری لە سەر زۆربەی جۆلەکانی ئابووری و دارایی دروست کردووە، بەشێوەیەک زۆربەی سەرچاوەکانی داهاتی کەمیکردووتەوە.

سێیەم: پێناسەیەکی دیاریکراو نییە بو سیستەمی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.

چووارەم: تەداخولەکانی حکومەتی فیدڕال لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی بە هۆکارە سیاسییەکان و بڕین وناجێگیری لە پێدانی بەشێک لە بودجەی، بەتایبەت لە 2014 تاوەکو ئێستا لە 2020 وایکردووە پێدانی مووچە و دۆخی ئابووری ناسەقامگیر بێت.

پێنجەم: بەهەدەردان، گەندەڵی خراب ئیدارەدانی سەرچاوەکانی داهات لە هەندێ لە سێکتەرەکانی وەک (نەوت و داهاتی ناوخۆ وەک خاڵە سنوورییەکان، گومرک، باج ...هتد).

 

 

 

 

 

سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان:

یەکەم:

داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان، باج، رسوومات:

لە 1/1/2020 تاوەکو 30/6/2020 وەک ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگیراوە، کە لە خشتەکەدا روونە:

سەرچاوەی داهات

مێژۆ

بڕی داهات  بە ملیار (بەنزیکەی)

گومرک و دەروازە سنوورییەکان

1/1/2020 تاوەکو 30/6/2020

505 ملیار دیناری عێراقی

باج

1/1/2020 تاوەکو 31/5/2020

154 ملیار دیناری عێراقی

 

تێبینی: لەداهاتی ناوخۆ کە لە خشتەی سەرەوە ئاماژەپێکراوە رسۆماتی تێیدا نییە.

دووەم:

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە عێراقەوە هاتووە لە 2020

(1.759.000.000.000 ملیار دینار) تڕلیۆنێک و 759 ملیار دینار. لەم بڕە کە بە چوار سولفە هاتووە، هەر جارێ بڕی 11.880.000.000 یانزدە ملیار و 880  ملیۆن دینار براوە بو پێدانەوەی قەرزی بانکە ئەهلییەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزدارییانە. کۆی قەرزی بانکەکان کە لەو چوار مانگە وەریانگرتووە، 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار.

ئەوەی بە سافی بو هەرێمی کوردستان ماوەتەوە (تڕلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دیناری عێراقی).

بەگوێرەی مافە دارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجی 2020ی عێراق، کە بەهۆی  نەبوونی یاسایی بودجە، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بودجەی 2019 دەکرێ، ئەویش بە خەرجکردنی 1 لەسەر 12ی بودجەی گشتی 2019. هەرێمی کوردستان لەوەدا مانگانە (453 ملیار دیناری هەبووە)

لە ساڵی 2020 حکومەتی عێراق تەنیا سێ مانگ بڕی (453 ملیار دیناری ناردووە، مانگێک تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە و دوو مانگ هیچی نەناردووە. بەم پێیەش حکومەتی عێراق 959 ملیار دینار کەمتر لە ساڵی پار لەماوەی شەش مانگ رابردوودا بو هەرێمی کوردستان ناردووە).

 

سێیەم:

بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکان داوییەتی بە وەزارەتی دارایی:

لەسێ مانگی (1/2/3ی 2020) داهاتی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکان کە دراوە بە وەزارەتی دارایی بو پێدانی مووچە بو هەر مانگێک 345 ملیار و 203 ملیۆن بووە. هەمووی دەکاتە یەک تڕلیۆن و 35 ملیار و 610 ملیۆن دنیاری عێراقی).

هەروەها لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکان 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار بووە) رادەستی وەزارەتی دارایی کراوە.

 

چوارەم:

هاوکاری هاوپەیمانان بو مووچەی هێزی پێشمەرگە:

لەشەش مانگی یەکەمی 2020 هاوکاری هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەک بۆ هەر مانگێک بە تێکڕای 20 ملیار و 700 ملیۆن دینار.

 

 

 

 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020 چەند و چۆن مووچەی دابەشکردووە؟

 

مووچەی چوار مانگ بەبێ لێبڕین بریتی بووە لە نزیکەی  سێ تڕلیۆن و 580 ملیار دینار

مووچەی پێنجەم لە 2020 کە دەکاتە مانگی شۆبات کە شیوەی بڕینی 21% و پێدانی 79%ی مووچە، نزیکەی 700 ملیار دینارە.

بەڵام وەزارەتی دارایی، روونکردنەوەی دا بە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، کە نزیکەی 617 ملیار دیناری لە بەردەست بووە و نزیکەی 120 ملیاری قەرزکردووە.

بەم شێوەی خوارەوە:

 

سەرچاوەی داهات

بڕی پارە بە ملیار

400 ملیارەکەی  بەغدا

222.787 ماوە

هاوپەیمانان

20.700

داهاتی ناوخۆ

90.00

بڕی هاتۆی سامانە سرۆشتییەکان

283.424

قەرز

120

کۆی گشتی

736.911

تێبینی:

تاوەکو ئێستا بڕینی 21%ی مووچەی مانگی شوبات بە روون و ئاشکرا دیار  نییە، ئاخۆ ئەمە پاشەکەوتە؟ قەرزە لای حکومەت؟ یان بە یەکجار بڕیویانە و پێدانەوەی نییە؟

 

 

پێشنیار و راسپاردەکانی لیژنەی دارایی و ئابووری

لەگەڵ بەغدا:

یەکەم: داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی بەردەوام بێ لە گفتوگۆکردن تاوەکو مافە شایستە داراییەکانی مسۆگەر بکات و دەستووریش بنەمای مامەڵەکردن بێ.

دووەم: داوا دەکەین سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان بکات، کە عێراق پابەندبێت لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستوور، شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێی کوردستان خەرج بکات و چی دیکە بە عەقلییەتی مەرکەزی هەرێمی کوردستان سزانەدرێت.

لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیداکردنی داهاتبێ بو مسۆگەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دووەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتییازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان

سێیەم: لە ساڵی 2014ەوە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی کۆتای نەناردووتەوە پەرلەمانی کوردستان، یان لانی کەم ماوەی دوو ساڵە بەیانی داراییش رەوانەی پەرلەمان نەکراوە. ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و بووەتە گرفتی ناروونی داهات و خەرجی حکومەت، هەروەها بەربەست بووە لە کاری چاودێری پەرلەمانی و دیوانی چاودێری دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا.

چوارەم:

کەمکردنەوەی باج، کەمکردنەوەی سوودی بانکی بو هاونیشتیمانیان، بو ئەوەی هاندانێک بێ، بو جولەی بازرگانی و وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان بو پڕۆژە بچۆکەکان، لەهەندێ وڵات ئێستا سوودی بانکی نزیکبووتەوە لە سفر.

پێنجەم:

چاکسازیکردن لە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان:

ا: پێداچوونەوە لە گرێبەستە نەوتییەکان

ب: جێبەجێکردنی بڕیاری 706ی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێککەوتی 20/3/2020 سەبارەت بە پێداچوونەوەو وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز، ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستی خزمەتگۆزاریان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتییان هەیە، کۆمپانیاکانی ئاسایش لە بواری نەوت.

ج: وەرگرتنی باج لە هەموو کۆمپانایا گەورەکان و راگرتنی لێخۆشبوونییان لە باج.

د: کۆنترۆلکردنی سەرجەم خالە سنوورییەکان، بەتایبەت خالە گمرکییەکان بە مەرجێک کۆی گشتی داهات بگەرێتەوە بو حیساباتی وەزارەتی دارایی.

هـ: پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستی ئەو کۆمپانیانەی کە کاردەکەن لە خالە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی بە شێوەیەک داهاتەکەی زیاتر بو گەنجینەی حکومەت بێ نەک بۆ کۆمپانییەکان.

و: پێویستە پسۆڵەی داهات، تەنیا پسۆلەی وەزارەتی دارایی بێ لەهەموو خاڵە گومرکییەکان.

ز: هەڵوەشاندنەوەی هەموو لێخۆشبوونە گومرکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

ح: پێویستە حکومەت بریارێک دەربکات لە شێوەی مقاصە بێت ھەر هاوڵاتیەک ھەر قەرزێکی حکومەتی لایە لە عقار، زەواج، کارەبا، نیشتەجێبون، ئاو دەتوانێ لەگەڵ حکومەت لە پاشەکەوتەکەی کە قەرزە لە ئەستۆی حکومەت بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزانە بە ناوی خودی هاوڵاتی خۆی یان خێزانی یان مناڵی خوار ھەژدە ساڵی خۆیەوە بێت.

ط: پێداچونەوە بەسرجەم گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی وئینتەرنێت و قەرزەکانیان. گوندەکانی نیشتەجێ بون تایبەت بە باجی خانوبەرە.

ی: لەگەڵ وەرگرتنی ئەو زەوی و زارانەی کە لەرێگەی موساتەحە دراون و تاوەکو ئێستا بەکارنەهاتوون، یاخۆد کراون بە پارچە زەوی و فرۆشراون، وەربگرنەوەو حکومەت لەرێگەی موزایەدەی ئاشکرا بفرۆشرێ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بو زیادکردنی داهات و تێپەڕبوون لە قەیرانی دارایی.

س: یەکێک لە رێگاکانی زیادکردنی داهات، بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی گشت دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر وورد. وەک (کەمکردنەوەی مینحەی مێوانداری، راگرتنی هاوکاری، راگرتنی کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێڵ.

ع: دەکرێ حکومەت گرنگی بداتە کاری هاوبەش لەنێوان کەرتی حکومەت و کەرتی تایبەت، بەتایبەت هەندی کەرت بەتەواوەتی رادەستی کەرتی تایبەت بکات، ئەویش هەم داهات زیاد دەبێ و هەم خەرجی حکومەتیش کەم دەبێ وەک کەرتی کارەبا.

ف: زۆر سەرچاوە هەیە کە موڵکی دەوڵەتە، بەڵام بڕی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتەوە وەرناگیرێت، بو نموونە (لە هەموو ئەو بیرە ئاوانەی کە بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوی ژێر زەوی بەکار دێت و ژمارەیان زۆرە، پیویستە بخرێتە ژێر رسۆمی حکومەتەوە. بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان 22 هەزار و 560 بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن، ئەم بیرانە بە یاسایی بکرێن و کاژیری خوێندنەوەی ئاو و لێدانی بیرەکە هەموو سەرجاوەی داهاتن).