كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چرا چۆڵی: لە هەرێمی کوردستان ناتوانین بە ھونەر و نووسین بژێوی ژیان دابین بکەین

خانمە نووسەر و شانۆکاری دانیشتووی شاری رانیە چرا چۆڵی، کە خاوەنی چەندین تێکستی شیعری و نووسینی کورتە چیرۆکە باس لە ئەزموونی خۆی لە بواری نووسیندا دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە لێرە ھونەر و نووسین ناتوانن بژێوی ژیان دابین بکەن".


چرا بۆ (باسنیوز) گوتی: "من چرا رەسووڵم، ناسراوم بە چرا چۆڵی ، « چۆڵی» نازناوی خێزانەکەمە و شانازیە بۆم ، هەر لە تەمەنی مناڵیەوە دەنووسم و ئەوسا شیعری منداڵانم دەنووسی و تا ئێستەش بەردەوامم لە نووسین و جگە لە نووسینی شعریش جار جار کورتە چیرۆک و دەقی شانۆیش دەنووسم بە هۆی ئەوەی شانۆش یەکێکە لەو بوارانەی کە خۆم حەزی پێدەکەم".

گوتیشی: "پێم وایە نووسین تەنیا بەھرەیەکی ئەزەلیە پێم دراوە، لەبەر ئەوەی لە منداڵیەوە خولیای نووسینم ھەبووە، پێموانیە ھۆکارێک ھەبووبێت تەنیا خولیا بووە و هیچ شاعیرێک یاخود کەسێکم نەکردووەتە قوتابخانەی شیعرەکانم".

لەبارەی شێوازی نووسینی شیعرەکانیەوە گوتی: "زیاتر داستانە شیعر دەنووسم، واتە شیعرەکانم لەسەر شێوازی گێرانەوەیە، لە پاڵ نووسینی شیعریشدا کورتە چیرۆک و دەقی شانۆیی دەنووسم و هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە کە حەزێکی زۆرم ھەیە بۆ شانۆ، بۆیە لە کاتی پێویستدا دەینووسم ، بەڵام خولیا و حەزی من زیاتر لەسەر نووسینی شیعرە و هەر خۆشم تاکە هاوکاری خۆمم لەبەرئەوەی ئەگەر کەسێک یارمەتیم بدات پێموایە ناتوانم خاوەنداریەتی نووسینەکە بکەم و ھیچ چێژێکی لێ نابینم، تا ئێستەش پێنج کاری شانۆییم کردووە و لە سەرجەمیان رۆلی سەرەکیم بینیووە و دوو لە دەقە شانۆییەکانیش لە نووسینی خۆم بوون ".

 

چرا باسی لە ئەوەش کرد" بەهۆی ئەوەی دەرفەتێکی باش نەبووە تا ئێستا نەمتوانیوە هیچ لە ئەزموونی شیعرەکانم بکەم بە نامیلکەیەک یاخود بڵاوی بکەمەوە، لەبەر ئەوە تەنیا لە لاپەرەی تایبەتی خۆم لە فەیسبووک بڵاوی دەکەمەوە بە شێوەی ڤیدیۆی تۆمار کراو ھەرچەندە ئەو شێوازە حەزی خۆمە، بەڵام خەڵکیش زۆر داوا دەکەن ، بێگومان ھەموو شیعرەکانی خۆمم خۆش دەوێت و ھەموویان وەک و یەک دەستخۆشیان پێشکەش کراوە لە لایەن هەوادارانمەوە".

دەشڵێت: "هەوادارانی شیعرەکانم لە سەرجەم چین و توێژەکانن، بەڵام بەداخەوە لێرە ھونەر و نووسین ناتوانن بژێوی ژیان دابین بکەن".

ئەو خانمە شاعیرە زیاتر گوتی: "پێم وایە بوون بە شاعیر بۆ خانمان سەخت نەبێت، تەنیا کەمێک بوێری پێویستە، ئەوەش لەبەر قسەی کۆمەڵگە نا، بەڵکو لەبەر دڵنیا بوون لە توانای خۆت و پەیامی منیش بۆ خانمان ئەوەیە داوایان لێ دەکەم بوێر بن بۆ سەلماندنی توانای خۆیان".