كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەرى چاکسازیى گەورانى هەولێر: هیچ سزادراوێک بە هۆى مانگرتنەوە گیانى لەدەست نەداوە

بەڕێوەبەرى چاکسازیى گەورانى هەولێر رەتیکردەوە هیچ سزادراوێک بە هۆى مانگرتنەوە گیانى لەدەستدابێ و دەڵێ ئەو دوو راگیراوەى گیانیان لەدەستداوە هۆکار و کات و شوێنى مردنیان دیارە.

هێمن فاروق، بەڕێوەبەرى چاکسازیى گەورانى هەولێرى سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "ماوەى هەفتەیەکە ژمارەیەک سزادراو، کە تاوانى جۆراوجۆیان ئەنجامداوە مانیان گرتووە لە ناو چاکسازیى گەورانى هەولێر، چەند داواکارییەکیان هەیە کە پەیوەندى بە پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێمەوە هەیە، لەوانەش دەرکردنى بڕیارى لێبوردنى گشتى بە ئامانجى ئازادبوونیان لە زیندان".

راشیگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەش کە باس لە گیانلەدەستدانى دوو زیندانیى دەکەن بەهۆى مانگرتنەوە دوورن لە راستى و هیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە هۆکار و کات و شوێنى مردنى ئەو دوو کەسە دیارە، یەکێکیان نەخۆشى ئیفلیجى دەماغى هەبوو دواى مانەوەى مانگێک لە نەخۆشخانە گیانى لەدەست دا، ئەوەى تریان لە خەودا گیانى لەدەستداوە، هەر زیندانییەکیش لاى ئێمە بمرێت تەرمەکەى رەوانەى پزیشکى دادوەرى دەکرێت بەمەبەستى دیارکردنى هۆکارى مردنەکەى".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" مانگرتنەکەى سزادراوان دوێنێ شەممە کۆتایی پێهات، ئەمەش دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابردوو لێژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى کوردستان سەردانى چاکسازیى گەورانى هەولێریان کرد و لەنزیکەوە گوێیان بۆ داواکارییەکانى مانگرتوان گرت و بەڵێنیان پێدان بەپێى یاسا ئەوەى بکرێت بۆیان ئەنجام بدەن، ئێمەش نووسراوێکمان ئاراستەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى کردووە و ئاماژەمان بە داواکاریى مانگرتووان کردووە".