چه‌ند ڕێنوێنییه‌كى پێویست بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چه‌ند ڕێنوێنییه‌كى پێویست بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی گه‌رمیان، چه‌ند ڕێنوێنییه‌كى پێویستى بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26/7/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی گه‌رمیان، چه‌ند ڕێنوێنییه‌كى پێویستى بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌: "پلەی گەرما لەم ھەفتەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە، بەوهۆیەی گەرما زۆر لێ کەوتەوه‌ کاریگەریی تەندروستی هەیە بەسەر لایەنی جەستەیی مرۆڤەوە، وا باشە ئەم ڕێنوێنییه‌ پزیشکییانەی لای خوارەوە بخوێنیتەوە و هەوڵی جێبەجێکردنی بدەیت".

1 - هەوڵ بدە خۆت بپارێزی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر، بەو پێیەی لەم کاتەدا بەرکەوتنەکە زیاترە هەر بۆیە کاریگەری لەسەر جەستە و پێست بەتایبەت زۆرە، هەروەها بۆ خۆپاراستن لەم بەرکەوتنانە دەتوانیت جلێک لەبەر بکەی کە ئەستوور نەبێت و هاوینە بێت و زۆرتر لە ماددەی کەتان پێک هاتبێت، ئەمە سەرباری سوودبینین لە کڵاو و چاویلکەی دژەخۆر.

2 - بەهۆی گەرماوە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی لەشت لەدەست دەدەی، ئەم رێژەیەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوەیە، بۆیە تا دەتوانیت بەشێوەیەکی بەردەوام ئاو بخۆرەوە، هەروەها شلە و شلەمەنیش لە ژەمە خۆراکییەکانتدا زیاتر بکە.

3 - هەوڵ بدە کەمتر خۆت ماندوو بکەی، چونکە ماندوویه‌تى لەگەڵ گەرمای بەتین سەردەکێشێت بۆ حاڵەت و نەخۆشیی دیکە.

4 - بنەماکانی پاکوخاوێنی زیاتر لە جاران ڕەچاو بکە، بۆ ئەوەی بەدوور بیت لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان، بە تایبەتی په‌تاى کۆرۆنا و سکچوون و ڕشانەوە کە لەم وەرزەدا زۆرتر بڵاو دەبنەوە و مەترسییەکەشیان بۆ سەر جەستە بەهۆی زۆر لەدەستدانی ئاوەوە، زیاتر دەبێت.

5 - منداڵ لەناو ئۆتۆمبیلدا جێ مەهێڵە و هەوڵیش بدە کە ئۆتۆمبیلەکەت لەکاتی ڕاوەستان و کوژانەوەیدا دابپۆشی، هەروەها جامەکانیشی قەپات نەکەیت کە بەهۆی ئەو خاڵانەوە پلەی گەرمی نێو ئۆتۆمبیلەکە زۆر بەرز بێتەوە و کێشە و زیانی لێ بکەوێتەوە لەسەر جەستەی خۆت و سەرنشینەکانی دیكه‌.

6 - بۆ تووشبوانی کۆرۆنا، پێویستە زیاتر لە ھەر کەسێک خۆیان بپارێزن و نەچنە بەر ھەتاو و لە شوێنی فێنکدا بمێننەوە، ئەمە سەرباری ئاوخواردنەوەی زۆر و ئاو بەخۆداکردن لەکاتی بوونی تادا.