ئەمە چیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

 

ساڵی 2010 ئەندامی كۆنگرەی 3ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووم، لەناو ئەو لیژنانەی كە لەو كۆنگرەیەدا دروست كران پێم خۆش بوو لە لیژنەی پێڕە و پرۆگرامدا بم، دوای ئەوەی كە گفتوگۆكان بۆ ڕەشنووسی پێڕە و و پرۆگرام تەواو بوون و ئینجا بۆ گفتوگۆكردنی كۆتایی ھێنرایە لای گشت ئەندامانی ئەو لیژنەیە كە زیاتر لە 50 ئەندام كۆنگرە بوون و دكتۆر فواد مەعسووم سەرۆكی ئەو لیژنەیە بوو، كۆمەڵێك كەسی بنەڕەتیی یەكێتییش ھەر لەو لیژنەیەدا ئەندام بوون، دەست كرا بە خوێندنەوەی مادە و بڕگەكانی ئەو ڕەشنووسە، دوای ئەوەی خوێندنەوە تەواو بوو، دەرگای پرسیار و گفتوگۆكردن كرایەوە، سێیەم كەس ناوی من نووسرا، كە نۆرەم ھات من ڕووم كردە دكتۆر فواد مەعسووم و وتم: “لەم ڕەشنووسی پرۆگرامەی یەكێتیدا كوا مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان؟ ئایا نەمانی مافی بڕیاردانی چارەنووس لەبەر ئەوەیە كە عێراق بووەتە دەوڵەتێكی دیموكراسی و دەوڵەتی ھاووڵاتی و ئیتر مافی بڕیاردانی چارەنووس پێویست ناكات و كورد حەسایەوە؟ یان ئەگەر وا نییە بۆچی ئەو مافە جێگیر نەكراوە؟”. دكتۆر فواد مەعسووم ئەو سەرنجەی منی نووسی، بەڵام ئەو ھۆڵەی كە ئەو لیژنەیەی پێڕە و پرۆگرامی یەكێتیی تیا كۆ بووەوە كش و مات بوون، جا ھەر بەڕاستی لەو ڕۆژەوە من گومانێكی گەورەم لەسەر یەكێتی لا دروست بوو، خۆ ئەگەر تەنھا لەبەر خاتری جەنابی مام جەلال نەبوایە دوای ئەوە ھۆڵی كۆنگرەم بەجێ دەھێشت و بە ھیچ جۆرێك بەلای یەكێتیدا نەدەچوومەوە، چونكە من لەسەر بەشی جەنابی مام جەلال ئەندامی ئەو كۆنگرەیە بووم.

ئینجا ئێوە سەیر كەن دوای 7 ساڵ بەسەر كۆنگرەی 3ی یەكێتیدا، خیانەتی 16 ی ئۆكتۆبەر دەكرێت كە بەتەواوی دژی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان بوو، چونكە لە 25 – 9 – 2017 دا گەلی كوردستان لە ڕاپرسییەكی ڕاستەوخۆدا بڕیاری لە چارەنووسی خۆی دا كە نایەوێت لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتی عێراقەدا بژی، كەچی لە دژی ئەو بڕیارە بەشێك لە یەكێتی لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان ھێرشیان بۆ سەر گەلی كوردستان ھێنا و نیوەی باشووری كوردستان كەوتە دەست حەشدی شەعبی، كەواتە ئەو گومانەی من كە لە بەرامبەر یەكێتی و ھەر لە ساڵی 2010 وە و لە كۆنگرەی 3 وە دروست بوو لە شوێنی خۆی بوو ناحەقم نەبوو، دیسان ئێوە سەیر كەن ئینجا لە ساڵی 2020دا یەكێتی لە ھەموو داوودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان بەشدارە. لە سەرۆكایەتیی ھەرێم جێگری سەرۆكی ھەرێمی ھەیە، لە سەرۆكایەتیی حكوومەت جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەیە، ئەمە بێجگە لە وەزیر و بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكارەكان و ئیتر بڕۆ بۆ خوارتر، لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەرۆكی پەرلەمانی ھەیە، كەچی لەجیاتی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت ھاوسەرۆكێكی یەكێتی دێت بۆ ھەولێر لەگەڵ كونسوڵخانەكان كۆدەبێتەوە، ھەرچەندە 20 كونسوڵخانە نەچوون بۆ ئەو كۆبوونەوەیە و تەنھا 7 كونسوڵخانە چوون و لەو 7 كونسوڵخانەیەش نە ئەمەریكای تیابوو نە یەك دەوڵەتی دراوسێی عێراق و نە یەك دەوڵەتی عەرەبییش! ئینجا ھەر ئەم ھاوسەرۆكە دێت بەردی بناغەی یەك قوتابخانە لە گەڕەكێكی ھەولێر دادەنێت و ئەم كارەش بێ ئاگاداری و لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە و شارەوانیە و ئەگەر ڕەزامەندی و ڕێنماییەكانی ئەو دوو وەزارەتەی حكوومەتیش نەبێت، فیل نیە ئەو قوتابخانەیە بكات بە قوتابخانە. جا باشە ئایا ئەم یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە لەسایەی ئەمانەدا بەرەو كوێ دەڕوات؟ ھەی خوا مەرگ!