کوردانی ئێزدی: نامانەوێ شنگال ببێتە قەندیلێکی دیکە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کوردانی ئێزدی: نامانەوێ شنگال ببێتە قەندیلێکی دیکە

کوردانی ئێزدی خۆپیشاندانێک دژی بوونی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چیای شنگال دەکەن و رایدەگەیەنن، کە نایانەوێ چیای شنگال ببێتە قەندیلێکی دیکە.

خۆپیشانداکە رۆژی یەکشەمە 26-7-2020، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی دەستی پێکرد و تێیدا خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی رۆڵەکانی خۆیان دەکرد و پەکەکەیان بە رفاندنیان تاوانبار دەکرد.

ژمارەیەکی زۆر لە پیاو و ئافرەتانی کوردی ئێزدی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەی چیای شنگال کرد. ئەوان داوایان دەکرد لە جینۆسایدێکی دیکە و لەژێر چنگی پەکەکە،رزگار بکرێن.

مام ئیبراهیم، بە ناوی ماڵی ئێزدییان لە قەزای شنگال، بە ئاژانسی (سپۆتینک)ی راگەیاندووە، ”ئێمە ئەمڕۆ دژ بە پێشێلکارییەکانی پەکەکە لە چیای شنگال خۆپیشاندان دەکەین و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، رێگریی لەو پێشێلکارییانە بکات“.

خۆپیشاندەران بە دروشمەکانیان داوایان دەکرد بە پەلە کار بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال بکرێ و رێگا نەدرێ چیای قەندیل لەلایەن پەکەکەوە بکرێتە قەندیلی دووەم.

چیای قەندیل، کە کەوتووەتە ناو سنووری جوگرافیای هەرێمی کوردستان، چەندین ساڵە لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە و بەهۆی شەڕی ئەو حزبە و سوپای تورکیاشەوە، خەڵکی مەدەنیی ئەو ناوچەیە زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددیان پێکەوتووە.

ئەو خۆپیشاندانەی کوردانی ئێزدی بەهۆی ئەوە دێ، کە پەکەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بۆردومانی بەردەوامی تورکیا، چەندین خەندەق و تونێلیان لە چیای شنگال لێداوە و گەنج و هەرزەکارانی سنوورەکە دەڕفێنن.

ماڵی ئێزدییان لە راگەیاندراوێکدا، داوای لە سەرکردایەتیی پەکەکە کردووە، بۆ پارێزگاریی لە ئاسایش و تەناهیی ناوچەکە، هەرچیی زووە چیای شنگال چۆل بکات و لێی بچێتە دەرەوە.

ماڵی ئێزدییان، پەکەکە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناو ریزەکانی خۆیدا دەحەوێنێتەوە، کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان کردووە، بەتایبەت دژی کوردانی ئێزدی.